به‌رگریكاره‌ كورده‌كه‌ی خولی ژاپۆن له‌یه‌كه‌م یاری پاڵاوتنی مۆندیال بێ به‌شه‌

کوردە پیشەگەرەکان :: پێش 2 هەفتە ‌ :: 151‌ جار بینراوە
dwarozh


دواڕۆژ سپۆرت
ئا: سه‌نگه‌ر زرار

به‌رگریكاره‌ كورده‌كه‌ی یانه‌ی ڤیسێل كوبه‌-ی ژاپۆنی له‌دوو یاری هه‌ڵبژارده‌ی تۆپی پێی لوبنان له‌پاڵاوتنه‌ هاوبه‌شه‌كه‌ی مۆندیالی 2022ی قه‌ته‌ر و پاڵه‌وانێتی تۆپی پێی جامی وڵاتانی ئاسیای 2023ی چین داده‌بڕێت.

 (ئه‌مڕۆ دووشه‌ممه‌ 2ی ئه‌یلولی 2019) راهێنه‌ری هه‌ڵبژارده‌ی تۆپی پێی لوبنان پێكهاته‌ی كۆتایی هه‌ڵبژارده‌كه‌ی بۆ یارییه‌كانی گروپی هه‌شته‌می هه‌ڵبژارده‌كانی ئاسیا له‌پاڵاوتنه‌ هاوبه‌شه‌كه‌ی مۆندیالی 2022ی قه‌ته‌ر و پاڵه‌وانێتی تۆپی پێی جامی وڵاتانی ئاسیای 2023ی چین دیاری كرد كه‌ 23 یاریزانی له‌خۆگرتووه‌ و راسته‌وخۆش گه‌شتی بۆ شاری بیۆنگ یانگ-ی كۆریای باكوور كرد تا رۆژی پێنجشه‌ممه‌ی داهاتوو 5ی ئه‌یلولی 2019 رووبه‌ڕووی هه‌ڵبژارده‌ی كۆریای باكوور ببێته‌وه‌.

له‌پرێس كۆنفرانسێكدا له‌باره‌ی جوان عومه‌ری به‌رگریكاری نێوده‌وڵه‌تی و پیشه‌گه‌ریی به‌ڕه‌چه‌ڵه‌ك كوردی لوبنان پرسیار له‌ لیڤیۆ چیۆبۆتاریۆ-ی رۆمانی و راهێنه‌ری هه‌ڵبژارده‌كه‌ كرا و ئه‌میش ئاشكرای كرد و وتی: جوان داوای لێبوردنی كردووه‌ و له‌وه‌ی كه‌ ناتوانێت ئاماده‌بێت و ئاماده‌نه‌بوونیشی په‌یوه‌ندی به‌بارودۆخی خۆیه‌وه‌ هه‌یه‌ له‌یانه‌ ژاپۆنییه‌كه‌ی.

له‌لایه‌كی تره‌وه‌ میدیاكانی وه‌رزشی لوبنان ره‌خنه‌ی خۆیان له‌ جوان عومه‌ری به‌رگریكاری به‌ئه‌زموونی یانه‌ی ڤیسێل كوبه‌-ی به‌شدار له‌خولی نایابی یانه‌كانی ژاپۆن گرت كه‌ داوای لێبوردنی كردووه‌ و ناتوانێت له‌یاری هه‌ڵبژارده‌كه‌ی له‌ده‌ستپێكی یارییه‌كانی پاڵاوتن به‌رامبه‌ر به‌هه‌ڵبژارده‌ی كۆریای باكوور له‌ڕۆژی 5ی ئه‌یلول و یاری دۆستانه‌ی به‌رامبه‌ر به‌هه‌ڵبژارده‌ی عومان له‌ڕۆژی 14ی ئه‌یلولی 2019 ئاماده‌بێت، ئه‌مه‌ش له‌كاتێكدایه‌ كه‌ یاریزانی ناوبراو له‌گه‌ڵ یانه‌ نوێیه‌كه‌ی تائێستا له‌خولی نایابی یانه‌كانی ژاپۆن 1 خوله‌كیش یاری نه‌كردووه‌ و ته‌نها له‌ 1 یاری جامی ئیمپراتۆری ژاپۆن به‌شداری كردووه‌.     

شایه‌نی باسه‌ جوان عومه‌ری ته‌مه‌ن 31 ساڵ یاریزانی نێوده‌وڵه‌تی كورد كه‌ خاوه‌نی هه‌ردوو ره‌گه‌زنامه‌ی ئه‌ڵمانی و لوبنانییه‌ و یه‌كه‌م یاریزانی پیشه‌گه‌ریی كورده‌ له‌خولی نایابی تۆپی پێی یانه‌كانی ژاپۆن یاری بكات، له‌ماوه‌ی ساڵانی 2013 تا 2019 له‌گه‌ڵ هه‌ڵبژارده‌ی تۆپی پێی لوبنان 22 یاری نێوده‌وڵه‌تی ئه‌نجامداوه‌ و 2 گۆڵیشی تۆماركردووه‌ (9) یاری دۆستانه‌ و ( 13) یاری فه‌رمیی.

 

 


created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure