له‌سزادانی به‌رگریكاره‌ كورده‌كه‌ی هه‌ڵبژارده‌ی وڵاته‌كه‌ی پاشگه‌ز ده‌بێته‌وه‌

کوردە پیشەگەرەکان :: پێش 4 هەفتە ‌ :: 188‌ جار بینراوە
dwarozh


دواڕۆژ سپۆرت
ئا: سه‌نگه‌ر زرار
یه‌كێتی تۆپی پێی لوبنان له‌بڕیاری دوورخستنه‌وه‌ی به‌رگریكاره‌ پیشه‌گه‌ر و به‌ئه‌زموونه‌كه‌ی كورد و یانه‌ی ڤیسێل كوبه‌-ی ژاپۆنی و هه‌ڵبژارده‌ی یه‌كه‌می لوبنان پاشگه‌زده‌بێته‌وه‌ و داوه‌تی ریزی هه‌ڵبژارده‌كه‌ی وڵاته‌كه‌ی ده‌كاته‌وه‌.

 پاش ئه‌وه‌ی به‌هۆی به‌شداری نه‌كردنی له‌یه‌كه‌م یاری هه‌ڵبژارده‌ی تۆپی پێی لوبنان به‌رامبه‌ر به‌هه‌ڵبژارده‌ی كۆریای باكوور له‌پاڵاوتنه‌ هاوبه‌شه‌كه‌ی مۆندیالی 2022ی قه‌ته‌ر و پاڵه‌وانێتی تۆپی پێی جامی وڵاتانی ئاسیای 2023ی چین، له‌لایه‌ن یه‌كێتی تۆپی پێی لوبنان سزای دوورخستنه‌وه‌ی به‌سه‌ردا سه‌پێنرا، ئه‌مه‌ش له‌كاردانه‌وه‌ی دۆڕاندنی یارییه‌كه‌یان به‌ئه‌نجامی 0-2 به‌هه‌ڵبژارده‌ی كۆریای باكوور كه‌ رۆژی 5ی ئه‌یلولی 2019 له‌شاری بیۆنگ یانگ-ی كۆریا ئه‌نجامدرا، دوای تێپه‌ڕبوونی نزیكه‌ی دوو هه‌فته‌ به‌سه‌ر بڕیاره‌كه‌، ئه‌مڕۆ پێنجشه‌ممه‌ 19-9-2019 یه‌كێتی ناوبراو بڕیاره‌كه‌ی خۆی هه‌ڵوه‌شانده‌وه‌ و دووباره‌ جوان-ی ته‌مه‌ن 31 ساڵی داوه‌تی ریزی هه‌ڵبژارده‌كه‌ كرده‌وه‌.


 له‌مباره‌یه‌وه‌ یه‌كێتی تۆپی پێی لوبنان ره‌زامه‌ندی پیشاندا له‌سه‌ر گه‌ڕانه‌وه‌ی جوان عومه‌ری به‌رگریكاری یانه‌ی ڤیسێل كوبه‌-ی ژاپۆنی و باسل جرادی هێرشبه‌ری یانه‌ی هایدوك سپلیت-ی كرواتی كه‌ رۆژی 5ی ئه‌م مانگه‌ به‌هۆی یاری نه‌كردنیان بۆ هه‌ڵبژارده‌كه‌ به‌بڕیاری یه‌كێتییه‌كه‌ دوورخرابوونه‌وه‌، ئه‌مه‌ش پاش ئه‌وه‌ی هه‌ردوو یاریزان روونكردنه‌وه‌ی خۆیان سه‌باره‌ت به‌ئاماده‌نه‌بوون له‌یارییه‌كه‌ بۆ یه‌كێتی ناوبراو خسته‌ڕوو هه‌روه‌ها پاكانه‌یان بۆخۆیان كرد، دوای ئه‌وه‌ یه‌كێتی تۆپی پێی لوبنان ره‌زامه‌ندی پیشاندا له‌سه‌ر گه‌ڕانه‌وه‌یان بۆ ریزی هه‌ڵبژارده‌كه‌ و هه‌ردوو یاریزانی ناوبراویش ئاماده‌یی خۆیان پیشاندا بۆ په‌یوه‌ندی كردنه‌وه‌ به‌هه‌ڵبژارده‌ی تۆپی پێی لوبنان و پابه‌ندبوونی خۆیان بۆ هه‌ر ئه‌ركێكی نیشتمانیی دووپات كرده‌وه‌ كه‌پێیان راده‌سپێردرێت.


 به‌مه‌ش هه‌ردوو یاریزان مانگی تشرینی یه‌كه‌می داهاتوو دووباره‌ بانگهێشتی ریزی  هه‌ڵبژارده‌ی تۆپی پێی لوبنان ده‌كرێنه‌وه‌ و بۆ دووه‌م یاری هه‌ڵبژارده‌كه‌یان به‌رامبه‌ر به‌هه‌ڵبژارده‌ی توركمانستان له‌گروپی هه‌شته‌می هه‌ڵبژارده‌كانی ئاسیا له‌پاڵاوتنه‌ هاوبه‌شه‌كه‌ی مۆندیالی 2022ی قه‌ته‌ر و پاڵه‌وانێتی تۆپی پێی جامی وڵاتانی ئاسیای 2023ی چین كه‌ رۆژی 10-10-2019 له‌یاریگای شاری وه‌رزشیی كه‌میل شه‌معون له‌به‌یروت-ی پایته‌ختی لوبنان به‌ڕێوه‌ده‌چێت.  


شایه‌نی باسه‌ جوان عومه‌ری یاریزانی نێوده‌وڵه‌تی كورد كه‌ خاوه‌نی هه‌ردوو ره‌گه‌زنامه‌ی ئه‌ڵمانی و لوبنانییه‌ و یه‌كه‌م یاریزانی پیشه‌گه‌ریی كورده‌ له‌خولی نایابی تۆپی پێی یانه‌كانی ژاپۆن یاری بكات، له‌ماوه‌ی ساڵانی 2013 تا 2019 له‌گه‌ڵ هه‌ڵبژارده‌ی تۆپی پێی لوبنان 22 یاری نێوده‌وڵه‌تی ئه‌نجامداوه‌ و 2 گۆڵیشی تۆماركردووه‌ (9) یاری دۆستانه‌ و ( 13) یاری فه‌رمیی.


created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure