وه‌رزشكاره‌ زێڕین و بێ ركابه‌ره‌كه‌ی كورد بانگه‌شه‌ بۆپارائۆڵۆمپیادی تۆكیۆ ده‌كات

کوردە پیشەگەرەکان :: 28/09/2019‌ :: 180‌ جار بینراوە
dwarozh


دواڕۆژ سپۆرت
ئا: سه‌نگه‌ر زرار
وه‌رزشكاره‌ پاڵه‌وان و به‌هێز و زێڕینه‌كه‌ی كورد، له‌شاری تۆكیۆ-ی ژاپۆنه‌وه‌ هه‌ڵمه‌ت و كه‌مپینی بانگه‌شه‌كردن و ناساندنی بۆ یارییه‌كانی پارائۆڵۆمپیادی هاوینه‌ی تۆكیۆ 2020ی تایبه‌ت به‌وه‌رزشكارانی خاوه‌ن پێداویستی تایبه‌ت راگه‌یاند.

 پاش ئه‌وه‌ی له‌لایه‌ن رێكخه‌رانی پارائۆڵۆمپیادی هاوینه‌ی تۆكیۆ 2020 وه‌ك پێنجه‌م و دواوه‌رزشكاری به‌ناوبانگی خاوه‌ن پێداویستی تایبه‌ت دیاری كرا تا بانگه‌شه‌ بۆ یارییه‌كانی پارائۆڵۆمپیاده‌كه‌ بكات، سیامه‌ند ره‌حمان-ی پاڵه‌وانی كورد و ئه‌ندامی هه‌ڵبژارده‌ی پاوه‌رلیفتینگی ئێران له‌شاری تۆكیۆ به‌شداریی هه‌ڵمه‌ت و كه‌مپینی بانگه‌شه‌كردن و ناساندنی كرد.

هه‌ڵمه‌ت و كه‌مپینی بانگه‌شه‌كه‌ش له‌شوێنه‌ به‌ناوبانگه‌كانی شاری تۆكیۆ-ی پایته‌خت ده‌بێت و سیامه‌ند ره‌حمان وه‌ك یه‌كێك له‌زنجیره‌ هه‌ڵمه‌ته‌كان له‌سه‌رشانۆی كابوكیزا له‌گینزا ده‌ركه‌وت و بانگه‌شه‌كانی بۆ پارائۆڵۆمپیادی تۆكیۆ ده‌ستپێكرد.

له‌باره‌ی دیاری كردنی بۆ ئه‌م كه‌مپینه‌ گه‌وره‌یه‌، سیامه‌ند ره‌حمان-ی پاڵه‌وانی نێوده‌وڵه‌تی كورد ده‌ڵێت: ئه‌وه‌ شتێكی زۆررباشه‌ به‌شێك بم له‌و كه‌مپینه‌ جوانه‌. 

سیامه‌ند ره‌حمان كه‌ له‌كێشی خۆی سه‌روو 107 كیلۆگرامدا پێشه‌نگی پارائۆڵۆمپیاد و پارائاسیاد و پاڵه‌وانێتییه‌كانی پاوه‌رلیفتینگی ئاسیا و جیهانه‌، وه‌ك خاوه‌نی ریكۆردی یاری پاوه‌رلیفتینگی پارائۆڵۆمپیادی ریۆدی جانیرۆ 2016 به‌به‌رزكردنه‌وه‌ی 310 كیلۆگرام، چاوی له‌وه‌یه‌ وه‌ك به‌هێزترین وه‌رزشكاری ئه‌م یارییه‌ له‌جیهاندا له‌پارائۆڵۆمپیادی تۆكیۆ 2020دا به‌به‌رزكردنه‌وه‌ی زیاتر له‌ 310 كیلۆگرام ریكۆردێكی تر ده‌سته‌به‌ربكات.

ره‌حمان-ی ته‌مه‌ن 31 ساڵ كه‌ له‌شاری شنۆ-ی رۆژهه‌ڵاتی كوردستان له‌دایكبووه‌ و خاوه‌ن دوو میدالی زێڕ و ریكۆردی هه‌ردوو پارائۆڵۆمپیادی له‌نده‌ن 2012 و ریۆدی جانیرۆ 2016یه‌، ئه‌مجاره‌ ئامانجی سێیه‌م میدالی زێڕ و ریكۆردێكه‌ كه‌ به‌رامبه‌ره‌كانی شۆك بكات و كه‌س نه‌توانێت پێی بگات، له‌مباره‌یه‌وه‌  زۆر به‌په‌رۆشه‌وه‌ ده‌ڵێت: هێشتا ساڵێك ماوه‌ بۆ پارائۆڵۆمپیادی تۆكیۆ، چه‌ند یارییه‌كان نزیك ده‌بنه‌وه‌ من زیاتر به‌گوڕوتین و په‌رۆش ده‌بم، له‌تۆكیۆ هه‌موو شتێك كه‌وتووه‌ته‌ نێوان من و نێوانی كێش و تۆماره‌كان، پێویسته‌ هه‌موو سنووره‌كان ببه‌زێنم.


created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure