خوسره‌وی به‌نیازه‌ 21 كیلۆمه‌تری نیوه‌ماراسۆنی ستۆكهۆڵم به‌كه‌متر له‌ دوو كاتژمێر ببڕێت

کوردە پیشەگەرەکان :: پێش 2 هەفتە ‌ :: 174‌ جار بینراوە
dwarozh


دواڕۆژ سپۆرت
ئا: سه‌نگه‌ر زرار
وه‌رزشكارێكی كورد ئاماده‌یه‌ بۆ نیوه‌ماراسۆنی ستۆكهۆڵم و چاوی له‌وه‌یه‌ له‌نێو 15 هه‌زار به‌شداربووی ماراسۆنه‌كه‌دا ماوه‌ی 21 كیلۆمه‌تر به‌كه‌متر له‌ 2 كاتژمێر ببڕێت.

 (سبه‌ی شه‌ممه‌ 7ی ئه‌یلولی 2019) له‌ناوه‌ڕاستی شاری ستۆكهۆڵمی پایته‌ختی سوید كێبڕكێكانی نیوه‌ماراسۆنی ستۆكهۆڵم-ی سوید به‌به‌شداریی 15 هه‌زار كه‌س له‌ 80 نه‌ته‌وه‌ی جیاواز به‌ڕێوه‌ده‌چێت و یه‌كێك له‌به‌شداربوونی نیوه‌ماراسۆنه‌كه‌ حیشمه‌ت خوسره‌وی وه‌رزشكاری كوردی به‌ڕه‌گه‌ز سویدییه‌.


خوسره‌وی ته‌مه‌ن 46 ساڵ كه‌ له‌دایكبووی شاری كرماشانی رۆژهه‌ڵاتی كوردستانه‌ و 19 ساڵه‌ له‌وڵاتی سوید و له‌شاری لینشۆپینگ نیشته‌جێیه‌، بۆ جاری سێیه‌مه‌ به‌شداریی له‌نیوه‌ماراسۆنی ستۆكهۆڵم ده‌كات و ئامانجیشی له‌به‌شداری كردن ته‌نها ئه‌وه‌ نییه‌ ئه‌نجام ده‌سته‌به‌ربكات، به‌ڵكو بڵاوكردنه‌وه‌ی په‌یامی وه‌رزشه‌ كه‌ ئاشتییه‌ و ته‌ندروستییه‌كی باشه‌ بۆ مرۆڤـ و وه‌رزش بۆ هه‌مووانه‌.


ئه‌م وه‌رزشكاره‌ كورده‌ ده‌یه‌وێت ئه‌م 21 كیلۆمه‌تره‌ی ساڵی پار كه‌ به‌ 2 كاتژمێر و 10 خوله‌ك بڕی، له‌به‌شداری ئه‌مساڵیدا به‌ كه‌متر له‌ 2 كاتژمێر بیبڕێت و بۆ ئه‌مه‌ش ده‌ڵێت: كه‌ش و هه‌وا له‌باره‌ و خۆشه‌ و له‌هه‌موو لایه‌نه‌كانه‌وه‌ ئاماده‌م و ساڵ به‌ساڵیش هه‌ست به‌گۆڕانكاری و پێشكه‌وتنی زیاتریش ده‌كه‌م.


هه‌روه‌ها له‌درێژه‌ی قسه‌كانیدا بۆ دواڕۆژ سپۆرت وتی: بۆ ئه‌وه‌ی گه‌شه‌ بكه‌یت و ئه‌م ماوه‌یه‌ی نیوه‌ماراسۆنه‌كه‌ به‌باشی ببڕم، پێویسته‌ خواردنی ته‌ندروست و مه‌شق و راهێنانی باشت هه‌بێت تاوه‌كو ده‌گه‌یته‌ ئاوات و ئامانج و سه‌ركه‌وتن.


دواجاریش له‌باره‌ی به‌شدارییه‌كانی ئاینده‌ی و ئه‌وه‌ی ئه‌گه‌ر داوه‌ت بكرێت، به‌شداریی ماراسۆنی نێوده‌وڵه‌تی هه‌ولێر ده‌كات، حیشمه‌ت خوسره‌وی وتی: له‌پڕۆگرامم داهه‌یه‌ ساڵی 2020 به‌شداریی هه‌ردوو ماراسۆنی گه‌وره‌ی ستۆكهۆڵم/ سوید و كۆپینهاگن/ دانیمارك ده‌كه‌م و بێگومان به‌شانازییه‌وه‌ ئاماده‌م بۆ ماراسۆنی نێوده‌وڵه‌تی هه‌ولێر و به‌شداریی تێدا بكه‌م.

*بیۆگرافیا:   
-ناو: حیشمه‌ت خوسره‌وی.
-ساڵڕۆژی له‌دایكبوون: 22-6-1973.
-شوێنی له‌دایكبوون: شاری كرماشانی رۆژهه‌ڵاتی كوردستان.
-شوێنی نیشته‌جێبوون: شاری لینشۆپینگ-ی سوید.
-ره‌گه‌زنامه‌ی سویدی هه‌یه‌.
-ماسته‌ری له‌زانسته‌ سیاسیه‌كانی زانكۆ لینشۆپینگ-ی سوید وه‌رگرتووه‌.
-باڵا: 168 سم.
-كێش: 60 كگم.
-ئه‌ندامی ئه‌نجومه‌نی وه‌رزشیی (Nocout)ه‌ كه‌ زۆرتر گرنگی و بایه‌خ به‌بواری وه‌رزش و به‌تایبه‌تیش پایسكلسواریی و راكردن و مه‌له‌وانی ده‌دات.
-ساڵانی 2017 و 2018 بۆ دوو جاری تر به‌شداریی نیوه‌ماراسۆنی ستۆكهۆڵم-ی كردووه‌.
-ساڵانی 2016 و 2017 و 2018 به‌شداریی نیوه‌ماراسۆنی یۆتۆبۆری ڤارڤێت-ی كردووه‌.


created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure