په‌رچه‌كرداری یه‌كێتی تۆپی پێی لوبنان به‌رامبه‌ر به‌رگریكاره‌ كورده‌كه‌

کوردە پیشەگەرەکان :: 05/09/2019‌ :: 355‌ جار بینراوە
dwarozh


دواڕۆژ سپۆرت
ئا: سه‌نگه‌ر زرار

به‌رگریكاره‌ پیشه‌گه‌ر و به‌ئه‌زموونه‌كه‌ی كورد و یانه‌ی ڤیسێل كوبه‌-ی ژاپۆنی پاش به‌شداری نه‌كردنی له‌یه‌كه‌م یاری هه‌ڵبژارده‌ی تۆپی پێی لوبنان له‌پاڵاوتنه‌ هاوبه‌شه‌كه‌ی مۆندیالی 2022ی قه‌ته‌ر و پاڵه‌وانێتی تۆپی پێی جامی وڵاتانی ئاسیای 2023ی چین، له‌لایه‌ن یه‌كێتی تۆپی پێی لوبنان-ه‌وه‌ سزای دوورخستنه‌وه‌ی به‌سه‌ردا سه‌پێنرا.

 

(ئه‌مڕۆ پێنجشه‌ممه‌ 5ی ئه‌یلولی 2019) هه‌ڵبژارده‌ی تۆپی پێی لوبنان له‌یه‌كه‌م یاری گروپی هه‌شته‌می هه‌ڵبژارده‌كانی ئاسیا له‌پاڵاوتنه‌ هاوبه‌شه‌كه‌ی مۆندیالی 2022ی قه‌ته‌ر و پاڵه‌وانێتی تۆپی پێی جامی وڵاتانی ئاسیای 2023ی چین به‌رامبه‌ر به‌هه‌ڵبژارده‌ی كۆریای باكوور له‌شاری بیۆنگ یانگ به‌ئه‌نجامی 0-2 دووچاری شكستهات و پاش ئه‌م شكسته‌ش له‌كاردانه‌وه‌یه‌كدا یه‌كێتی تۆپی پێی لوبنان بڕیاریدا به‌دوورخستنه‌وه‌ی دوو جوان عومه‌ری به‌رگریكار و باسل جرادی هێرشبه‌ر له‌رشیزی هه‌ڵبژارده‌ی یه‌كه‌می لوبنان، ئه‌مه‌ش به‌بیانووی ئه‌وه‌ی ئه‌م دوو یاریزانه‌ داوه‌تنامه‌ی به‌شداری كردنیان له‌یاری به‌رامبه‌ر به‌هه‌ڵبژارده‌ی كۆریای باكوور ره‌تكردووه‌ته‌وه‌.

 

له‌مباره‌یه‌وه‌ میدیاكانی وه‌رزشیی لوبنان ئه‌وه‌یان ئاشكراكرد كه‌ لیژنه‌یه‌كی باڵا له‌یه‌كێتی تۆپی پێی لوبنان باسل جرادی هێرشبه‌ری یانه‌ی هایدوك سپلیت-ی كرواتی و جوان عومه‌ری به‌رگریكاری یانه‌ی ڤیسێل كوبه‌-ی ژاپۆنی له‌ڕیزی هه‌ڵبژارده‌ی تۆپی پێی لوبنان دوورخسته‌وه‌، ئه‌مه‌ش به‌هۆی په‌یوه‌ندی نه‌كردن و به‌هانا نه‌چوونی ئه‌و داوه‌تنامه‌یه‌ی بۆ په‌یوه‌ندی كردن به‌هه‌ڵبژارده‌ی وڵاته‌كه‌یان ئاراسته‌یان كرابوو.

 

ئه‌م بڕیاره‌ش وه‌ك كاردانه‌وه‌ و په‌رچه‌كردارێكی یه‌كێتییه‌كه‌ داده‌نرێت به‌رامبه‌ر به‌ جوان عومه‌ری به‌رگریكاری نێوده‌وڵه‌تی كورد به‌تایبه‌ت كه‌ ئه‌مڕۆ پاش دۆڕاندنی هه‌ڵبژارده‌ی لوبنان به‌هه‌ڵبژارده‌ی كۆریای باكوور بڕیاره‌كه‌ دراوه‌.

 

ئه‌مه‌ش له‌كاتێكدایه‌ چه‌ند رۆژێك پێش یارییه‌كه‌ له‌پرێس كۆنفرانسێكدا له‌باره‌ی جوان عومه‌ری به‌رگریكاری نێوده‌وڵه‌تی و پیشه‌گه‌ریی به‌ڕه‌چه‌ڵه‌ك كوردی لوبنان، پرسیار له‌ لیڤیۆ چیۆبۆتاریۆ-ی رۆمانی و راهێنه‌ری هه‌ڵبژارده‌كه‌ كرا و ئه‌میش ئاشكرای كرد و وتی: جوان داوای لێبوردنی كردووه‌ و له‌وه‌ی كه‌ ناتوانێت ئاماده‌بێت و ئاماده‌نه‌بوونیشی په‌یوه‌ندی به‌بارودۆخی خۆیه‌وه‌ هه‌یه‌ له‌یانه‌ ژاپۆنییه‌كه‌ی.

 

جوان عومه‌ری ته‌مه‌ن 31 و به‌رگریكاری به‌ئه‌زموونی یانه‌ی ڤیسێل كوبه‌-ی به‌شدار له‌خولی نایابی یانه‌كانی ژاپۆن-یش له‌باره‌ی ئه‌م بڕیاره‌ چاوه‌ڕوان نه‌كراوه‌ هاته‌ده‌نگ و به‌میدیاكانی وه‌رزشی لوبنانی رایگه‌یاند و وتی: باوه‌ڕ به‌وه‌ ناكات ئه‌وه‌ی یه‌كێتی تۆپی پێی لوبنان باسی ده‌كات.

  شایه‌نی باسه‌ جوان عومه‌ری ته‌مه‌ن 31 ساڵ یاریزانی نێوده‌وڵه‌تی كورد كه‌ خاوه‌نی هه‌ردوو ره‌گه‌زنامه‌ی ئه‌ڵمانی و لوبنانییه‌ و یه‌كه‌م یاریزانی پیشه‌گه‌ریی كورده‌ له‌خولی نایابی تۆپی پێی یانه‌كانی ژاپۆن یاری بكات، له‌ماوه‌ی ساڵانی 2013 تا 2019 له‌گه‌ڵ هه‌ڵبژارده‌ی تۆپی پێی لوبنان 22 یاری نێوده‌وڵه‌تی ئه‌نجامداوه‌ و 2 گۆڵیشی تۆماركردووه‌ (9) یاری دۆستانه‌ و ( 13) یاری فه‌رمیی.


created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure