بۆ یەكەمجار هەڵبژاردەی تازەپێگەیشتوانی كچانی عێراق پشت بەراهێنەرێك‌و یاریدەدەرێكی كورد دەبەستێت

ناوخۆیی :: پێش 4 هەفتە ‌ :: 113‌ جار بینراوە
dwarozh


دواڕۆژ، ئەردەلان محەمەد


ئاست بەرزی راهێنەرو‌و یاریزانانی كوردستان سنوری یانەكانی كوردستان‌و تەنانەت عێراقی تێپەڕاندووەو بەناچاری هەڵبژاردەكانی عێراق پشت بەراهێنەرو‌ یاریزانانی كورد دەبەستن.
رزگار رەوف راهێنەری بەتوانای یاری باسكەی كچان لەشاری سلێمانی‌و خاوەنی بروانامەی دكتۆرا وەك‌و راهێنەرو شنە زاهیریش وەك یاریدەدەری راهێنەری هەڵبژاردەی تازەپێگەیشتوانی عێراق بۆ پاڵەوانێتیی رۆژئاوای ئاسیا دەستنیشان كران.
لەدوا كۆبونەوەی خۆیدا یەكێتی باسكەی عێراق بریاریدا بەدەستنیشانكردنی هەریەك لەرزگار رەوف‌و وەك راهێنەر‌و شنە زاهیر وەك یاریدەدەری راهێنەری هەڵبژاردەی تازەپێگەیشتووانی عێراق بۆ ئامادەكردنی پێكهاتەی هەڵبژاردەی عێراق بۆ پاڵەوانێتی رۆژئاوای ئاسیا.

رزگار رەوف بۆ دوارۆژ رایگەیاند: ئەمساڵیش یەكێتی باسكەی عێراق پێیان  باشبوو بەندە بكەنەوە بەراهێنەری هەڵبژاردەی تازەپێگەیشتوانی عێراق لەبەرئەوەی چەند هۆكارێك، یەكێك لەو هۆكارانە زمانە، چونكە من زمانەكانی عەرەبی‌و ئینگلیزی بەباشی دەزانم‌و سەرجەم كارەكانی هەڵبژاردەكە هەر خۆم ئەنجامی دەدەم، هۆكارێكیتر بۆ خۆم دەگەرێتەوە كە خاوەنی بروانامەی دكتۆرام لەبواری وەرزشدا، هەروەها بوونی قوتابخانەی باسكەی ژیمایە لەسلێمانی كە خاوەنی 200كچە یاریزانە‌و زۆربەی تەمەنی یاریزانەكانیش لەئاستی تازەپێگەیشتووان‌و بەرەو خوارە، بۆیە گرنگی بەئاستی پێشكەوتووان نادەین، چونكە زۆر ئەستەمە لەو تەمەنەدا ئەنجام بەدەست بێنیت بەتایبەتی كە رووبەرووی هەڵبژاردەكانی لوبنان‌و ئێران ببیتەوە كە لەسەر ئاستی جیهان تیپەكانیان بەهێزن.

رزگار باسی لەوەشكرد: من پێشتر بۆ دوو ساڵ راهێنەری ئاستی پێشكەوتووانی كچانی عێراق بووم ساڵی 2017 بەشداری پاڵەوانێتی وڵاتانی عەرەبمان كرد ئەوەی جێگەی خۆشحاڵی بوو نزیكەی هەشت یاریزانی كورد لەپێكهاتەی هەڵبژاردەی عێراقدا بوو، هەروەها ساڵی 2018 بەشداری پاڵەوانێتی (3×3) وڵاتانی رۆژئاوای ئاسیامان كرد لەوڵاتی لوبنان، بۆیە ئەمساڵیش بەرپرسانی یەكێتیەكە پێیان باشبوو من بكەنەوە بەراهێنەری تیپەكە بۆ پاڵەوانێتی تازەپێگەیشتوانی وڵاتانی ئاسیا كە بریارە لەشاری سلێمانی بەرێوەبچێت.
راهێنەرەكەی هەڵبژاردەی عێراق ئەوەشی خستەروو: ئەم هەنگاوەی یەكێتی باسكەی عێراق لەم كاتەدا لەجێگەی خۆی بوو بۆ زیاتر بەفەرمی ناساندنی بەندە بوو بەراهێنەرایەتی هەڵبژاردەكە، چونكە لەم لاو لاوە دەنگۆی دژایەتیكردنی من گەیشتبوو بەبەرپرسانی یەكێتیەكە.
بریارە لەكۆتای مانگی داهاتوو پاڵەوانێتی باسكەی كچانی تازەپێگەیشتوانی وڵاتانی رۆژئاوای ئاسیا بۆ یەكەمجار لەمێژووی عێراق‌و كوردستان‌ لەشاری سلێمانی ئەنجام بدرێت.


created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure