به‌رگریكاره‌ كورده‌كه‌ له‌جامی سوپه‌ر بێبه‌ش ده‌بێت

کوردە پیشەگەرەکان :: 15/09/2019‌ :: 146‌ جار بینراوە
dwarozh


دواڕۆژ سپۆرت
ئا: سه‌نگه‌ر زرار


كاپتنه‌ كورده‌كه‌ی هه‌ڵبژارده‌ی تۆپی پێی سوریا ئاماده‌ی یاری سه‌رجامی سوپه‌ری یانه‌كانی لوبنان نابێت و به‌پێی راپۆرتی پزیشكیش یانه‌كه‌ی پشووی پێده‌دات.


ئه‌حمه‌د ساڵح-ی به‌رگریكاری به‌ئه‌زموونی كورد و كاپتنی هه‌ڵبژارده‌ی یه‌كه‌می سوریا له‌گه‌ڵ یانه‌ی ئه‌لعه‌هد-ی لوبنانی پاڵه‌وانی پێشوو 2018ی جامه‌كه‌، له‌یاری جامی سوپه‌ری یانه‌كانی لوبنان بۆ ساڵی 2019 بێبه‌ش ده‌بێت كه‌ ئێواره‌ی ئه‌مڕۆ یه‌كشه‌ممه‌ 15ی ئه‌یلولی 2019 له‌سه‌ر یاریگای ره‌فیق ئه‌لحه‌ریری له‌سه‌یدا به‌ڕێوه‌ده‌چێت.


هۆكاری ئاماده‌نه‌بوونیشی وه‌ك پزیشك ئاشكرای كردووه‌، به‌هۆی زۆریی هه‌وڵ و كۆششه‌كانی بووه‌ له‌یه‌كه‌م یاریی هه‌ڵبژارده‌ی تۆپی پێی سوریا له‌پاڵاوتنه‌ هاوبه‌شه‌كه‌ی مۆندیالی 2022ی قه‌ته‌ر و پاڵه‌وانێتی جامی وڵاتانی ئاسیای 2023ی چین كه‌ تیایدا به‌ئه‌نجامی 5-2 له‌هه‌ڵبژارده‌ی فلیپین-یان برده‌وه‌.


بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌ یانه‌ی ئه‌لعه‌هد-ی پاڵه‌وانی خولی نایابی یانه‌كان و جامی یانه‌كانی لوبنان بۆ وه‌رزی 2018-2019 به‌فه‌رمیی ئاشكرای كرد كه‌ ئه‌حمه‌د ساڵح-ی به‌رگریكاری نێوده‌وڵه‌تی له‌یاری سه‌رجامی سوپه‌ری یانه‌كانی لوبنان به‌رامبه‌ر به‌یانه‌ی ئه‌لئه‌نسار به‌شداریی ناكات و به‌پێی راپۆرتی پزیشكی دكتۆر ئه‌لفرێد خوری كه‌ ده‌ستنیشانی كردووه‌، ده‌ركه‌وتووه‌ ساڵح-ی ته‌مه‌ن 30 ساڵ له‌گه‌ڵ هه‌ڵبژارده‌كه‌ی كۆششی زۆری كردووه‌ و توانا و وزه‌یه‌كی زۆری خه‌رجكردووه‌ و به‌مه‌ش پێویستی به‌پشووه‌.


هه‌ر له‌به‌ر ئه‌م هۆكاره‌ ئه‌حمه‌د ساڵح-ی به‌رگریكاری پیشه‌گه‌ریی كورد كه‌ له‌شاری عامودا-ی رۆژئاوای كوردستان له‌دایكبووه‌، ئاماده‌ی مه‌شق و راهێنانه‌كانی یانه‌كه‌شی نه‌كردووه‌.
شایه‌نی باسه‌ پێدانی پشوو به‌یاریزانی ناوبراو له‌لایه‌ن یانه‌كه‌یه‌وه‌ بۆ ئه‌وه‌یه‌ رۆژی 24ی ئه‌یلولی 2019 بۆ یاری چوونی قۆناغ كۆتایی جامی یه‌كێتی ئاسیا بۆ تیمه‌كانی ناوچه‌ی خۆرئاوا به‌رامبه‌ر به‌یانه‌ی ئه‌لجه‌زیره‌-ی ئورده‌نی ئاماده‌یی هه‌بێت.


created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure