کوردێک لە وڵاتی تونس نازناوی راهێنەری نێودەوڵەتی شەتڕەنجی وەرگرت

ناوخۆیی :: 11/09/2019‌ :: 103‌ جار بینراوە
dwarozh


دواڕۆژ، ئاری عەبدوڵڵا

شەتڕەنجزانێکی کورد دوای بەشداریکردنی لە خولی نێودەوڵەتی راهێنانی شەتڕەنج لە وڵاتی تونس، بڕوانامەی نێودەوڵەتی پێ دەبەخشرێت ، هاوکات نازناوی راهێنەری نێودەوڵەتی پێ دەدرێت.


(چیا مودیر) شەتڕەنجزانی بە ئەزموونی شاری هەولێر کە پێشتر بە نوێنەرایەتی عێراق و کوردستان بەشداری چەندین پاڵەوانیەتی و بۆنە نێودەوڵەتی کردووە، دوای بەشداریکردنی لە خولێکی نێودەوڵەتی بواری راهێنان لە یاری شەتڕەنج، بڕوانامەی نێودەوڵەتی پێ دەدرێت.


لە لێدوانێکی تایبەتدا بۆ دواڕۆژ، (چیا مودیر) ئاماژەی بەوەدا : "لەگەڵ بەڕێوەچوونی هەر پاڵەوانیەتیەکی نێودەوڵەتی یاخود عەرەبی یاخود بەڕێوەچوونی ئۆڵۆمپیادی شەتڕەنج، خولی راهێنان دەکرێتەوە کە یاریزانان و راهێنەران بۆیان هەیە بەشداری لەم خولانە بکەن بەو مەرجەی ئەو کەسەی بەشدار دەبێت؛ ئاستی بەرز بێت و خاوەنی پۆلێنی جیهانی بێت و ئەزموونی یاریکردنی لە ١٠ ساڵ کەمتر نەبێت و لایەنی کەم بەشداری سەرووی ٣٠ پاڵەوانیەتی نێودەوڵەتی کردبێت و لە وتنەوەی وانەکانی شەتڕەنج و کاری ناوبژیوانی ئەم یارییە، شارەزاییەکی تەواوی هەبێت.


راهێنەرە نێودەوڵەتییە کوردەکە وتیشی: "دوای بەشداریکردن لە وانە تیۆری و پڕاکتیکییەکانی خولەکە، تاقیکردنەوەیەک ئەنجامدەدرێت کە پێویستە هەر بەشداربوویەک ئەم تاقیکردنەوەیە بە سەرکەوتوویی ببڕێت و ئەنجامی ئەم تاقیکردنەوەیە دەچێتەوە یەکێتی شەتڕەنجی جیهانی، دوای ئەوە لە تایتڵی پلەی یاریزانان دادەنرێت.


لە دە ساڵی رابردوو شەتڕەنج وەک وەرزشێکی هزری بەرەوپێشچوونێکی بەرچاوی لە هەرێمی کوردستان بە خۆیەوە بینیوە و لە شاری هەولێر یانەیەکی تایبەت بەم یارییە هزرییە بوونی هەیە کە ساڵانە دەیان شەتڕەنجزانی نوێ بۆ کوردستان بەرهەمدەهێنێت ئەمە جگەلەوەی ئاستی ئەم یارییەی لە ئاستێکی لۆکاڵی گەیاندۆتە ئاستی نێودەوڵەتی، بە دەیان شەتڕەنجزانی جیهانی هاتوونەتە شاری هەولێر یاخود شەتڕەنجزانە کوردەکان چوونەتە بۆنە جیهانییەکان.


created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure