بۆ یەكەمجار لەكوردستان پاڵەوانێتی زۆرانبازی وڵاتانی عەرەبی لە سلێمانی بەڕێوەدەچێت

ناوخۆیی :: 08/10/2019‌ :: 119‌ جار بینراوە
dwarozh


دواڕۆژ، ئەردەڵان محەمەد

بۆ یەكەمجار لەسەر ئاستی كوردستان بەتایبەتی شاری سلێمانی پاڵەوانێتیی زۆرانبازی وڵاتانی عەرەبی بەبەشداری زیاتر لە10هەڵبژاردە لەهۆڵی كۆلیجی پەروەردەی وەرزشی زانكۆی سلێمانی ئەنجام دەدرێت.
پاڵەوانێتیەكە بۆ هەردوو جۆری سەربەست‌و رۆمانی بۆ كوڕان‌و كچان بۆ ئاستەكانی تازەپێگەیشتووان‌و لاوان بەسەرپەرشتی یەكێتی زۆرانبازی وڵاتانی عەرەب‌و بەهاوكاری یەكێتی زۆرانبازی عێراق‌و لقی سلێمانی یەكێتیەكە بەڕێوەدەچێت.
ڕێبوار محەمەد ئەندامی یەكێتی زۆرانبازی عێراق تایبەت بەدواڕۆژ ئەوەی ئاشكرا كرد:"ئێمە وەك ئەندامانی كوردی یەكێتی زۆرانبازی عێراق هەوڵەكانمان بۆ ئەوەیە كە ئەم یارییە بەرەو پێش ببەین دوای هەوڵ‌و ماندووبوونێكی زۆر توانییمان ئەم پاڵەوانێتیە بێنینە شاری سلێمانی، بۆیە جێی خۆیەتی زۆر سوپاسی دیار سدیق جێگری سەرۆكی لیژنەی ئۆڵۆمپی كوردستان‌و هەردە رەئوف بەرپرسی نوێنەرایەتی سلێمانی لیژنەی ئۆڵۆمپی بكەین كە زۆر هاوكارمان بوو لەبەرێوەبردنی ئیش‌و كارەكان.
  رێبوار ئەوەشی خستەڕوو" دوای ئەوەی راپۆرتی خۆمان بەرزكردەوە بۆ یەكێتی زۆرانبازی عەرەب بۆ بەڕێوەچوونی پاڵەوانێتیەكە ئەوانیش بەخۆشحاڵییەوە بەداواكەمان رازیبوون، لەئێستاشدا سەرجەم ئامادەكاریەكان تەواوبووە بۆ بەڕێوەچوونی پاڵەوانێتی بۆ كوڕان‌و كچان بۆ ئاستەكان تازەپێگەیشتووان‌و لاوانە بۆ هەردوو جۆری سەربەست‌و رۆمانی.
ئەندامە كوردەكەی یەكێتی زۆرانبازی عێراق وتیشی:" لەپاڵەوانێتیەكەدا زیاتر لە10هەڵبژاردەی وڵاتانی عەرەب بەشدارن‌و هەڵبژاردەی عێراقیش یەكێكە لەتیپە بەشداربووەكان كە پێكهاتەكەی بەچەندین یاریزانی كورد بەهێز كردووە‌و لەماوەی رابردوو كەمپی مەشقمان بۆ ئەنجامداون، بۆیە زۆر گەشبینم پێیان‌و هیوادارم بتوانن چەندین مەدالیا بۆ هەڵبژاردەی عێراق بەدەست بێنن.
بۆ یەكەمجارە لەسەر ئاستی كوردستان پاڵەوانێتی لەسەر ئاستی وڵاتانی عەرەبی ئەنجام دەدرێت‌و بەرپرسانی وەرزشی كوردستانیش رایدەگەیەنن لەهەوڵەكانیان بەردەوام دەبن بۆ ئەوەی بتوانن لەسەر ئاستی كیشوەری میوانداری پاڵەوانێتیەكان بكەن.


created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure