له‌وانه‌یه‌ جارێكی تر داوه‌تی هه‌ڵبژارده‌ی عیراق نه‌كرێته‌وه‌

کوردە پیشەگەرەکان :: پێش 2 هەفتە ‌ :: 1482‌ جار بینراوە
dwarozh


دواڕۆژ سپۆرت
ئا: سه‌نگه‌ر زرار

پاش ئه‌نجامدانی یاری به‌رامبه‌ر به‌هه‌ڵبژارده‌ی به‌حره‌ین، ئه‌حمه‌د یاسین-ی ناوه‌ڕاستكاری كوردی فه‌یلی گه‌ڕایه‌وه‌ سوید و ئاماده‌ی یارییه‌ دۆستانه‌كه‌ی نێوان عیراق و ئۆزبه‌كستان نابێت و ده‌نگۆی ئه‌وه‌ش له‌ئارادایه‌ بۆ یاری به‌رامبه‌ر به‌هه‌ڵبژارده‌ی هۆنگ كۆنگ داوه‌تی ریزی هه‌ڵبژارده‌كه‌ نه‌كرێته‌وه‌.

 

 ئه‌حمه‌د یاسین غه‌نی ناوه‌ڕاستكاری كوردی یانه‌ی بی كه‌ی هێكن-ی سویدی پاش ئه‌وه‌ی به‌شێوه‌ی سه‌ره‌كی  53 خوله‌ك به‌رامبه‌ر به‌هه‌ڵبژارده‌ی به‌حره‌ین له‌یه‌كه‌م یاری هه‌ڵبژارده‌ی عیراق له‌پاڵاوتنه‌ هاوبه‌شه‌كه‌ی مۆندیالی 2022ی قه‌ته‌ر و پاڵه‌وانێتی تۆپی پێی جامی وڵاتانی ئاسیای 2023ی چین ده‌ركه‌وت، راسته‌وخۆ گه‌ڕایه‌وه‌ سوید و ده‌نگۆی ئه‌وه‌ش له‌ئارادایه‌ كه‌ كارگێڕیی هه‌ڵبژارده‌ی یه‌كه‌می عیراق پێیان راگه‌یاندووه‌ و ئاگاداریان كردووه‌ته‌وه‌ كه‌ جارێكی تری داوه‌تی ریزی هه‌ڵبژارده‌كه‌ی ناكه‌نه‌وه‌.

له‌باره‌ی رۆیشتنی ئه‌حمه‌د یاسین-ی ته‌مه‌ن 28 ساڵ، باسل گۆرگیس-ی به‌ڕێوه‌به‌ری كارگێڕیی هه‌ڵبژارده‌ی تۆپی پێی عیراق هاته‌ده‌نگ و ئه‌وه‌ی ئاشكراكرد كه‌ ئه‌حمه‌د یاسین داوای گه‌ڕانه‌وه‌ی بۆ سوید كردووه‌ و به‌شداری یاری دۆستانه‌ی به‌رامبه‌ر به‌هه‌ڵبژارده‌ی ئۆزبه‌كستان ناكات و راهێنه‌ریش قایل بووه‌.

 

هه‌روه‌ها به‌ڕێوه‌به‌ری كارگێڕیی هه‌ڵبژارده‌ی تۆپی پێی عیراق باسی له‌وه‌ كردووه‌ كه‌ هه‌ریه‌كه‌ له‌ جستن میرام و ئه‌حمه‌د یاسین و عه‌لی عه‌دنان داوای مۆڵه‌تیان له‌ سریچكۆ كاتانیچ-ی راهێنه‌ر كردووه‌ و راهێنه‌ری ناوبراویش ره‌زامه‌ندی له‌سه‌ر ئه‌وه‌ پیشانداوه‌.

 

به‌مه‌ش ئه‌م 3 یاریزانه‌ پیشه‌گه‌ره‌ له‌یاری دۆستانه‌ی نێوان هه‌ردوو هه‌ڵبژارده‌ی عیراق و ئۆزبه‌كستان ئاماده‌نابن كه‌ رۆژی دووشه‌ممه‌ی هه‌فته‌ی داهاتوو 9-9-2019 له‌شاری عه‌ممان-ی پایته‌ختی ئوردن به‌ڕێوه‌ده‌چێت، به‌ڵام بۆ یاری دووه‌می هه‌ڵبژارده‌كه‌یان له‌گروپی سێیه‌می پاڵاوتنه‌ هاوبه‌شه‌كه‌ی مۆندیالی 2022ی قه‌ته‌ر و پاڵه‌وانێتی تۆپی پێی جامی وڵاتانی ئاسیای 2023ی چین ئاماده‌ده‌بن كه‌ رۆژی 10-10-2019 له‌سه‌ر یاریگای نێوده‌وڵه‌تی شاری به‌سره‌ ئه‌نجامده‌درێت.

 

شایه‌نی باسه‌ ئه‌حمه‌د یاسین-ی یاریزانی نێوده‌وڵه‌تی كوردی فه‌یلی كه‌ خاوه‌نی هه‌ردوو ره‌گه‌زنامه‌ی عیراقی و سویدییه‌ و له‌خولی نایابی تۆپی پێی یانه‌كانی سوید (ئالسڤێنسكان) بۆ یانه‌ی بی كه‌ی هێكن یاری بكات، له‌ماوه‌ی ساڵانی 2012 تا 2019 له‌گه‌ڵ هه‌ڵبژارده‌ی تۆپی پێی عیراق 62 یاری نێوده‌وڵه‌تی ئه‌نجامداوه‌ و 6 گۆڵیشی تۆماركردووه‌ (24) یاری دۆستانه‌ و ( 38) یاری فه‌رمیی.


created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure