گۆڤه‌ند و میران و ئالان یانه‌كانیان گه‌یانده‌ كه‌ناری سه‌ركه‌وتن

کوردە پیشەگەرەکان :: 14/09/2019‌ :: 151‌ جار بینراوە
dwarozh




دواڕۆژ سپۆرت
ئا: سه‌نگه‌ر زرار
(ئه‌مڕۆ شه‌ممه‌ 14ی ئه‌یلولی 2019) له‌یارییه‌كانی هه‌فته‌یه‌كی نوێی خوله‌كانی پله‌ یه‌ك و پله‌ دووی تۆپی پێی یانه‌كانی سوید بۆ ساڵی 2019، گۆڤه‌ند حه‌یده‌ر و میران عه‌بدولڕه‌حمان و ئالان نایاب به‌تۆماركردنی گۆڵ یانه‌كانیان گه‌یانده‌ كه‌ناری سه‌ركه‌وتنێكی تر.

*دووه‌م گۆڵی گۆڤه‌ند حه‌یده‌ر له‌گه‌ڵ كارلستاد یۆنایتد 
له‌یارییه‌كانی هه‌فته‌ی 23ی قۆناغی دووه‌می خولی پله‌ یه‌كی تۆپی پێی یانه‌كانی سوید بۆ تیمه‌كانی (گروپی ناوچه‌ی باكوور)، یانه‌ی كارلستاد یۆنایتد به‌به‌شداریی سه‌ره‌كی گۆڤه‌ند حه‌یده‌ر-ی ناوه‌ڕاستكاری لاوی كورد بووه‌ میوانی یانه‌ی سۆلینتونا ئێف كه‌ی و سه‌ره‌نجامیش توانی 3 گۆڵ و 3 خاڵ له‌یانه‌ی خاوه‌ن خاك و جه‌ماوه‌ر وه‌ربگرێت و به‌ئه‌نجامی 3-1 لێی بباته‌وه‌ و به‌ ده‌یه‌م سه‌ركه‌وتنی خوله‌كه‌ بگات و پێگه‌ی خۆی به‌ 37 خاڵ له‌ 23 یاری له‌خانه‌ی پێنجه‌می خوله‌كه‌ باشتربكات.
له‌یارییه‌كه‌دا گۆڤه‌ند حه‌یده‌ر-ی ته‌مه‌ن 25 ساڵ به‌درێسی ژماره‌ 7 تا خوله‌كی 61 به‌شێوه‌ی سه‌ره‌كی له‌ناوه‌ڕاستی یاریگادا ده‌ركه‌وت و توانی گۆڵی دووه‌می یانه‌كه‌ی له‌خوله‌كی 25 و دووه‌م گۆڵی خۆشی له‌خوله‌كه‌دا بۆ یانه‌ی كارلستاد یۆنایتد تۆماربكات، ئه‌مه‌ش له‌كۆی 5 یاری و 306 خوله‌ك یاری كردندا.


*میران عه‌بدولڕه‌حمان بووه‌ خاوه‌نی 2 گۆڵ له‌ 12 یاریدا
هه‌ر له‌یارییه‌كانی هه‌فته‌ی 23ی قۆناغی دووه‌می خولی پله‌ یه‌كی تۆپی پێی یانه‌كانی سوید بۆ تیمه‌كانی گروپی ناوچه‌ی باكوور، یانه‌ی رانینگ ئای كه‌ی له‌سه‌ر یاریگای خۆی میوانداریی له‌یانه‌ی ساندڤیكنس ئای ئێف كرد و له‌یارییه‌كی به‌هێز و پڕگۆڵیشدا توانی به‌ئه‌نجامی 4-3 براوه‌بێت.
له‌یارییه‌كه‌دا میران عه‌بدولڕه‌حمان-ی یاریزانی لاوی هێڵی ناوه‌ندی یانه‌ی رانینگ به‌شێوه‌ی سه‌ره‌كی تا خوله‌كی 72 یاری كرد و له‌خوله‌كی 6ی نیوه‌ی یه‌كه‌می یارییه‌كه‌دا گۆڵی یه‌كه‌م و ده‌ستپێشخه‌ریی بۆ یانه‌كه‌ی كرد و له‌سه‌ره‌نجامی یارییه‌كه‌شدا توانی له‌گه‌ڵ هاوڕێكانی بردنه‌وه‌ی ژماره‌ 7ی خولی ئه‌مساڵ به‌یانه‌كه‌یان ببه‌خشن. 
به‌م ئه‌نجامه‌ش یانه‌كه‌ی میران به‌ 25 خاڵ له‌ 23 یاری (7 بردنه‌وه‌، 4 یه‌كسانبوون، 12 دۆڕاندن) گه‌یشته‌ خانه‌ی ده‌یه‌می ریزبه‌ندی خولی پله‌ یه‌ك و میران خۆشی بووه‌ خاوه‌نی 2 گۆڵ له‌ 12 یاری.
 

*ئالان نایب پێنجه‌م گۆڵی خۆی بۆ یانه‌كه‌ی تۆماركرد
له‌سوید و له‌یارییه‌كانی هه‌فته‌ی 22ی قۆناغی دووه‌می خولی پله‌ دووی تۆپی پێی یانه‌كانی سوید بۆ تیمه‌كانی گروپی ناوچه‌ی باكووری سوید (نۆرا سڤیالاند)، یانه‌ی كونگسێنگینس ئای ئێف له‌میوانداریی یانه‌ی ڤالبۆ ئێف ئێف-دا هه‌شته‌م سه‌ركه‌وتنی خوله‌كه‌ی به‌ئه‌نجامی دوو گۆڵی بێبه‌رامبه‌ر ده‌سته‌به‌ركرد.
له‌یارییه‌كه‌دا ئالان نایب-ی هێرشبه‌ری لاوی كورد له‌خوله‌كی 69دا گۆڵی یه‌كه‌می یانه‌ی كونگسێنگینس ئای ئێف-ی تۆماركرد و له‌خوله‌كی 86دا گۆڕانكاریی پێكرا و یاریگای به‌جێهێشت، به‌تۆماركردنی ئه‌م گۆڵه‌ش ئالان نایب بووه‌ خاوه‌نی 5 گۆڵ له‌ 6 یاریدا و 1 گۆڵی تریشی بۆ یانه‌كه‌ی سازكردووه‌.
به‌م بردنه‌وه‌یه‌ش یانه‌ی كونگسێنگینس ئای ئێف بووه‌ خاوه‌نی 29 خاڵ له‌ 22 یاری (8 بردنه‌وه‌، 5 یه‌كسانبوون، 9 دۆڕاندن) و 2 پله‌ سه‌ركه‌وت و گه‌یشته‌ خانه‌ی شه‌شه‌می ریزبه‌ندی خوله‌كه‌.

 


created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure