سوپێرتانی سوید: براگه‌ 3 گۆڵ و 3 خاڵی له‌یانه‌كه‌ی كوردان وه‌رگرت

کوردە پیشەگەرەکان :: پێش 4 هەفتە ‌ :: 107‌ جار بینراوە
dwarozh



دواڕۆژ سپۆرت
ئا: سه‌نگه‌ر زرار
یانه‌كه‌ی كوردانی سوید له‌هه‌فته‌یه‌كی نوێی خولی پله‌ یه‌كی تۆپی پێی سه‌رتاسه‌ریی یانه‌كانی سوید (سوپێرتان) به‌رامبه‌ر به‌یانه‌ی ئای كه‌ی براگه‌-ی خاوه‌ن پله‌ی چواره‌می ریزبه‌ندی خوله‌كه‌ دووچاری شكست هات و به‌شێوه‌یه‌كی كاتیش هه‌ر له‌شوێنی خۆیدا مایه‌وه‌.
 (ئه‌مڕۆ یه‌كشه‌ممه‌ 15ی ئه‌یلولی 2019) یانه‌ی دالكورد-ی كوردانی سوید له‌یارییه‌كانی هه‌فته‌ی 23ی سوپێرتانی یانه‌كانی سویدی ساڵی 2019دا دوور له‌جه‌ماوه‌ره‌كه‌ی بووه‌ میوانی یانه‌ی ئای كه‌ی براگه‌ و سه‌ره‌نجامیش دووچاری ده‌یه‌م شكستی خوله‌كه‌ هات و نه‌یتوانی هیچ هه‌نگاوێك به‌ره‌و سه‌رووی ریزبه‌ندی خوله‌كه‌ بنێت و به‌ڵكو مه‌ترسیی له‌ده‌ستدانی خانه‌ی شه‌شه‌می ریزبه‌ندی خوله‌كه‌شی هه‌یه‌.
له‌یاریگای دۆمنارڤس ڤاڵن یارییه‌كه‌ له‌نێوان یانه‌ی براگه‌-ی چواره‌می ریزبه‌ندی و یانه‌ی دالكورد-ی شه‌شه‌می ریزبه‌ندی ئه‌نجامدرا و یانه‌كه‌ی كوردان 1-3 یارییه‌كه‌ی دۆڕاند و به‌شێوه‌یه‌كی كاتی هه‌ر له‌شوێنی خۆیدا مایه‌وه‌ و یانه‌ی براگه‌-ی خاوه‌ن خاك و جه‌ماوه‌ریش گه‌یشته‌ خانه‌ی سێیه‌می ریزبه‌ندی خوله‌كه‌.
له‌نیوه‌ی یه‌كه‌می یارییه‌كه‌دا هه‌ردوولا به‌ئه‌نجامی 1-1 یه‌كسانبوون و كریستیان ئه‌ندێرسن له‌خوله‌كی 18 گۆڵی یانه‌ی براگه‌-ی كرد و جۆزێف كیسای له‌خوله‌كی 41 به‌په‌ناڵتی گۆڵی به‌رامبه‌ری بۆ یانه‌ی دالكورد كرده‌وه‌، به‌ڵام له‌نیوه‌ی دووه‌مدا یانه‌ی خاوه‌ن خاك و جه‌ماوه‌ر توانییان ئه‌نجامی كۆتایی بكه‌نه‌ 3-1 و دوو گۆڵی تر له‌ڕێگه‌ی ئه‌نتۆن لیوندین له‌خوله‌كه‌كانی 53 و 69دا تۆماربكات و 3 خاڵی یارییه‌كه‌ بۆخۆی كۆبكاته‌وه‌ و له‌به‌رامبه‌ردا یانه‌كه‌ی كوردان دووچاری ده‌یه‌م شكست بكات. 
شایه‌نی باسه‌ یانه‌ی دالكورد له‌م یارییه‌دا به‌به‌شداریی سه‌ره‌كی هه‌ردوو یاریزانی كورد (دیلان ئیسماعیل-ی به‌رگریكار و راوێژ لاوان-ی ناوه‌ڕاستكار)، یاری كرد و به‌م شكسته‌ش  هه‌ر له‌خانه‌ی شه‌شه‌می ریزبه‌ندی سوپێرتان-دا مایه‌وه‌ به‌ 33 خاڵ له‌ 23 یاریدا (10 بردنه‌وه‌، 3 یه‌كسانبوون، 10 دۆڕاندن) و 33 گۆڵی كردووه‌ و 37 گۆڵی لێكراوه‌ و 4 گۆڵیش قه‌رزاره‌.






*كارتی یارییه‌كه‌:
-بۆنه‌: خولی پله‌ یه‌كی سه‌رتاسه‌ریی یانه‌كانی سوید (سوپێرتان):
-ساڵ: 2019.
-هه‌فته‌: 23، قۆناغ: دووه‌م. 
-رۆژی یاری: یه‌كشه‌ممه‌ 15-9-2019.
-یاری: ئای كه‌ی براگه‌×دالكورد ئێف ئێف.
-ئه‌نجامی تایمی یه‌كه‌م (1-1).
-ئه‌نجامی كۆتایی: (3-1).
-یاریگا: دۆمنارڤس ڤاڵن.
-جه‌ماوه‌ری ئاماده‌بوو: 3486 كه‌س.
-دیلان ئیسماعیل/ ژماره‌ (4) به‌رگریكاری كورد 90 خوله‌ك یاری كرد.
-راوێژ لاوان/ ژماره‌ (7) ناوه‌ڕاستكاری كورد 90 خوله‌ك یاری كرد.
-پێشڕه‌و عه‌زیزی/ ژماره‌ (21) به‌رگریكاری كورد یاری نه‌كرد.


created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure