هێرشبه‌ره‌ پیشه‌گه‌ره‌كه‌ی كورد بۆ رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی ئۆزبه‌كستان ئاماده‌یه‌

کوردە پیشەگەرەکان :: پێش 2 هەفتە ‌ :: 204‌ جار بینراوە
dwarozh



دواڕۆژ سپۆرت
ئا: سه‌نگه‌ر زرار

له‌گه‌ڵ نزیك بوونه‌وه‌ی كۆتاییه‌كانی پاڵه‌وانێتی تۆپی پێی جامی وڵاتانی ئاسیا بۆ هه‌ڵبژارده‌كانی ئۆڵۆمپی ژێر ته‌مه‌ن 23 ساڵ، هه‌ڵبژارده‌ به‌شداره‌كانیش ئاماده‌سازییه‌كانیان چڕكردووه‌ته‌وه‌ و هه‌ڵبژارده‌ی تۆپی پێی ئۆڵۆمپی ئێرانی ژێر ته‌مه‌ن 23 ساڵانیش به‌به‌شداریی هێرشبه‌ره‌ كورده‌كه‌ی كه‌مپێكی تری ده‌ره‌كی له‌ ئۆزبه‌كستان رێكده‌خات.

 فه‌رهاد مه‌جیدی راهێنه‌ری هه‌ڵبژارده‌ی تۆپی پێی ئۆڵۆمپی ئێرانی ژێر ته‌مه‌ن 23 ساڵان ئاماده‌سازییه‌كانی هه‌ڵبژارده‌كه‌ی بۆ مانگی ئه‌یلولی 2019 گواسته‌وه‌ وڵاتی ئۆزبه‌كستان و به‌ژماره‌یه‌ك یاریزانی لاوه‌وه‌ روویكرده‌ وڵاته‌كه‌ بۆ ئه‌نجامدانی كه‌مپێكی مه‌شق و راهێنان و دوو یاری ئاماده‌سازی به‌رامبه‌ر به‌هه‌ڵبژارده‌ی ئۆڵۆمپی ئۆزبه‌كستان و یه‌كێك له‌جه‌نگاوه‌ره‌كانی مه‌جیدی كوڕه‌ كوردی كرماشانی (محه‌مه‌د مه‌هدی مه‌هدیخانی)ی یاریزانی یانه‌ی ئێن كه‌ی ڤارازدین-ی كرواتیاییه‌.


بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌ هه‌ڵبژارده‌كه‌ پاش كه‌مپێكی ناوخۆیی 5 رۆژه‌ له‌ئه‌كادیمیای میلی فوتبۆڵ له‌تارانی پایته‌خت كه‌ به‌هۆی رێككه‌وتن له‌گه‌ڵ یانه‌ی ئێن كه‌ی ڤارازدین-ی كرواتیا و واژووكردنی بۆنده‌كه‌ی مه‌هدی مه‌هدیخانی ته‌مه‌ن 22 ساڵ ئاماده‌نه‌بوو، روویكرده‌ ئۆزبه‌كستان بۆ كه‌مپێكی ده‌ره‌كی كه‌ زیاتر له‌یه‌ك هه‌فته‌ ده‌خایه‌نێت و له‌میانه‌ی كه‌مپه‌كه‌شدا 2 یاری دۆستانه‌ له‌گه‌ڵ هه‌ڵبژارده‌ی ئۆڵۆمپی ئۆزبه‌كستان ده‌كه‌ن.


محه‌مه‌د مه‌هدی مه‌هدیخانی هێرشبه‌ری نوێی یانه‌ی ڤارازدین-ی كرواتیا كه‌ چه‌ند رۆژێكه‌ یه‌كه‌م ئه‌زموونی ژیانی پیشه‌گه‌ریی له‌ده‌ره‌وه‌ی ئێران هه‌ڵبژاردووه‌، بڕیاره‌ ئه‌مڕۆ له‌ وڵاتی كرواتیاوه‌ روو له‌ئۆزبه‌كستان بكات و په‌یوه‌ندی به‌وه‌فدی هه‌ڵبژارده‌كه‌ی بكات.
شایه‌نی باسه‌ محه‌مه‌د مه‌هدی مه‌هدیخانی یاریزانی كوردی كرماشانی كه‌ ساڵی 2017 بۆ یه‌كه‌مجار داوه‌تی ریزی هه‌ڵبژارده‌ی ئۆڵۆمپی ئێرانی ژێر ته‌مه‌ن 23 ساڵ كراوه‌، یه‌كێكه‌ له‌هێرشبه‌ره‌ به‌هره‌مه‌نده‌كانی هه‌ڵبژارده‌كه‌ و پاش ئه‌وه‌ی له‌گه‌ڵ هاوڕێكانی هه‌ڵبژارده‌كه‌یان له‌یارییه‌كانی قۆناغی پاڵاوتنه‌وه‌ بۆ كۆتاییه‌كانی پاڵه‌وانێتی جامی وڵاتانی ئاسیای تایبه‌ت به‌هه‌ڵبژارده‌كانی ئۆڵۆمپی ژێر ته‌مه‌ن 23 ساڵ سه‌رخست، ئومێدی له‌سه‌ر ئه‌وه‌ هه‌ڵچنیوه‌ كه‌ بتوانێت له‌كۆتاییه‌كانی پاڵه‌وانێتییه‌كه‌شدا كه‌ رۆژانی 8 تا 26ی مانگی كانوونی دووه‌می 2020 له‌تایله‌ند به‌ڕێوه‌ده‌چێت، هه‌ڵبژارده‌كه‌ی بگه‌یه‌ننه‌ پێشبڕكێكانی تۆپی پێی ئۆڵۆمپیادی هاوینه‌ی تۆكیۆ 2020.

*بیۆگرافیای یاریزانه‌ داوه‌ت كراوه‌كه‌:
-ناو: محه‌مه‌د مه‌هدی مه‌هدیخانی.
-ساڵڕۆژی له‌دایكبوون: 28-7-1997.
-شوێنی له‌دایكبوون: گه‌یلان غه‌رب له‌شاری كرماشانی رۆژهه‌ڵاتی كوردستان.
-باڵا: 177 سم.
-هه‌ڵبژارده‌: ئۆڵۆمپی ئێران/ ژێر ته‌مه‌ن 23 ساڵ.
-هێڵی یاریكردن: هێرشبه‌ر.
-ژماره‌ی درێس: 9.
-یانه‌: ئێن كه‌ی ڤارازدین/ كرواتیا.
-ساڵی 2016 یاری بۆ هه‌ڵبژارده‌ی لاوانی ئێرانی ژێر ته‌مه‌ن 19 ساڵ كردووه‌.
-ساڵی 2017 یاری بۆ هه‌ڵبژارده‌ی لاوانی ئێرانی ژێر ته‌مه‌ن 20 ساڵ كردووه‌.
-له‌ساڵی 2017ه‌وه‌ تائێستا بۆ هه‌ڵبژارده‌ی ئۆڵۆمپی ئێرانی ژێر ته‌مه‌ن 23 ساڵ یاری ده‌كات.


created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure