شێروان یه‌كه‌م گۆڵی خۆی كرد و بڕوا گۆڵكه‌ری یانه‌كه‌ی بوو

کوردە پیشەگەرەکان :: 28/09/2019‌ :: 119‌ جار بینراوە
dwarozh


دواڕۆژ سپۆرت
ئا: سه‌نگه‌ر زرار

بۆ دووه‌م هه‌فته‌ له‌سه‌ریه‌ك بڕوا پشده‌ری هێرشبه‌ری كورد گۆڵ بۆ یانه‌كه‌ی ده‌كات و هه‌فته‌ی پێشوو به‌گۆڵێك یانه‌كه‌ی له‌دۆڕاندن رزگاركرد و ئه‌م هه‌فته‌یه‌ش گۆڵی خۆی كرد و له‌گه‌ڵ هاوڕێكانی بردنه‌وه‌یه‌كی به‌نرخیان به‌یانه‌كه‌یان به‌خشی و له‌ناوچه‌ی سووری دابه‌زین بۆ خولی پله‌ دوو زیاتر دووریان خسته‌وه‌. 

 بڕوا پشده‌ری هێرشبه‌ری لاوی كورد ئه‌مڕۆ شه‌ممه‌ 28ی ئه‌یلولی 2019 له‌گه‌ڵ یانه‌ی سۆلینتونا ئای ئێف به‌شێوه‌ی سه‌ره‌كی به‌شداریی له‌یارییه‌كانی هه‌فته‌ی 25ی قۆناغی دووه‌می خولی پله‌ یه‌كی تۆپی پێی یانه‌كانی سوید-ی ساڵی 2019ی بۆ تیمه‌كانی گروپی ناوچه‌ی باكوور كرد كه‌ تیایدا یانه‌كه‌ی له‌سه‌ر یاریگای خۆی (سۆلینتونا ڤاڵن/1) میوانداریی له‌یانه‌ی ساندڤیكنس ئای ئێف كرد و سه‌ره‌نجامیش 3-1 لێی برده‌وه‌ و 3 گۆڵ و 3 خاڵی لێوه‌رگرت و به‌شێوه‌ی كاتی له‌خانه‌ی 13ی ریزبه‌ندی خوله‌كه‌وه‌ به‌ 27 خاڵ گه‌یشته‌ خانه‌ی ده‌یه‌م و زیاتر له‌ناوچه‌ی سووری ریزبه‌ندی خوله‌كه‌ دووركه‌وته‌وه‌.

نیوه‌ی یه‌كه‌می یارییه‌كه‌ 1-1 به‌یه‌كسانبوونی هه‌ردوولا كۆتایی هات و له‌نیوه‌ی دووه‌م و له‌خوله‌كی 72دا بڕوا پشده‌ری توانی گۆڵی دووه‌می یانه‌ی سۆلینتونا ئای ئێف تۆماربكات و ئه‌نجامه‌كه‌ له‌به‌رژه‌وه‌ندی یانه‌كه‌ی بكاته‌ 2-1 و له‌خوله‌كی 82دا داڤید سیگێر گۆڵی سێیه‌میشی كرد و سه‌ره‌نجام 3-1 براوه‌بوون و شه‌شه‌م بردنه‌وه‌یان پێشكه‌شی یانه‌كه‌یان كرد.

بڕوا كه‌درێسی ژماره‌ 9ی یانه‌ی سۆلینتونا ئای ئێف له‌هێڵی پێشه‌وه‌دا ده‌پۆشێت، له‌یارییه‌كه‌دا 90 خوله‌ك ده‌ركه‌وت و له‌خوله‌كی 90+1دا گۆڕانكاریی پێكرا و توانیشی دووه‌م گۆڵی له‌خولی ئه‌مساڵدا بۆ یانه‌كه‌ی تۆماربكات، ئه‌مه‌ش پاش ئه‌وه‌ی هه‌فته‌ی پێشووتر یه‌كه‌م گۆڵی كرد.

ئێستا پشده‌ری ته‌مه‌ن 24 ساڵ له‌خولی پله‌ یه‌كی ئه‌مساڵی یانه‌كانی سوید له‌ 12 یاریدا 610 خوله‌ك یاری بۆ یانه‌ی سۆلینتونا ئای ئێف كردووه‌ و توانیویه‌تی 2 گۆڵیش تۆماربكات و هه‌ر ئه‌مساڵیش له‌خولی جامی یانه‌كانی سوید له‌ 1 یاری و 90 خوله‌ك یاری كردندا 2 گۆڵی تری بۆ یانه‌كه‌ی تۆماركردبوو.

*پاش 9 یاری یه‌كه‌م گۆڵی خۆی كرد
له‌لایه‌كی تره‌وه‌ هه‌ر ئه‌مڕۆ شه‌ممه‌ 28-9-2019 له‌یارییه‌كانی هه‌فته‌ی 24ی خولی پله‌ دووی تۆپی پێی یانه‌كانی سوید بۆ تیمه‌كانی گروپی ناوچه‌ی باكووری سوید (نۆرا گواتالاند)، یانه‌ی ئۆریبرۆ سریانسكا بووه‌ میوانی یانه‌ی ئای كه‌ی گوتیود و یارییه‌كه‌شی به‌ئه‌نجامی 5-2 لێ برده‌وه‌.

 له‌یارییه‌كه‌دا هه‌ردوو یاریزانی كورد دڵدار كالیسكان-ی گۆڵپارێز و شیروان به‌درخان-ی ناوه‌ڕاستكار به‌شێوه‌ی سه‌ره‌كی له‌گه‌ڵ یانه‌ی ئۆریبرۆ سریانسكا به‌شداری ئه‌م دیداره‌بوون و شێروان-ی یاریزانی لاوی كورد توانی گۆڵی سێیه‌می یانه‌كه‌ی له‌خوله‌كی 50ی نیوه‌ی دووه‌می یارییه‌كه‌دا تۆماربكات و جگه‌ له‌وه‌ی له‌گه‌ڵ هاوڕێكانی بردنه‌وه‌یه‌كی گه‌وره‌ و به‌نرخیان پێشكه‌شی یانه‌كه‌یان كرد، پێگه‌یان له‌خانه‌ی یه‌كه‌می ریزبه‌ندی گروپه‌كه‌ باشتركرد و یه‌ك هه‌نگاویشیان ماوه‌ تا یانه‌ی ئۆریبرۆ سریانسكا بۆخولی پله‌ یه‌كی یانه‌كانی سوید سه‌ربخه‌ن.

به‌مه‌ش شێروان به‌درخان-ی ته‌مه‌ن 25 ساڵ توانی له‌گه‌ڵ یانه‌ی ئۆریبرۆ سریانسكا كه‌ له‌میركاتۆی هاوینه‌دا په‌یوه‌ندی پێوه‌كردوون، پاش ئه‌نجامدانی 9 یاری، یه‌كه‌م گۆڵی خۆی تۆماربكات و یانه‌كه‌شی دوو هه‌فته‌ به‌ر له‌كۆتایی هاتنی خوله‌كه‌ به‌ 54 خاڵ له‌ 24 یاری (17 بردنه‌وه‌، 3 یه‌كسانبوون، 4 دۆڕاندن) و (68-26 گۆڵ) و (+42 گۆڵ) پله‌ی یه‌كه‌می گروپه‌كه‌ بگرێت و ته‌نها پێویستی به‌ بردنه‌وه‌ی تر هه‌یه‌ تا ببێته‌ پاڵه‌وانی گروپه‌كه‌ و بگاته‌ خولی پله‌ یه‌كی یانه‌كانی سوید-ی ساڵی 2020.


created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure