ئه‌م وه‌رزه‌ی خوله‌كانی سوید بۆ كاردۆ ئاسۆی به‌رگریكاری لاوی كورد كۆتاییهات

کوردە پیشەگەرەکان :: پێش 2 هەفتە ‌ :: 139‌ جار بینراوە
dwarozh


دواڕۆژ سپۆرت
ئا: سه‌نگه‌ر زرار


به‌هۆی پێكانێكی قورسه‌وه‌ ئه‌م وه‌رزه‌ بۆ كاردۆ ئاسۆ-ی به‌رگریكاری لاوی كوردی یانه‌ی كارلستاد بی كه‌ی به‌شدار له‌خولی پله‌ یه‌كی تۆپی پێی یانه‌كانی سوید كۆتاییهات.

 پاش ئه‌وه‌ی رۆژی 25ی مانگی ئابی رابردوو له‌یاری هه‌فته‌ی 20ی قۆناغی دووه‌می یانه‌كه‌ی به‌رامبه‌ر به‌یانه‌ی لینشۆپینگ سیتی له‌خولی پله‌ یه‌كی تۆپی پێی یانه‌كانی سوید بۆ تیمه‌كانی گروپی ناوچه‌ی باكوور دووچاری پێكانی ئه‌ژنۆی هات، ئه‌مڕۆ 4ی ئه‌یلولی 2019 پزیشكه‌كه‌كان هه‌واڵێكی ناخۆشیان به‌ كاردۆ ئاسۆ راگه‌یاند كه‌ ده‌ماری ئه‌ژنۆی له‌ناوه‌وه‌ ته‌قیوه‌ و پێویستی به‌نه‌شته‌رگه‌رییه‌، ئه‌م هه‌واڵه‌ش یاریزانه‌كه‌ و هاوڕێكانی و یانه‌كه‌ی و ته‌نانه‌ت جه‌ماوه‌ری یانه‌كه‌شی دڵته‌نگ و نائومێد كرد به‌وه‌ی یه‌كێك له‌باشترین جه‌نگاوه‌ره‌كانی هێڵی به‌رگرییان له‌ده‌ستدا.


له‌مباره‌یه‌وه‌ یانه‌ی كارلستاد بی كه‌ی میوانی نوێی خولی پله‌ یه‌كی یانه‌كانی سویدی ساڵی 2019 له‌لایه‌ن خۆیه‌وه‌ به‌فه‌رمیی هه‌واڵی پێكانه‌كه‌ی كاردۆ ئاسۆ-ی بڵاوكرده‌وه‌ و رایگه‌یاند كه‌ به‌رگریكاره‌كه‌یان پاش ئه‌و پێكانه‌ی له‌یاری به‌رامبه‌ر به‌یانه‌ی لینشۆپینگ سیتی دووچاری هات، ده‌ركه‌وت پێكانه‌كه‌ی زۆر گه‌وره‌یه‌ و ئه‌ژنۆی دووچاری (ریباتی سه‌لیبی) بووه‌ و پێویستی به‌نه‌شته‌گه‌ریی و ماوه‌یه‌كی زۆره‌ تا ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ و دواجاریش هیوای ئه‌وه‌یان بۆ خواستووه‌ كه‌ وه‌رزی داهاتوو به‌به‌هێزیی بگه‌ڕێته‌وه‌.


كاردۆ ئاسۆ-ی ته‌مه‌ن 24 ساڵ و یاریزانی لاوی كوردی دانیشتووی سوید كه‌پاش جیابوونه‌وه‌ی له‌یانه‌ی نۆربی ئای ئێف-ی سویدی، سه‌ره‌تای ئه‌مساڵ (2019) بۆ ماوه‌ی 1 ساڵ په‌یوه‌ندی یانه‌ی كارلستاد بی كه‌ی سویدی كرد، له‌لێدوانێكی تایبه‌تدا بۆ دواڕۆژ سپۆرت زانیاریی زیاتری له‌سه‌ر جۆری پێكانه‌كه‌ی و ماوه‌ی دووركه‌وتنه‌وه‌كه‌ی ئاشكرا كرد و وتی: له‌خوله‌كی 39ی نیوه‌ی یه‌كه‌می یاری به‌رامبه‌ر به‌یانه‌ی لینشۆپینگ سیتی له‌ناكاو ئه‌ژنۆم ده‌نگێكی لێوه‌هات و رۆژی 2ی ئه‌م مانگه‌ پشكنینم كرد و ئه‌مڕۆ ئه‌نجامی پشكنینه‌كان ده‌ركه‌وت و ده‌ماری به‌شی پێشه‌وه‌ی ئه‌ژنۆم ته‌قیوه‌ و به‌هۆی ئاوسانه‌وه‌ پزیشكه‌كان پێیان راگه‌یاندنم كه‌ پاش 3 تا 4 هه‌فته‌ی تر نه‌شته‌رگه‌ریت بۆ ده‌كه‌ین و به‌مه‌ش به‌پێی قسه‌ی پزیشكه‌كان پاش نه‌شته‌رگه‌رییه‌كه‌ بۆ ماوه‌ی 6 تا 8 مانگ ناتوانم یاری بكه‌م.


شایه‌نی باسه‌ كاردۆ ئاسۆ كه‌ درێسی ژماره‌ 95ی یانه‌كه‌ی كارلستاد بی كه‌ی سویدی ده‌پۆشێت، وه‌ك چاوه‌ڕوان ده‌كرێت به‌هۆی ئه‌م پێكانه‌ قورسه‌ی ئه‌ژنۆیه‌وه‌ تا كۆتایی به‌هار یان سه‌ره‌تای هاوینی ساڵی 2020ی داهاتوو له‌یاریگا و یاری كردن داببڕێت و دووربكه‌وێته‌وه‌.
   
*بیۆگرافیا: 
-ناوی ته‌واو: كاردۆ/ سه‌رخێڵ ئاسۆ عومه‌ر.
-به‌(كاردۆ ئاسۆ) ناسراوه‌.
-رۆژی له‌دایكبووی 21-1-1995.
-شوێنی له‌دایكبوون: شاری كارستاد-ی سوید.
-ره‌گه‌زنامه‌ی سویدی هه‌یه‌.
-دایك و باوكی خه‌ڵكی شاری سلێمانی-ن.
-یانه‌: كارلستاد بی كه‌ی/ سوید.
-هێڵی یاری كردن: به‌رگری. 
-شوێنی یاری كردن: باڵی راست.
-ماوه‌ی بۆند: 1 ساڵ.
-یه‌كه‌م یانه‌: لاوانی یانه‌ی ئای ئێف ئیلفسبۆرگ/ سوید.
-ساڵانی 2013 و 2014 بۆ تیمی لاوانی ژێر ته‌مه‌ن 19 ساڵی یانه‌ی ئای ئێف ئێلفسبۆرگ/ سوید 24 یاری له‌ئالسڤێنسكان/ گروپی ناوچه‌ی باشوور ئه‌نجامداوه‌.
  -ساڵی 2014 بۆ تیمی لاوانی ژێر ته‌مه‌ن 21 ساڵی یانه‌ی ئای ئێف ئێلفسبۆرگ/ سوید 8 یاری له‌ئالسڤێنسكان/ گروپی ناوچه‌ی باكوور ئه‌نجامداوه‌.
-ساڵی 2015 له‌گه‌ڵ یانه‌ی بۆروس ئایك/ سوید 3 یاری له‌خولی پله‌ سێی یانه‌كانی سوید بۆ تیمه‌كانی گروپی ناوچه‌ی باشووری رۆژئاوای گۆتلاند ئه‌نجامداوه‌. 
-ساڵانی 2015 و 2016 بۆ تیمی یه‌كه‌می یانه‌ی نۆربی ئای ئێف/ سوید 34 یاری له‌خولی پله‌ یه‌كی یانه‌كانی سوید/ گروپی ناوچه‌ی باشوور ئه‌نجامداوه‌ و 2543 خوله‌كیش یاری كردووه‌.
-ساڵی 2015 له‌گه‌ڵ یانه‌ی نۆربی ئای ئێف/ سوید 2 یاری له‌جامی یانه‌كانی سوید ئه‌نجامداوه‌. 
-ساڵی 2016 له‌گه‌ڵ یانه‌ی نۆربی ئای ئێف/ سوید 2 یاری له‌یارییه‌كانی قۆناغی پلای ئۆفی سه‌ركه‌وتن به‌خولی پله‌ یه‌كی سه‌رتاسه‌ریی یانه‌كانی سوید (سوپێرتان) ئه‌نجامداوه‌ و 180 خوله‌ك یاری كردووه‌.
-ساڵانی 2017 و 2018 بۆ یانه‌ی نۆربی ئای ئێف/ سوید 43 یاری له‌خولی پله‌ یه‌كی سه‌رتاسه‌ریی یانه‌كانی سوید/ سوپێرتان ئه‌نجامداوه‌ و 1 گۆڵیشی سازكردووه‌.
-ساڵانی 2017 و 2018 له‌گه‌ڵ یانه‌ی نۆربی ئای ئێف/ سوید 2 یاری له‌جامی یانه‌كانی سوید ئه‌نجامداوه‌. 
-ساڵی 2019 بۆ یانه‌ی كارلستاد بی كه‌ی/ سوید 19 یاری له‌خولی پله‌ یه‌كی یانه‌كانی سوید/ گروپی باكوور ئه‌نجامداوه‌ و 1 گۆڵیشی سازكردووه‌.
-ساڵی 2019 له‌گه‌ڵ یانه‌ی كارلستاد بی كه‌ی/ سوید 2 یاری له‌جامی یانه‌كانی سوید ئه‌نجامداوه‌.


created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure