فه‌رشاد له‌ سێ یاری پڕۆ لیگ بێبه‌ش كرا

کوردە پیشەگەرەکان :: 01/10/2019‌ :: 401‌ جار بینراوە
dwarozh


دواڕۆژ سپۆرت
ئا: سه‌نگه‌ر زرار
به‌هۆی رووداوه‌كانی یاری دێربی ژماره‌ 90ی نێوان هه‌ردوو یانه‌ی پێرسپۆلیس و ئیستقلال، ناوڕاستكاره‌ كورده‌كه‌ی یانه‌ی پێرسپۆلیس (پیرۆزی) تاران بۆ 3 یاری داهاتووی یانه‌كه‌ی له‌خولی پیشه‌گه‌رانی تۆپی پێی یانه‌كانی ئێران (پڕۆ لیگ) بێبه‌ش كرا.
فه‌رشاد ئه‌حمه‌دزاده‌-ی ناوه‌ڕاستكاری لاوی كوردی یانه‌ی پێرسپۆلیس كه‌ رۆژی 22ی مانگی ئه‌یلولی رابردوو له‌میانه‌ی یارییه‌كانی هه‌فته‌ی چواره‌می پڕۆ لیگی یانه‌كانی ئێران و له‌یاری نێوان یانه‌كه‌ی و یانه‌ی ئیستقلال له‌یاریگای ئازادی له‌تاران جڵه‌وی خۆی له‌ده‌ستدا و ره‌فتاریی ناوه‌رزشیی كرد، به‌مه‌ش لیژنه‌ی سزاكان له‌یه‌كێتی تۆپی پێی ئێران بڕیاریدا یاریزانی ناوبراو له‌ 3 یاری یانه‌ی پێرسپۆلیس بێبه‌ش بكات.
ئه‌مه‌ش له‌كاتێكدایه‌ كه‌لیژنه‌ی سزاكانی یه‌كێتی تۆپی پێی ئێران راسته‌وخۆ له‌پاش كۆتایی هاتنی یاری دێربی پڕۆ لیگی یانه‌كانی ئێران 1-0 له‌به‌رژه‌وه‌ندی یانه‌ی پێرسپۆلیس، به‌هۆی شه‌ڕی نێوان فه‌رشاد و رۆزبه‌ چشمی یاریزانی یانه‌ی ئیستقلال، بڕیاری راگرتنی فه‌رشاد ئه‌حمه‌دزاده‌-ی له‌یاری كردن تا كاتێكی نادیار راگه‌یاند، پاش ئه‌وه‌ی ئه‌م یاریزانه‌ سزادراوه‌ له‌یاری هه‌فته‌ی پێنجه‌می پڕۆ لیگ به‌رامبه‌ر به‌یانه‌ی سیپاهان ئه‌سفه‌هان بێبه‌ش بوو كه‌ یانه‌كه‌ی 0-2 دۆڕا، له‌دوابڕیاری یه‌كێتییه‌كه‌دا له‌ 3 یاری تریش ناتوانێت یارمه‌تی یانه‌ سوورپۆشه‌كه‌ی پایته‌خت بدات.


به‌پێی ئه‌م بڕیاره‌ نوێیه‌ش بێت، یانه‌ی پێرسپۆلیس-ی تاران له‌هه‌ر 3 یاری داهاتووی له‌خولی پیشه‌گه‌رانی تۆپی پێی یانه‌كانی ئێران (پڕۆ لیگ)، به‌رامبه‌ر به‌یانه‌كانی شه‌هرخودرو له‌هه‌فته‌ی 6 و په‌یكان له‌هه‌فته‌ی 7 و شاهین شاره‌داریی بوشه‌هر له‌هه‌فته‌ی 8 له‌تواناكانی فه‌رشاد ئه‌حمه‌دزاده‌-ی ته‌مه‌ن 27 ساڵ بێبه‌ش ده‌بێت.


جێی به‌بیرهێنانه‌وه‌یه‌ فه‌رشاد ئه‌حمه‌دزاده‌ رۆژی 23-9-1992 له‌شاری ورمێ-ی رۆژهه‌ڵاتی كوردستان له‌دایكبووه‌ و له‌میركاتۆی هاوینی ئه‌مساڵدا یانه‌ی شلاوسك فرۆتسلاف له‌خولی نایابی یانه‌كانی پۆڵه‌ندا به‌جێهێشت و گه‌ڕایه‌وه‌ پڕۆ لیگی یانه‌كانی ئێران و له‌هاوینی 2019ه‌وه‌ تا هاوینی 2022 په‌یوه‌ندی یه‌یانه‌ی پێرسپۆلیس-ه‌وه‌ كرد و تائێستاش له‌وه‌رزی 2019-2020ی پڕۆ لیگدا تائێستا ته‌نها 2 یاری له‌گه‌ڵ یانه‌كه‌ی ئه‌نجامداوه‌ و 49 خوله‌كیش به‌درێسی ژماره‌ 10 له‌هێڵی ناوه‌ند یاری كردووه‌.


created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure