فه‌رهاد یه‌ك گۆڵی تۆمار و یه‌كێكی تریشی سازكرد و مه‌هدی بووه‌ خاوه‌نی یه‌كه‌م گۆڵ

کوردە پیشەگەرەکان :: 30/09/2019‌ :: 426‌ جار بینراوە
dwarozh


دواڕۆژسپۆرت
ئا: سه‌نگه‌ر زرار
ئه‌م هه‌فته‌یه‌ له‌خولی پله‌ یه‌كی تۆپی پێی سه‌رتاسه‌ریی یانه‌كانی سوید (سوپێرتان)ی ساڵی 2019دا، ناوه‌ڕاستكاره‌ كورده‌كه‌ گۆڵێكی تری بۆ یانه‌ی دیگرفۆر ئای ئێف كرد و یه‌ك گۆڵیشی بۆ كریستۆس گراڤیۆس-ی هاوڕێی سازكرد و به‌یه‌كه‌وه‌ بردنه‌وه‌ی ژماره‌ 12ی خوله‌كه‌یان پێشكه‌شی یانه‌كه‌یان كرد.
(ئه‌مڕۆ دووشه‌ممه‌ 30ی ئه‌یلولی 2019) یانه‌ی دیگرفۆر ئای ئێف به‌به‌شداریی سه‌ره‌كی فه‌رهاد ئه‌یاز له‌سه‌ر یاریگای خۆی (ستۆرا ڤالا) و له‌یارییه‌كانی هه‌فته‌ی 26ی قۆناغی دووه‌می خولی پله‌ یه‌كی تۆپی پێی سه‌رتاسه‌ریی یانه‌كانی سوید (سوپێرتان)، میوانداریی له‌یانه‌ی سریانسكا كرد و سه‌ره‌نجامی یارییه‌كی به‌هێزیش توانی 2-0 براوه‌بێت.
 فه‌رهاد ئه‌یاز-ی یاریزانی لاوی كوردی باكووری كوردستان له‌م یارییه‌دا ماوه‌ی 80 خوله‌ك به‌شێوه‌ی سه‌ره‌كی به‌شداریی كرد و له‌خوله‌كی 3ی سه‌ره‌تای یارییه‌كه‌دا توانی گۆڵی یه‌كه‌می یانه‌كه‌ی له‌م یارییه‌ و دووه‌می خۆی له‌خوله‌كه‌دا تۆماربكات و له‌خوله‌كی 75ی نیوه‌ی دووه‌می یارییه‌كه‌ش پاسێكی دا به‌ كریستۆس گراڤیۆس-ی هاوڕێی و ئه‌میش گۆڵی دووه‌می یانه‌ی دیگرفۆر-ی پێ تۆماركرد و یارییه‌كه‌شیان به‌م ئه‌نجامه‌ 2-0 برده‌وه‌ و یانه‌كه‌یان كرده‌ خاوه‌نی 41 خاڵ له‌ 26 یاری (12 بردنه‌وه‌، 5 یه‌كسانبوون، 9 دۆڕاندن) و (38-31) گۆڵ و سه‌ره‌ڕای بردنه‌وه‌ش هه‌ر له‌خانه‌ی شه‌شه‌می ریزبه‌ندی خوله‌كه‌دا مایه‌وه‌.
جێی به‌بیرهێنانه‌وه‌یه‌ فه‌رهاد ئه‌یاز-ی ته‌مه‌ن 24 ساڵ و یاریزانی لاوی هێڵی ناوه‌ندی یانه‌ی دیگرفۆر ئای ئێف كه‌ درێسی ژماره‌ 8ی یانه‌كه‌ی ده‌پۆشێت، تائێستا له‌ 9 یاری له‌گه‌ڵ یانه‌ی دیگرفۆر ئای ئێف له‌سوپێرتانی ساڵی 2019ی یانه‌كانی سوید ده‌ركه‌وتووه‌ و 2 گۆڵی بۆ یانه‌كه‌ی تۆمار و 1 گۆڵیشی سازكردووه‌.



*یه‌كه‌م گۆڵی كاپتنه‌ كورده‌كه‌ی یانه‌ی سیپاهان
له‌لایه‌كی تره‌وه‌ كاپتنه‌ كورده‌كه‌ی یانه‌ی سیپاهان ئه‌سفه‌هان به‌تۆماركردنی گۆڵێك له‌گه‌ڵ هاوڕێكانی یانه‌كه‌ی په‌ڕانده‌وه‌ قۆناغی 16 تیپی خولی تۆپی پێی جامی یانه‌كانی ئێران. 
(ئه‌مڕۆ دووشه‌ممه‌ 30ی ئه‌یلولی 2019) یارییه‌كانی تری قۆناغی 32 تیپی خولی تۆپی پێی جامی یانه‌كانی ئێران به‌ڕێوه‌چوون و ناسنامه‌ی ته‌واوی یانه‌ سه‌ركه‌وتووه‌كانی قۆناغی داهاتووی خوله‌كه‌ ده‌ركه‌وت و یه‌كێك له‌یانه‌ سه‌ركه‌وتووه‌كانی قۆناغه‌كه‌ش، یانه‌ی سیپاهان ئه‌سفه‌هان بوو كه‌ به‌سه‌ركردایه‌تی مه‌هدی كیانی كوردی له‌ك له‌ده‌ره‌وه‌ی یاریگای خۆیدا به‌ئه‌نجامی 3-1 له‌یانه‌ی خه‌یبه‌ری خوره‌ماباد-ی برده‌وه‌ و گۆڵی دووه‌میش به‌واژووی كاپتن مه‌هدی كیانی بوو كه‌ له‌خوله‌كی 80ی نیوه‌ی دووه‌می یارییه‌كه‌ تۆماری كرد.
مه‌هدی كیانی ته‌مه‌ن 32 ساڵ كاپتنی به‌ئه‌زموونی یانه‌ی سیپاهان ئه‌سفه‌هان كه‌ له‌هێڵی ناوه‌ند ژماره‌ی درێسی 6 ده‌پۆشێت، له‌م وه‌رزه‌ی خوله‌كانی تۆپی پێی ئێران و به‌دیاری كراوی له‌م یاری ئه‌مڕۆدا توانی یه‌كه‌م گۆڵی خۆی تۆماربكات، ئه‌مه‌ش پاش ئه‌نجامدانی 5 یاری و 450 خوله‌ك یاری كردن له‌خولی پیشه‌گه‌رانی تۆپی پێی یانه‌كانی ئێران (پڕۆ لیگ) و (1 یاری و 90 خوله‌ك یاری و 1 گۆڵ) له‌خولی جامی یانه‌كانی ئێران.

 


created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure