پۆستنۆرد لیگی نه‌رویژ: شادی له‌گۆڵكردندا بێده‌نگی شكاند

کوردە پیشەگەرەکان :: پێش 4 هەفتە ‌ :: 137‌ جار بینراوە
dwarozh



دواڕۆژ سپۆرت
ئا: سه‌نگه‌ر زرار

له‌یارییه‌كانی دواهه‌فته‌ی خولی پله‌ دووی تۆپی پێی یانه‌كانی نه‌رویژ ناسراو به‌(پۆستنۆرد لیگ)، شادی عه‌لی یه‌كه‌م گۆڵی خۆی له‌خوله‌كه‌دا تۆماركرد و له‌گه‌ڵ هاوڕێكانی بردنه‌وه‌یان پێشكه‌شی یانه‌كه‌یان كرد.
ئه‌مڕۆ یه‌كشه‌ممه‌ 15-9-2019 له‌یارییه‌كانی هه‌فته‌ی 20ی قۆناغی دووه‌می خولی پله‌ دووی تۆپی پێی یانه‌كانی نه‌رویژ (پۆستنۆرد لیگ)ی ساڵی 2019دا، (یانه‌ی مۆس ئێف كه‌ی) كه‌ شادی عه‌لی ناوه‌ڕاستكاری لاوی كورد یاری بۆده‌كات، توانی له‌میوانداری كردنی یانه‌ی ڤیدار سه‌ركه‌وتووبێت كاتێك به‌ئه‌نجامی 2-1 لێی برده‌وه‌ و گۆڵی یه‌كه‌می یارییه‌كه‌ش شادی له‌خوله‌كی 35ی نیوه‌ی یه‌كه‌می یارییه‌كه‌دا به‌درێسی ژماره‌ 8 تۆماری كرد.


له‌یارییه‌كه‌دا شادی عه‌لی ته‌مه‌ن 24 ساڵ به‌شێوه‌ی سه‌ره‌كی 90 خوله‌ك به‌شداریی له‌دیداری ئه‌مڕۆی یانه‌كه‌یدا كرد و توانیشی ئاستێكی به‌رز پێشكه‌ش بكات و رۆڵی گه‌وره‌ی هه‌بێت له‌بردنه‌وه‌ی یانه‌ی مۆس و له‌خوله‌كی 35دا بێده‌نگی شكاند و گۆڵی یه‌كه‌می بۆ یانه‌كه‌ی كرد كه‌ یه‌كه‌م گۆڵی خۆی بوو له‌خولی ئه‌مساڵدا له‌گه‌ڵ یانه‌ی مۆس تۆماری بكات، ئه‌وه‌بوو نیوه‌ی یه‌كه‌می یارییه‌كه‌یان به‌م تاكه‌ گۆڵه‌ برده‌وه‌ و له‌خوله‌كی 55ی نیوه‌ی دووه‌میشدا ماگنۆس فاگێرنیس یانه‌ی مۆس-ی كرده‌ خاوه‌نی گۆڵی دووه‌م و به‌م 2 گۆڵه‌ پێشكه‌وتن تا له‌خوله‌كی 61دا سێڤڤی كریستیانسن تاكه‌ گۆڵه‌كه‌ی یانه‌ی ڤیدار-ی تۆماركرد، به‌ڵام ئه‌م تاكه‌ گۆڵه‌ ته‌نها جیاوازی كه‌مكرده‌وه‌ و فریای شكستی یانه‌كه‌ی نه‌گه‌یشت.


شادی عه‌لی كه‌ درێسی ژماره‌ 8ی یانه‌ی مۆس له‌هێڵی ناوه‌ند ده‌پۆشێت، رۆڵی گه‌وره‌ی له‌سه‌ركه‌وتنی ئه‌مڕۆی یانه‌كه‌یدا بینی و جگه‌ له‌وه‌ی توانی گۆڵی یه‌كه‌م بۆ یانه‌ی مۆس ئێف كه‌ی له‌خوله‌كه‌دا تۆماربكات، له‌گه‌ڵ هاوڕێكانیشی هه‌شته‌م بردنه‌وه‌ی خوله‌كه‌یان به‌یانه‌كه‌یان به‌خشی و رۆژنامه‌یه‌كی شاری مۆس-یش شادی به‌پاڵه‌وانی یارییه‌كه‌ ناوبردووه‌.


به‌م ئه‌نجامه‌ش یانه‌كه‌ی شادی بووه‌ خاوه‌نی 27 خاڵ له‌ 20 یاری (8 بردنه‌وه‌، 3 یه‌كسانبوون، 9 دۆڕاندن) و سه‌ره‌ڕای بردنه‌وه‌شی به‌جیاوازی گۆڵ بۆ خانه‌ی نۆیه‌می ریزبه‌ندی دابه‌زی، ئه‌مه‌ش به‌هۆی بردنه‌وه‌ی تیمه‌كانی تری ركابه‌ریی.


شایه‌نی باسه‌ یاریزانی لاوی كوردی باشوور (شادی محه‌مه‌د عه‌لی)، كه‌ بۆندی له‌گه‌ڵ یانه‌ی مۆس ئێف كه‌ی بۆ ماوه‌ی 1 ساڵه‌، تائێستا له‌كۆی 20 یاری خولی پله‌ دووی تۆپی پێی یانه‌كانی نه‌رویژ (پۆستنۆرد لیگ)، توانیویه‌تی له‌ 18 یاریدا 1493 خوله‌ك ده‌ربكه‌وێت و 1 گۆڵیش تۆماربكات، له‌خولی جامی یانه‌كانی نه‌رویژ (ئێن ئێم كه‌پ)یشدا 2 گۆڵی له‌ 2 یاری و 150 خوله‌ك یاری كردندا تۆماركردووه‌.


created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure