به‌ڤیدیۆ: هێرشبه‌ره‌ به‌ئه‌زموونه‌كه‌ى كورد بووه‌ فریادڕه‌سى یانه‌كه‌ى

کوردە پیشەگەرەکان :: پێش 3 هەفتە ‌ :: 247‌ جار بینراوە
dwarozh


دواڕۆژ سپۆرت
ئا: سه‌نگه‌ر زرار

موسته‌فا حه‌سه‌ن-ى هێرشبه‌رى پیشه‌گه‌ر و به‌ئه‌زموونى كوردى دانیشتووى دانیمارك له‌دواخوله‌كى دوایارى یانه‌كه‌ى له‌خولى پله‌ یه‌كى تۆپى پێى یانه‌كانى نه‌رویژ (ئۆبۆس لیگ)دا فریاى یانه‌كه‌ى كه‌وت و له‌دۆڕاندنێكى مسۆگه‌ر رزگاریی كرد.

 موسته‌فا حه‌سه‌ن-ى هێرشبه‌ر كوردى دانیمارك كه‌ ته‌مه‌نى 29 ساڵه‌ و ماوه‌ى 2 ساڵه‌ بۆ یانه‌ى سكاید ئۆسلۆ-ى نه‌رویژى یارى ده‌كات، (رۆژى 30ى ئه‌یلولى 2019) له‌یارییه‌كانى هه‌فته‌ى 25ى قۆناغى دووه‌مى خولى پله‌ یه‌كى یانه‌كانى نه‌رویژ بۆ ساڵى 2019، به‌شێوه‌ى یه‌ده‌گ به‌شداریی له‌یارى نێوان یانه‌كه‌ى و یانه‌ى سترۆمین-ى كرد و نیوه‌ى یه‌كه‌مى یارییه‌كه‌ هه‌ردوولا به‌بىچ گۆڵ له‌یاریگا هاتنه‌ ده‌ره‌وه‌ و له‌خوله‌كى 59ى نیوه‌ى دووه‌مى یارییه‌كه‌دا سیڤێرت گوسیاس یانه‌ى سترۆمین-ى میوانى كرده‌ خاوه‌نى گۆڵى یه‌كه‌م و یارى به‌م ئه‌نجامه‌ درێژه‌ى هه‌بوو، موسته‌فا حه‌سه‌ن له‌خوله‌كى 82ى یارییه‌كه‌دا له‌شوێنى هینینگ ئه‌ندریسن-ى هاوڕێى هاته‌ نێوكه‌شى یارییه‌كه‌ و توانى له‌ماوه‌ى 9 خوله‌ك یارى كردندا ئه‌زموون و تواناكانى خۆى پیشان بدات و له‌خوله‌كى 90دا گۆڵى به‌رامبه‌رى 1-1 بۆ یانه‌ى سكاید تۆماربكات و یانه‌كه‌شى له‌دۆڕاندنێكى مسۆگه‌ر رزگاربكات و خاڵێكى به‌نرخیی پێ ببه‌خشێت.

موسته‌فا كه‌ له‌شارى هه‌ولێر له‌دایكبووه‌ و ره‌گه‌زنامه‌ى دانیماركى هه‌یه‌، توانى پاش ئه‌نجامدانى 10 یارى و 245 خوله‌ك یارى كردن له‌ئۆبۆس لیگى یانه‌كانى نه‌رویژ یه‌كه‌م گۆڵى خۆى له‌مساڵدا بۆ یانه‌كه‌ى تۆماربكات و به‌وه‌رگرتنى ئه‌م خاڵه‌ش یانه‌كه‌ى هیواى مانه‌وه‌ له‌خوله‌كه‌ له‌ده‌ست نه‌دات كه‌ ئێستا به‌ 18 خاڵ له‌ 25 یارى (3 بردنه‌وه‌، 9 یه‌كسانبوون، 13 دۆڕاندن) و (27-41 گۆڵ) له‌خانه‌ى 15 و پێش كۆتایی ریزبه‌ندى خوله‌كه‌ دایه‌ و هێشتا مه‌ترسیی دابه‌زینى بۆ خولى پله‌ دوو هه‌یه‌ و 5 یارى داهاتووى له‌خوله‌كه‌ چاره‌نووسى به‌مانه‌وه‌ و دابه‌زین دیارى ده‌كات.

 پاش تۆماركردنى گۆڵى به‌رامبه‌ر بۆ یانه‌كه‌ى و یه‌كه‌م گۆڵى خۆشى، موسته‌فا حه‌سه‌ن-ى هێرشبه‌رى یانه‌ى سكاید ئۆسلۆ-ى نه‌رویژى به‌وێبسایتى فه‌رمیی یانه‌كه‌ى راگه‌یاند و وتى: زۆر خۆشحاڵم كه‌ توانیمان خاڵێكى یارییه‌كه‌ له‌به‌رژه‌وه‌ندى یانه‌ى سكاید ده‌سته‌به‌ربكه‌ین و ئه‌نجامه‌كه‌ بۆ 1-1 بگۆڕین، ئه‌مه‌ش ئه‌نجامێكى گرنگ بوو بۆ ئێمه‌ و هیواى پێ به‌خشینه‌وه‌ كه‌ نه‌هێڵین یانه‌كه‌مان داببه‌زێت.

 

ڤیدیۆکە لێرەوە ببینن


created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure