فه‌رمیی: فیفا ئۆكه‌ی به‌ ژیلوان حه‌مه‌د دا و ئۆكه‌ی راهێنه‌ر ماوه‌

کوردە پیشەگەرەکان :: پێش 2 هەفتە ‌ :: 608‌ جار بینراوە
dwarozh


دواڕۆژ سپۆرت
ئا: سه‌نگه‌ر زرار

دواجار به‌شێوه‌یه‌كی فه‌رمیی یه‌كێتی نێوده‌وڵه‌تی تۆپی پێ (فیفا)، ره‌زامه‌ندی ده‌ربڕی و رێگه‌یدا ژیلوان حه‌مه‌د-ی ناوه‌ڕاستكاری به‌ئه‌زموونی كورد نوێنه‌رایه‌تی هه‌ڵبژارده‌ی تۆپی پێی عیراق بكات.
پاش سه‌لماندنی عیراقی بوونی بۆ یه‌كێتی نێوده‌وڵه‌تی تۆپی پێ (فیفا)، له‌كۆتاییدا پاش هه‌وڵێكی زۆر لایه‌نی فیفا ره‌زامه‌ندی خۆی پیشاندا له‌سه‌ر گواستنه‌وه‌ی كارتی نێوده‌وڵه‌تی ژیلوان حه‌مه‌د-ی ناوه‌ڕاستكاری كورد و پێشووتری هه‌ڵبژارده‌كانی تازه‌پێگه‌یشتووان و لاوان و یه‌كه‌می سوید له‌یه‌كێتی تۆپی پێی سوید-ه‌وه‌ بۆسه‌ر یه‌كێتی تۆپی پێی عیراق.
ئه‌مڕۆ هه‌ینی 6ی ئه‌یلولی 2019 یه‌كێتی نێوده‌وڵه‌تی تۆپی پێ له‌ڕێگه‌ی پارێزه‌ره‌كه‌یه‌وه‌ یه‌كێتی تۆپی پێی عیراقی ئاگاداركرده‌وه‌ كه‌ كاره‌كانی گواستنه‌وه‌ی  كارتی نێوده‌وڵه‌تی ژیلوان حه‌مه‌د له‌یه‌كێتی تۆپی پێی سوید-ه‌وه‌ بۆسه‌ر یه‌كێتی تۆپی پێی عیراق كۆتایی هاتووه‌ و یاریزانی ناوبراو ده‌توانێت له‌چالاكییه‌كانی فیفادا نوێنه‌رایه‌تی هه‌ڵبژارده‌ی یه‌كه‌می عیراق بكات.
له‌مباره‌یه‌وه‌ ژیلوان حه‌مه‌د-ی ناوه‌ڕاستكاری یانه‌ی ئێج ئێن كه‌ی گۆریكا-ی كرواتیا له‌لێدوانێكی تایبه‌تدا بۆ دواڕۆژ سپۆرت وتی: پاش ماوه‌یه‌كی زۆر و چاوه‌ڕوانییه‌كی زۆر، كۆڵمان نه‌دا و هه‌موو به‌ڵگه‌كانمان بۆ لایه‌نی فیفا نارد، ئێستا ئاگاداركرامه‌وه‌ كه‌ فیفا ره‌زامه‌ند بووه‌ له‌سه‌ر گواستنه‌وه‌ی كارتی نێوده‌وڵه‌تی یاری كردنم و ده‌توانم یاری بۆ هه‌ڵبژارده‌ی عیراق بكه‌م، ئه‌مه‌ش هه‌واڵێكی خۆشه‌ بۆمن بۆ جه‌ماوه‌ر و عاشقانی تۆپی پێی عیراق.
هه‌روه‌ها له‌درێژه‌ی لیدوانه‌كه‌یدا ژیلوان-ی ته‌مه‌ن 28 ساڵ وتی: ئێستا كاره‌كان ته‌واوبوون و من ئاماده‌بم یاری بۆ هه‌ڵبژارده‌كه‌ بكه‌م و ئه‌مه‌ش له‌ده‌ست سریچكۆ كاتانیچ-ی راهێنه‌ر دایه‌ و ماوه‌ته‌وه‌ سه‌ر ئۆكه‌ی ئه‌و و چاوه‌ڕوانی بانگهێشت كردنی ده‌كه‌م و پێشبینی ده‌كه‌م بۆ یارییه‌كانی داهاتووی هه‌ڵبژارده‌كه‌ له‌مانگی تشرینی یه‌كه‌م له‌یارییه‌كانی پاڵاوتنه‌ هاوبه‌شه‌كه‌ی مۆندیالی 2022ی قه‌ته‌ر و پاڵه‌وانێتی جامی وڵاتانی ئاسیای 2023ی چین داوه‌تی ریزی هه‌ڵبژارده‌كه‌ بكرێم.
شایه‌نی باسه‌ ژیلوان محه‌مه‌د حه‌مه‌د ئه‌ڵڵاوێردی خه‌ڵكی شاری رانیه‌ی باشووری كوردستانه‌ و ساڵی 1990 له‌ژیانی ئاواره‌یی له‌شاری باكۆ-ی پایته‌ختی ئازاربایجان له‌دایكبووه‌ و دوای ئه‌مه‌ش له‌گه‌ڵ خانه‌واده‌كه‌ی له‌شاری ئۆریبرۆ-ی سوید نیشته‌جێ بووه‌ و بووه‌ته‌ خاوه‌نی ره‌گه‌زنامه‌ی سویدی و ساڵی 2012 ره‌گه‌نامه‌ی عیراقی ده‌رهێناوه‌ و به‌ر له‌مه‌ش ساڵی 2006 بۆ یه‌كه‌مجار بۆ هه‌ڵبژارده‌ی تازه‌پێگه‌یشتووانی سویدی سویدی ژێر ته‌مه‌ن 17 ساڵ و پاشانیش بۆ هه‌ردوو هه‌ڵبژارده‌ی لاوانی سویدی ژێر ته‌مه‌نه‌كانی 19 و 21 ساڵ و دواجاریش هه‌ڵبژارده‌ یه‌كه‌می سوید یاری كردووه‌.


created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure