لەدوارۆژەوە ئامانجی كۆبونەوەی یانەكان‌و بەرپرسانی وەرزشی پارێزگای سلێمانی بزانە

ناوخۆیی :: 4 رۆژ پێش ئێستا‌ :: 75‌ جار بینراوە
dwarozh




دواڕۆژ، ئەردەلان محەمەد
بۆ یەكەمجار لەسەر ئاستی كوردستان كۆبونەوەیەك لەنێوان یانەكانی سنوری پارێزگای سلێمانی‌و بەرپرسانی لیژنەی ئۆڵۆمپی كوردستان بەرێوەچوو.

بەئامادەبوونی دیار سدیق جێگری سەرۆكی لیژنەی ئۆڵۆمپی كوردستان‌و جەمال عەلی بەرێوبەری وەرزشی سلێمانی لەهۆڵی نوێنەرایەتی سلێمانی لیژنەی ئۆڵۆمپی كوردستان لەگەڵ یانەكانی سنوری پارێزگای سلێمانی كۆبوونەوە.
دیار سدیق جێگری سەرۆكی لیژنەی ئۆڵۆمپی كوردستان ئاماژە بەوە دەدات:" ئەمە یەكەم كۆبونەوەیە لەگەڵ یانەكانی سنوری پارێزگای سلێمانی بۆ ئەوەی لەنزیكەوە ئاگاداری كێشەكانیان بین، هەرچەندە ئێمە دوورین لەیانەكانەوە، بەڵام دەمانەوێت كێشەكانیان لەخۆیانەوە ببیستین‌و دواتر كێشەكانیان بگەیەنینە دەست وەزیری رۆشنبیری‌و لاوانی حكومەتی هەرێمی كوردستانەوە.
وتیشی: بەدڵنیاییەوە منیش لەگەڵیانم، ئەگەر گەشبین نەبن، چونكە لەماوەی چوار ساڵی هاتنی داعش هیچ چالاكیەكی وەرزشی نەمابوو وە تووشی قەیرانی هاتبوون، بۆیە من خۆشحاڵم كە گوێم لەیانەكان بوو رایانگەیاند كە بەرپرسان گوێیان بۆ دەگرن‌و پێویستیشە بەرپرسان تەنهان گوێگرنەبن، بەڵكو كرداریشی لەگەڵ بێت، لەبەرئەوە دڵنیام لەحكومەتی تازەی هەرێمی كوردستان كە كێشەی یانەكان چارەسەر نەبێت.
لەلای خۆیانەوە بەرپرسانی یانەكانیش را‌و سەرنجی خۆیان هەبوو لەسەر كۆبونەوەكە‌و گەیشتن بەچارەسەر.
ساسان عومەر سكرتێری یانەی ئەفرۆدێت وتی: تائێستا لەمجۆرە كۆبونەوانە نەكراوە تاگوێ لەیانەكان بگیرێت بزانرێت كێشەیان چیە‌و چۆن یانەكان بەرێوەدەبەن‌و كەس ئاگادارنیە، بەڵام پێویستە پێش ئەوەی هەنگاو بەرەو بەغدا بنێین بۆ چارەسەر كردنی كێشەكان پێویستە یەكەمجار كێشەكانی وەرزشی ناوخۆی كوردستان چارەسەر بكەین دواتر هەنگاو بەرەو بەغدا بنێین.
ساسان ئەوەشی خستەروو: بەراستی لیژنەی ئۆڵۆمپی كوردستان هۆكاری سەرەكی كێشەكانی وەرزشە لەهەرێمی كوردستان، چونكە یانەكان ئیش دەكەن‌و بەتیپەكانیانەوە خەریكن‌و بەشداری پاڵەوانێتیەكان دەكەن، ئەگەر دڵسۆزانە ئیش بكەین بەدڵنیاییەوە گەشبینین، ئەگەر دڵسۆز نەبین بارودۆخی وەرزش بەرەو خراپتر دەروات.
لەلای خۆیەوە سەرتیپ نامیق ئەندامی دەستەی كارگێری یانەی دەربەندیخان ئاماژە بەوە دەدات: راستە یەكەمجارە كۆدەبینەوە، بەڵام لەراستیدا كێشە‌و گیروگرفتی وەرزش لەدەسەڵاتی ئەم كۆمەڵە كەسانەدا نیە كە كۆبوینەتەوە لەگەڵیان، بۆیە هیچ گەشبین نیم، بەڵام هیوادارم ئەم كێشە‌و گیروگرفتانەی وەرزش بەتایبەتی سنوری پارێزگای سلێمانی بكرێتە پرۆژەیەك بۆ چارەسەر كردنی، بەڵام كێشەكە تەنها جیاوازی نیە لەنێوان سلێمانی‌و هەولێر، بەڵكو بەراشكاوانە جیاوازیش هەیە لەنێوان وەرزشی سلێمانی‌و قەزاو ناحیەكانی، لەبەرئەوە قەزاو ناحیەكان بونەتە قوربانی بۆ وەرزشی پارێزگاكان‌و یانە گەورەكان، ئەگەر نمونەش لەسەر یانەی دەربەندیخان بێنینەوە نەك هیچ پرۆژەیەكمان بۆ نەكراوە، بەڵكو هیچ یاریگا‌و هۆڵێك‌و تەنانەت بارەگای یانەكەشمان كرێیە‌و خاوەنی هیچ نین، بەڵام زۆربەی تیپەكانمان لەخولی نایابدا یاری دەكەن.
بەهۆی ئەو بارودۆخەی لەدوای ساڵی 2014بەسەر وەرزشی كوردستاندا هات بەهۆی هاتنی داعش‌و قەیرانی داراییەوە بەجۆرێك وەرزش دواكەوت‌و ئیفلیج بوو وەك یانەكان ئاماژەی پێدەدەن تائێستاش نەك بەرپرسانی وەرزش، بەڵكو حكومەتیش نەهاتۆتە پێشەوە بۆ چارەسەر كردنی ئەو بارودۆخە.


created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure