کچانی ئافرۆدێت و نەوتی باکوور نوێنەری یانە کوردییەکانن لە خولی فوتساڵی عێراق

ناوخۆیی :: پێش 1 هەفتە ‌ :: 72‌ جار بینراوە
dwarozh


دواڕۆژ، ئاری عەبدوڵڵا

وا بڕیارە لە رێککەوتی ١٣ ـی ئەم مانگە لە شاری حللە لە خوارووی عێراق، خولی فوتساڵی کچانی عێراق بۆ ئاستی یانە نایابەکان ئەنجامبدرێت لە هەرێمی کوردستان و شاری کەرکوک هەردوو یانەی ئافرۆدێت و  نەوتی  باکوور ، وەک دوو نوێنەری یانە کوردییەکان لەم خولە بەشداردەبن.

تیپی فوتساڵی كچانی یانه‌ی نەوتی  باکووری شاری كه‌ركووك لە خولی فوتساڵی کچانی کوردستان بەشداری نەکرد و دەیەوێت لە دەروازەیەکی گەورەترەوە ئاست و توانای خۆی تاقیبکاتەوە و وەک تاکە نوێنەری یانەکانی خولی فوتساڵی کوردستان، لە خولی عێراق بەشداری دەکات.

هەرچی تیمی فوتساڵی کچانی ئافرۆدێتە دوای ئەوەی لە وەرزی ئەمساڵی خولی فوتساڵی کوردستان بە پلەی چوارەم هات و بە خەونە گەورەکەی نەگەیشت کە بردنەوەی نازناوی خولی فوتساڵی کوردستانە، دەیەوێت نازناوی یانە نایابەکانی عێراق بۆ یەکەمجار لە مێژووی شاری سلێمانی بباتەوە.

بەهۆی ئەوەی هیچ یانەیەکی دیکەی هەرێمی کوردستان لە خولی عێراق بەشداری ناکەن، هەردوو یانە کوردییەکە سوود لە تواناکانی کچە یاریزانانی یانەکانی دیکە وەردەگرن و بۆ ریزەکانیان بانگهێشیانکردوون.
بەشێک لە کچە یاریزانە ئاست بەرزەکانی کوردستانیش پەیوەندییان بە یانەکانی شاری بەغدادەوە کردووە و گرێبەستییان لەگەڵ واژۆکردوون.
ماوەی ٤ ساڵە خولی فوتساڵی کچانی عێراق ئەنجام نەدراوە و ئافرەتانی هەولێر پاڵەوانی دوا کۆپی خولەکەیە کە توانی لە نێو دەیان یانەی عێراقی و لە ناوجەرگەی بەغدادی پایتەخت جامەکە بەرزبکاتەوە.


created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure