ئازاد و بڵند له‌تیمه‌كانی فوتساڵ و فوتبۆڵدا به‌یه‌كه‌وه‌ ده‌جه‌نگن

کوردە پیشەگەرەکان :: پێش 2 هەفتە ‌ :: 137‌ جار بینراوە
dwarozh


دواڕۆژ سپۆرت
ئا: سه‌نگه‌ر زرار
دوو یاریزانی دیاری كورد له‌یاری فوتساڵ ئه‌مساڵ له‌پێناو یانه‌یه‌كی خولی پله‌ دووی فوتساڵی یانه‌كانی سوید ده‌جه‌نگن و ئامانجیشیان ئه‌وه‌یه‌ یارمه‌تی تیمه‌كه‌ بده‌ن تاوه‌كو بۆ خولی پله‌ یه‌ك سه‌ری بخه‌ن.

  هه‌ریه‌كه‌ له‌ ئازاد ئه‌لیاسی و بڵند عه‌لی یاریزانانی به‌ئه‌زموون و به‌توانای كوردی دانیشتووی سوید ئه‌زموونی یاری كردنی خۆیان له‌خولی نایابی فوتساڵی یانه‌كانی سوید كه‌ به‌رزترین خولی ئه‌م یارییه‌ی وڵاته‌كه‌یه‌ بۆ خولی پله‌ دوو ده‌گوازنه‌وه‌ تاوه‌كو یارمه‌تی تیمی فوتساڵی یانه‌ی لینشۆپینگ (لینشۆپینگ فوتساڵ كلوب) بده‌ن، بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌ هه‌ردوو یاریزانی ناوبراو كه‌ له‌شاری لینشۆپینگ-ی سوید نیشته‌جێن بۆ ماوه‌ی 1 ساڵ بۆندیان له‌گه‌ڵ (لینشۆپینگ فوتساڵ كلوب) واژووكرد.

له‌مباره‌یه‌وه‌ تیمی فوتساڵی یانه‌ی لینشۆپینگ (Linköping Futsal SK) به‌فه‌رمیی بڵاوی كرده‌وه‌ كه‌ زۆر خۆشحاڵن پێشوازی له‌ ئازاد ئه‌لیاسی یاریزانی پڕۆفیشناڵی یاری فوتساڵ ده‌كه‌ن بۆ ماڵه‌كه‌ی خۆی كه‌ ماوه‌ی 3 وه‌رزی رابردوو بۆ تیمی فوتساڵی یانه‌ی نۆرشۆپینگ یاری كردووه‌.

هه‌روه‌ها زۆر خۆشحاڵن به‌پێشوازی كردن له‌ بڵند عه‌لی عوسمان بۆ یانه‌كه‌یان كه‌ وه‌رزی پێشوو یه‌كێك بووه‌ له‌یاریزانه‌ پێشه‌نگه‌كانی تیمی فوتساڵی یانه‌ی كفوم لینشۆپینگ و له‌خولی فوتساڵی نایابی یانه‌كانی سوید 20 گۆڵی تۆماركردووه‌ و یاریزانێكی به‌توانایه‌ و پێشكه‌وتنه‌كانی له‌یاری هێرشبه‌ردندا جێی باوه‌ڕنین.
ئازاد ئه‌لیاسی كه‌ به‌ (ئازاد لیۆ ئه‌لیاسی) ناسراوه‌ و ته‌مه‌نی 32 ساڵه‌، له‌باره‌ی هه‌ڵبژاردنی ئه‌م تیمه‌ نوێیه‌وه‌، تایبه‌ت بۆ دواڕۆژ سپۆرت وتی: ئه‌وه‌ی راستی بێت تیمی تر له‌ئاستی باڵاتر هه‌بوو یاری تێدا بكه‌م، به‌ڵام به‌هۆی دووریی له‌شاره‌كه‌ی خۆم و هه‌روه‌ها ماڵ و منداڵه‌وه‌ سه‌خت بوو بتوانم یاری بۆ بكه‌م، بۆیه‌ بڕیارمدا له‌گه‌ڵ (لینشۆپینگ فوتساڵ كلوب) به‌رده‌وام بم كه‌ تیمی شاره‌كه‌ی خۆمه‌ و لێمه‌وه‌ نزیكه‌.
له‌سه‌ر هه‌ڵبژاردنی ئه‌م تیمه‌ نوێیه‌وه‌، بڵند عه‌لی عوسمان-ی یاریزانی لاوی كورد كه‌ ته‌مه‌نی 23 ساڵه‌ تایبه‌ت بۆ دواڕۆژ سپۆرت قسه‌ی كرد و وتی: 2 تا 3 تیمی خولی نایابی یانه‌كانی سوید هه‌بوو تا یارییان بۆ بكه‌م، به‌ڵام دواجار ئه‌م تیمه‌ی شاره‌كه‌ی خۆم كه‌ داوایان لێم كرد یارییان بۆ بكه‌م، ئه‌وم هه‌ڵبژارد و كردم به‌بژارده‌ی یاری كردنم بۆ وه‌رزی نوێ، بۆیه‌ ده‌مه‌وێت له‌گه‌ڵ هاوڕێكانم یارمه‌تییان بده‌م.
شایه‌نی باسه‌ ئازاد ئه‌لیاسی و بڵند عه‌لی جگه‌ له‌وه‌ی بۆ وه‌رزی نوێ وه‌ك دوو یاریزانی كورد و هاوشاری یه‌كتر، بڕیاریاندا له‌پێناو تیمی فوتساڵی یانه‌ی لینشۆپینگ (لینشۆپینگ فوتساڵ كلوب) بجه‌نگن، له‌یاری فوتبۆڵ (تۆپی پێ)دا به‌هه‌مان شێوه‌ له‌ یه‌ك تیمدا به‌یه‌كه‌وه‌ یاری ده‌كه‌ن ئه‌میش تیمی تۆپی پێی یانه‌ی (hemgardarnas bk)یه‌ كه‌ له‌خولی پله‌ چواری یانه‌كانی سوید بۆ تیمه‌كانی گروپی ڤێسترا ركابه‌ریی ده‌كات.
 
*بیۆگرافیا:
-ناو: ئازاد ئه‌لیاسی.
-ساڵی له‌دایكبوون: 1987.
-شوێنی له‌دایكبوون: كاترینا هۆڵمن/ سوید.
-كوردی رۆژهه‌ڵاتی كوردستانه‌.
-شوێنی نیشته‌جێبوون: لینشۆپینگ/ سوید.
-ره‌گه‌زنامه‌ی سویدی هه‌یه‌.
-باڵا: 171 سم.
-كێش: 68 كگم.
-تیم: فوتساڵی یانه‌ی لینشۆپینگ.
-ماوه‌ی بۆند: 1 ساڵ.
-ساڵانی 2015 تا 2017 بۆ تیمی فوتساڵی یانه‌ی كفوم لینشۆپینگ 19 یاری ئه‌نجامداوه‌ و 10 گۆڵی تۆمار كردووه‌. 
-ساڵانی 2017 تا 2019 بۆ تیمی فوتساڵی یانه‌ی نۆرشۆپینگ 28 یاری ئه‌نجامداوه‌ و 11 گۆڵی تۆمار كردووه‌. 


*بیۆگرافیا:
-ناو: بڵند عه‌لی عوسمان.
-ساڵی له‌دایكبوون: 1996.
-شوێنی له‌دایكبوون: هه‌ولێر/ هه‌رێمی كوردستان.
-كوردی باشووری كوردستانه‌.
-شوێنی نیشته‌جێبوون: لینشۆپینگ/ سوید.
-ره‌گه‌زنامه‌ی سویدی هه‌یه‌.
-باڵا: 176 سم.
-كێش: 71 كگم.
-تیم: فوتساڵی یانه‌ی لینشۆپینگ.
-ماوه‌ی بۆند: 1 ساڵ.
-ساڵانی 2017 تا 2019 بۆ تیمی فوتساڵی یانه‌ی كفوم لینشۆپینگ 46 یاری ئه‌نجامداوه‌ و 39 گۆڵی تۆمار كردووه‌.

 

 


created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure