گۆڵپارێزه‌ كورده‌كه‌ له‌گه‌ڵ رۆژنامه‌نووسێكی وه‌رزشی ركابه‌ریی له‌سه‌ر خه‌ڵاتێکی ئاسیایی دەکەن

کوردە پیشەگەرەکان :: پێش 2 هەفتە ‌ :: 142‌ جار بینراوە
dwarozh


دواڕۆژ سپۆرت
ئا: سه‌نگه‌ر زرار
گۆڵپارێزه‌ كورده‌كه‌ی یانه‌ی پێرسپۆلیس و هه‌ڵبژارده‌ی تۆپی پێی ئێران له‌گه‌ڵ رۆژنامه‌نووسێكی به‌ئه‌زموونی وه‌رزشیی ركابه‌ریی له‌سه‌ر بردنه‌وه‌ی خه‌ڵاتی خه‌ونی ئاسیا-ی یه‌كێتی تۆپی پێی ئاسیا بۆ ساڵی 2019 (AFC-Dream Asia Awares 2019) ده‌كات.

 

 یه‌كێتی تۆپی پێی ئاسیا (AFC) له‌شاری كوالالامپور-ی مالیزیا لیستی ناوی ئه‌و پاڵێوراوانه‌ی ئاشكراكرد كه‌ بۆ بردنه‌وه‌ی خه‌ڵاتی خه‌ونی ئاسیا-ی یه‌كێتییه‌كه‌یان كاندیدكراون و لیسته‌كه‌ ناوی 26 یه‌كێتی وه‌رزشی و رێكخراوی ناحكومی و كۆمپانیا و كه‌سی له‌خۆگرتووه‌، له‌نێوانیاندا عه‌لیڕه‌زا بیرانوند-ی ته‌مه‌ن 26 ساڵ و گۆڵپارێزی هه‌ڵبژارده‌ی یه‌كه‌می ئێران و یانه‌ی پێرسپۆلیس-ی تاران ناوی هاتووه‌ كه‌ له‌گه‌ڵ بوحراج بات-ی رۆژنامه‌نووسی وه‌رزشی دێرین و به‌ئه‌زموونی نیپاڵی له‌ئاستی تاكه‌كه‌سیدا ركابه‌ریی له‌سه‌ر بردنه‌وه‌ی خه‌ڵاتی خه‌ونی ئاسیا ده‌كات.


ئه‌و خه‌ڵاته‌ش كه‌ ساڵانه‌ یه‌كێتی تۆپی پێی ئاسیا ده‌یبه‌خشێت بۆ ئه‌وانه‌یه‌ كه‌ گوزارشت له‌بایه‌خ و گرنگیی یاری تۆپی پێ ده‌كه‌ن به‌ئامانجی گۆڕینی كۆمه‌ڵگا و بۆ خه‌ڵاتی ساڵی 2019 ئه‌م یه‌كێتی و رێكخراو و كۆمپانیا و كه‌سایه‌تییانه‌ كاندیدكراون:


*خه‌ڵاتی تاك: عه‌لیڕه‌زا بیرانوند گۆڵپارێزی به‌ڕه‌چه‌ڵه‌ك كوردی ئێران و بوحراج بات-ی رۆژنامه‌نووسی وه‌رزشی دێرین و به‌ئه‌زموونی نیپاڵ.
*خه‌ڵاتی یه‌كێتییه‌ پێشه‌نگه‌كان: ئێران، ژاپۆن، مالیزیا، ئۆزبه‌كستان، چین.


 *خه‌ڵاتی یه‌كێتییه‌ تازه‌سه‌ركه‌وتووه‌كان: به‌نگلادیش، هۆنگ كۆنگ، ئوردن، میانمار، سه‌نگافوره‌.
*خه‌ڵاتی یه‌كێتییه‌ خه‌وتووه‌كان: گوام، مه‌نگۆلیا، فه‌له‌ستین.


*خه‌ڵاتی رێكخراوه‌ ناحكومییه‌كان (NGO): دامه‌زراوه‌ی شه‌نگهای ئای دریم/ چین، یانه‌ی شه‌نگهای بۆ خۆشه‌ویستی و پێكه‌وه‌ژیان/ چین، دامه‌زراوه‌ی كریكارانی جیهان/ چینی تایپی، ده‌سته‌ی هانده‌رانی یانه‌ی پێرسپۆلیس/ ئێران، یانه‌ی یه‌كگرتنه‌وه‌ی كۆمه‌ڵایه‌تی/ ژاپۆن، دامه‌زراوه‌ی چایلدرینی منداڵان/ مالیزیا، دامه‌زراوه‌ی چایلد ریچ/ نیپاڵ.
*خه‌ڵاتی كۆمپانیاكان: گروپی فۆڵگسواگن/ چین، سون ئای بۆ فه‌رش/ ئێران، شێل/ قه‌ته‌ر.


به‌پێی راگه‌یاندراوی یه‌كێتی تۆپی پێی ئاسیا، رۆژی 30ی مانگی تشرینی یه‌كه‌می ساڵی 2019 له‌په‌راوێزی كۆنگره‌ی ساڵانه‌ی به‌رپرسیارێتی كۆمه‌ڵگا له‌شاری كوالالامپور-ی پایته‌ختی مالیزیا، ناوی براوه‌ی خه‌ڵاته‌كه‌ له‌هه‌موو ئاسته‌كاندا دیاری ده‌كرێت، براوه‌ی هه‌ر 3 ئاستی یه‌كێتییه‌كانی تۆپی پێی كیشوه‌ره‌كه‌ بڕی 15 هه‌زار دۆلاریان بۆ یارمه‌تیدانی پڕۆژه‌ی به‌رپرسیارێتی كۆمه‌ڵگا پێده‌درێت و پاداشتی براوه‌ی رێكخراو و كۆمپانیا و تاكه‌ كه‌سییه‌كانیش بڕی 10 هه‌زار دۆلار ده‌بێت.


شایه‌نی باسه‌ عه‌لیڕه‌زا بیرانوند-ی گۆڵپارێزی كوردی له‌ك-ی هه‌ڵبژارده‌ی یه‌كه‌می ئێران و یانه‌ی پێرسپۆلیس-ی تاران كه‌ هه‌فته‌ی رابردوو له‌سه‌ر ئاستی وڵاته‌كه‌ی خه‌ڵاتی باشترین گۆڵپارێز و باشترین یاریزان-ی وه‌رزی 2018-2019ی خولی پیشه‌گه‌رانی تۆپی پێی یانه‌كانی ئێران (پڕۆ لیگ)ی برده‌وه‌، بۆ یه‌كه‌مجاره‌ له‌لایه‌ن یه‌كێتی تۆپی پێی ئاسیا بۆ وه‌رگرتنی (خه‌ڵاتی خه‌ونی ئاسیا)ی یه‌كێتییه‌كه‌ كاندید ده‌كرێت.


created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure