دوو یاریزانی شاری هەولێر وەک نوێنەری عێراق بەشداری پاڵەوانیەتی نێودەوڵەتی بادمنتۆن دەکەن

ناوخۆیی :: 07/10/2019‌ :: 119‌ جار بینراوە
dwarozh


دواڕۆژ، ئاری عەبدوڵڵا

وا بڕیارە لە رێککەوتی ٨ ـی تشرینی یەکەم لە وڵاتی ئەندەنوسیا پاڵەوانیەتی نێودەوڵەتی بادمنتۆن بۆ یاریزانانی ٧ وڵات ئەنجامبدرێت و شاندێکی هەڵبژاردەی عێراقیش بە دوو یاریزانی کوردەوە لەم پاڵەوانیەتیە بەشدارن.

رۆژی  یەکشه‌ممه‌ رێککەوتی ٥ ـی تشرینی یەکەم،  هه‌ڵبژارده‌ی عیراق لە یاری بادمنتۆن له ئاستی‌ خوار ته‌مه‌ن ١٧ ساڵ و ١٥ ساڵ به‌ره‌و وڵاتی ئه‌ندەنوسیا به‌رێكه‌وتن بۆ به‌شداریكردن له‌ پاڵه‌وانیه‌تی نێوده‌وڵه‌تی ئه‌ندەنوسیا کە لەسەر ئاستی جیهان پاڵەوانیەتیەکی باوەڕپێکراوە و باشترینەکانی جیهان تیایدا بەشداردەبن.

شاندی هەڵبژاردەی بادمنتۆنی عێراق بە چوار یاریزان لەم پاڵەوانیەتیە بەشدارە کە دوانیان کوردن و لە ریزەکانی یانەی ئەکاد ـن.

هەردوو یاریزان (یانی باسل) و (یوسف موفید) کە یاریزانی کریستیانی یانەی ئەکاد ـن لە تەمەنەکانی خوار ١٧ ساڵ و ١٦ ساڵ بە نوێنەرایەتی هەڵبژاردەی عێراق.

هەڵبژاردەی عێراق لە چوار یاریزان پێکهاتووە کە دوانیان کوردن و یاریزانێک خەڵکی شاری بەغدادە و ئەوەی تریان دانیشتووی شاری حللەیە.

لە لێدوانێکی تایبەتدا بۆ دواڕۆژ، (نادر مەجید) سەرۆکی لقی هەولێری یەکێتی بادمنتۆنی عێراق ئاماژەی بەوەدا: "دەستنیشانکردنی ئەم چوار یاریزانە بۆ نوێنەرایەتیکردنی هەڵبژاردەی عێراق لەسەر بنەمای ئەنجامەکانیانە لە پاڵەوانیەتیەکانی عێراق جگە لەوەی پۆلێنیان بۆ کرایەوە و لە باشترینەکان بوون و هەر ئەمساڵ بە نوێنەرایەتی عێراق بەشداری چەندین پاڵەوانیەتی ئاسیایی و عەرەبی و رۆژئاوای ئاسیایان کرد و پلەکانی پێشەوەیان مسۆگەرکرد".
نادر وتیشی: "مایەی شانازییە لە ئێستادا لە سەرجەم ئاست و تەمەنەکان، شاری هەولێر (٨) یاریزانی لە ریزی هەڵبژاردەی عێراقە لە یاری بادمنتۆن".


created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure