هێرشبه‌رە لاوه‌كه‌ی كورد و هه‌ڵبژارده‌ی ئۆڵۆمپی ئێران یانه‌یه‌كی كرواتیایی هه‌ڵبژارد

کوردە پیشەگەرەکان :: پێش 2 هەفتە ‌ :: 146‌ جار بینراوە
dwarozh


دواڕۆژ سپۆرت
ئا: سه‌نگه‌ر زرار

له‌پاش ژیلوان حه‌مه‌د-ی ناوه‌ڕاستكاری كورد، هێرشبه‌رێكی تری كوردی هه‌ڵبژارده‌ی تۆپی پێی ئۆڵۆمپی ئێران رووی له‌خولی پله‌ یه‌كی تۆپی پێی یانه‌كانی كرواتیا كرد و وه‌ك خۆشی به‌دواڕۆژ سپۆرت-ی راگه‌یاند، په‌یوه‌ندی به‌یانه‌ی سه‌ره‌كی شاری ڤارازدین-ی باكووری ئه‌م وڵاته‌ كردووه‌.

 سه‌ره‌ڕای ده‌نگۆی چوونی بۆیانه‌ی پێرسپۆلیس-ی تارانی پایته‌خت، به‌ڵام دواجار محه‌مه‌د مه‌هدی مه‌هدیخانی یاریزانی لاو و هه‌ڵكه‌وتووی كوردی كرماشانی یه‌كه‌م ئه‌زموونی ژیانی پیشه‌گه‌ریی له‌ده‌ره‌وه‌ی ئێران هه‌ڵبژارد و به‌پێی هه‌واڵی میدیاكانی وه‌رزشیی ئێران بۆندێكی درێژخایه‌نی له‌گه‌ڵ یانه‌ی ئێن كه‌ی ڤارازدین-ی دواتیمی ریزبه‌ندی خولی پله‌ یه‌كی تۆپی پێی یانه‌كانی كرواتیا كردووه‌ و یانه‌كه‌ش وه‌ك شه‌شه‌م یاریزانی بیانی بۆندی له‌گه‌ڵدا كردووه‌.

ئه‌م یاریزانه‌ لاوه‌ی كورد كه‌ ته‌مه‌نی 22 ساڵه‌ به‌هۆی ناكۆكیی له‌گه‌ڵ یه‌حیا گوڵ موحه‌مه‌دی راهێنه‌ری یانه‌كه‌یه‌وه‌ به‌ر له‌ته‌واوبوونی ماوه‌ی بۆنده‌كه‌ی، یانه‌ی شه‌هر خودرو (پادیده‌ مه‌شهه‌د)ی به‌جێهێشت و به‌هۆی مه‌رجه‌كانی یانه‌كه‌شی كه‌ رێگه‌ی پێنه‌دا بۆ یانه‌كانی تری به‌شدار له‌خولی پیشه‌گه‌رانی تۆپی پێی یانه‌كانی ئێران (پڕۆ لیگ) یاری بكات، به‌ناچاریی رووی له‌یانه‌یه‌كی ئه‌وروپایی كرد و له‌یانه‌یه‌كی خولی پله‌ یه‌كی یانه‌كانی كرواتیا گیرسایه‌وه‌.

هه‌ر به‌مهۆیه‌وه‌ش مه‌هدی مه‌هدیخانی هێرشبه‌ری هه‌ڵبژارده‌ی ئۆڵۆمپی ئێرانی ژێر 23 ساڵ تائێستا ئاماده‌ی كه‌مپی مه‌شق و راهێنانی هه‌ڵبژارده‌كه‌ی له‌ئه‌كادیمیای میلی فوتبۆڵ له‌شاری تاران نه‌بووه‌ كه‌ له‌ڕۆژی 1ی ئه‌م مانگه‌وه‌ چووه‌ته‌ نێو ئاماده‌كارییه‌كان بۆ پاڵه‌وانێتی جامی وڵاتانی ئاسیای تایبه‌ت به‌هه‌ڵبژارده‌كانی ئۆڵۆمپی كه‌ مانگی كانوونی دووه‌می 2020 له‌تایله‌ند به‌ڕێوه‌ده‌چێت.

ئه‌م یاریزانه‌ لاو و به‌هره‌مه‌نده‌ی كورد كه‌ له‌ماوه‌ی 2 وه‌رزی رابردوو (2017-2018 و 2018-2019)دا، 39 یاری له‌گه‌ڵ یانه‌ی شه‌هرخودرو له‌خولی پیشه‌گه‌رانی تۆپی پێی یانه‌كانی ئێران (پڕۆ لیگ) ئه‌نجامدا و 1568 خوله‌ك ده‌ركه‌وت و 2 گۆڵی تۆماركرد، پاش به‌جێهێشتنی یانه‌كه‌ و په‌یوه‌ندی كردنی به‌یانه‌ كرواتییه‌كه‌، له‌په‌یامێكیدا كه‌ له‌ئینستاگرام بڵاوی كردۆته‌وه‌، نووسیویه‌تی: به‌ناوی خوای گه‌وره‌، ماوه‌ی 2 ساڵ و نیو له‌ڕكابه‌ری كردن و سه‌ركه‌وتن و دابه‌زین بۆ ئه‌وه‌ی بگه‌ینه‌ خوله‌كانی ئاسیا، هه‌میشه‌ هه‌موو تواناكانی خۆمم خسته‌گه‌ڕ بۆ ئه‌وه‌ی به‌باشترین ئه‌نجام ده‌ربچین، هیوای سه‌ركه‌وتن بۆ هاوڕێكانم ده‌خوازم له‌یانه‌ی شه‌هر خودرو (پادیده‌ مه‌شهه‌د)، ئومێد ده‌كه‌م له‌یاری تۆپی پێدا نوێنه‌رێكی باشی ئێران بێت.. سوپاس بۆخوای گه‌وره‌. 
شایه‌نی باسه‌ محه‌مه‌د مه‌هدی مه‌هدیخانی له‌پاش (صادق محرمی) یاریزانی یانه‌ی لۆكۆمۆتیڤا-ی كرواتی، بووه‌ دووه‌م یاریزانی ئێران و له‌پاش (ژیلوان حه‌مه‌د)ی یاریزانی یانه‌ی ئێج ئیَِن كه‌ی گۆریكا-ی كرواتی بووه‌ یاریزانی كورد له‌خولی پله‌ یه‌كی یانه‌كانی كرواتیا یاری بكات. 








بیۆگرافیا
-ناو: محه‌مه‌د مه‌هدی مه‌هدیخانی.
-ساڵڕۆژی له‌دایكبوون: 28-7-1997.
-شوێنی له‌دایكبوون: گه‌یلان غه‌رب/ كرماشان.
-باڵا: 181 سم.
-یانه‌: ئێن كه‌ی ڤارازدین/ كرواتیا.
-هێڵی یاریكردن: هێرشبه‌ر.
-هه‌ڵبژارده‌: ئۆڵۆمپی ئێران/ ژێر ته‌مه‌ن 23 ساڵ.
-ژماره‌ی درێس: 9.
-یه‌كه‌م یانه‌: ساڵی 2015 له‌تیمی لاوانی یانه‌ی سایپا تاران یاری كردووه‌.
-ساڵانی 2015 تا 2017 له‌تیمی لاوان و یه‌كه‌می یانه‌ی نیروی زه‌مینی یاری كردووه‌.
-وه‌رزی 2017-2018 له‌گه‌ڵ یانه‌ی شه‌هر خودرو (پادیده‌)ی مه‌شهه‌د به‌شداری له‌ 20 یاریدا كردووه‌ و 1 گۆڵی تۆمار و 2 گۆڵیشی سازكردووه‌.
-وه‌رزی 2018-2019 له‌گه‌ڵ یانه‌ی شه‌هر خودرو (پادیده‌)ی مه‌شهه‌د به‌شداری له‌ 19 یاریدا كردووه‌ و 1 گۆڵی تۆماركردووه‌.
-ساڵانی 2016 و 2017 یاری بۆ هه‌ڵبژارده‌ی لاوانی ئێرانی ژێر ته‌مه‌ن 19 ساڵ كردووه‌.
-ساڵی 2017 یاری بۆ هه‌ڵبژارده‌ی لاوانی ئێرانی ژێر ته‌مه‌ن 20 ساڵ كردووه‌.
-له‌ساڵی 2017ه‌وه‌ تائێستا له‌گه‌ڵ هه‌ڵبژارده‌ی ئۆڵۆمپی ئێرانی ژێر ته‌مه‌ن 23 ساڵ یاری ده‌كات.


created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure