میركۆ سێ خاڵ و سێیه‌م بردنه‌وه‌ی بۆ یانه‌كه‌ی ده‌سته‌به‌ركرد

کوردە پیشەگەرەکان :: 29/09/2019‌ :: 128‌ جار بینراوە
dwarozh



دواڕۆژ سپۆرت
ئا: سه‌نگه‌ر زرار

له‌یارییه‌كانی هه‌فته‌یه‌كی نوێی خولی پله‌ یه‌كی تۆپی پێی یانه‌كانی توركیا میركان ئایدن-ی هێرشبه‌ری به‌ئه‌زموونی كورد سێ خاڵ و سێیه‌م بردنه‌وه‌ی ئه‌م وه‌رزه‌ 2019-2020ی پێشكه‌شی یانه‌كه‌ی كرد.
ئه‌مڕۆ یه‌كشه‌ممه‌ 29ی ئاداری 2019 له‌یارییه‌كانی هه‌فته‌ی شه‌شه‌می خولی پله‌ یه‌كی تۆپی پێی یانه‌كانی توركیا-ی وه‌رزی 2019-2020، یانه‌ی هاتای سپۆر له‌سه‌ر یاریگای خۆی و به‌به‌شداریی سه‌ره‌كی میركان ئایدن (میركۆ)ی هێرشبه‌ری پیشه‌گه‌ریی كورد میوانداریی له‌یانه‌ی ئیسكیشێر سپۆر كرد و سه‌ره‌نجامی یارییه‌كی به‌هێزیش توانی به‌گۆڵێكی بێبه‌رامبه‌ر براوه‌بێت و گۆڵه‌كه‌ش (میركۆ) تۆماری كرد.
له‌نیوه‌ی یه‌كه‌مدا سه‌ره‌ڕای هێرشه‌كان، هه‌ردوولا به‌بێ گۆڵ له‌یاریگا هاتنه‌ ده‌ره‌وه‌، به‌ڵام له‌نیوه‌ی دووه‌م و له‌خوله‌كی 58ی یارییه‌كه‌دا میركان ئایدن-ی هێرشبه‌ری به‌ئه‌زموونی كوردی ئه‌ڵمانیا كه‌ ته‌مه‌نی 32 ساڵه‌، توانی تاكه‌ گۆڵی بردنه‌وه‌ی یانه‌ی هاتای سپۆر تۆماربكات و به‌شێوه‌یه‌كی كاتی یانه‌كه‌ی بگه‌یه‌نێته‌ پله‌ی چواره‌می خوله‌كه‌.
میركان ئایدن كه‌ كوردی باكووره‌ و له‌شاری هاتینگن-ی ئه‌ڵمانیا له‌دایكبووه‌ و باڵای 188 سانتیمه‌تره‌، له‌م یارییه‌دا 90 خوله‌ك به‌شێوه‌ی سه‌ره‌كی یاری كرد و جگه‌ له‌وه‌ی بردنه‌وه‌ی پێشكه‌شی یانه‌ی هاتای سپۆر كرد، به‌درێسی ژماره‌ 9، توانی سێیه‌م گۆڵی خۆی له‌وه‌رزی 2019-2020ی خولی پله‌ یه‌كی یانه‌كانی توركیا تۆماربكات، ئه‌مه‌ش له‌كۆی 6 یاری و 519 خوله‌ك یاری كردندا.
جێی به‌بیرهێنانه‌وه‌یه‌ پاش ئه‌م سه‌ركه‌وتنه‌، یانه‌كه‌ی میركۆ-ی هێرشبه‌ر بووه‌ خاوه‌نی 11 خاڵ له‌ 6 یاری (3 بردنه‌وه‌، 2 یه‌كسانبوون، 1 دۆڕاندن) و 9 گۆڵی تۆماركردووه‌ و 5 گۆڵی لێكراوه‌ و 4 گۆڵی زیاده‌ی هه‌یه‌.

 

 


created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure