یانه‌ی هیراكلیس ئه‌لمیلۆی هۆڵه‌ندایی ناوه‌ڕاستكاره‌ كورده‌كه‌ی ده‌فرۆشێت

کوردە پیشەگەرەکان :: 14/08/2019‌ :: 175‌ جار بینراوە
dwarozh


دواڕۆژ سپۆرت
ئا: سه‌نگه‌ر زرار
ئه‌گه‌ری زۆره‌ له‌مێركاتۆی هاوینه‌دا یانه‌ی هیراكلیس ئه‌لمیلۆ-ی به‌شدار له‌خولی نایابی تۆپی پێی یانه‌كانی هۆڵه‌ندا (ئێریدیڤیزی-Eredivisie)، له‌پێناو ده‌ستكه‌وتنی پاره‌یه‌كی باش كوردستاره‌كه‌ی بفرۆشێت و هه‌ردوولاش له‌سه‌ر له‌سه‌ر گه‌یشتن به‌رێككه‌وتنێكی نوێ ناكوكن.
به‌پێی هه‌واڵی میدیاكانی وه‌رزشیی هۆڵه‌ندا محه‌مه‌د عوسمان-ی ناوه‌ڕاستكاری لاو و نێوده‌وڵه‌تی كوردی یانه‌ی هیراكلیس ئه‌لمیلۆ له‌گه‌ڵ یانه‌كه‌ی ناكۆكیی هه‌یه‌ له‌سه‌ر درێژكردنه‌وه‌ی بۆنده‌كه‌ی و ئه‌گه‌ری ئه‌وه‌ش له‌ئارادایه‌ به‌ر له‌كۆتایی هاتنی واده‌ی بازاری هاوینه‌ی كڕین و فرۆشتن و هاتن و چوونی یاریزانان له‌نێوان یانه‌كان له‌كۆتایی ئه‌م مانگه‌دا یانه‌كه‌ی له‌پێناو قازانج كردن و به‌ده‌ست خستنی پاره‌یه‌كی باش ئه‌م یاریزانه‌ بفرۆشێت كه‌ چاوی چه‌ند یانه‌یه‌كی هۆڵه‌ندایی له‌سه‌ره‌ و له‌نێوانیاندا ناوی یانه‌ی ئه‌جاكس ئه‌مستردام-یش دێت.
ئه‌م یاریزانه‌ی هه‌ڵبژارده‌ی تۆپی پێی سوریا كه‌ سه‌ره‌تای ساڵی 2018 له‌یانه‌ی تلیستار-ی هۆڵه‌ندایی بۆ ماوه‌ی دوو ساڵ و نیو په‌یوه‌ندی به‌یانه‌ی هیراكلیس ئه‌لمیلۆ-دا كرد، له‌ئێستاشدا كه‌ بۆنده‌كه‌ی ساڵێكی ماوه‌، یانه‌كه‌ی به‌نیازه‌ ئه‌گه‌ر له‌میركاتۆی ئه‌م هاوینه‌دا بۆندێكی باشی پێشكه‌ش بكرێ، بیفرۆشێت و له‌به‌رامبه‌ر ده‌ستبه‌رداربوونیدا قازانجی لێبكات.
به‌پێی زانیاریی میدیاكانی وه‌رزشیی هۆڵه‌ندا یانه‌كه‌ی ده‌مێكه‌ له‌هه‌وڵدایه‌ بۆندی نێوانیان له‌گه‌ڵ محه‌مه‌د عوسمان-ی ته‌مه‌ن 25 ساڵ بشكێنێت، به‌ڵام به‌هۆی ئه‌وه‌ی جێگه‌ی متمانه‌ و پشت پێ به‌ستنی فرانك دۆرس-ی راهێنه‌ر بووه‌، ئه‌م خه‌ونه‌ی نه‌هاتووه‌ته‌ دی، به‌ڵام به‌هۆی خواستی یانه‌كان له‌سه‌ر كڕین و گواستنه‌وه‌ی یاریزانه‌كه‌ی هێڵی ناوه‌ندی و به‌و پێیه‌ی تا هاوینی ساڵی 2020 بۆندی له‌گه‌ڵدا ماوه‌، له‌ئێستادا یانه‌ی هیراكلیس هه‌مان بیرۆكه‌ی زیندوو كردووه‌ته‌وه‌ و زیاتر له‌پێشوو په‌یوه‌سته‌ به‌شكاندنی بۆنده‌كه‌.
هه‌رچه‌نده‌ هێشتا روون نییه‌ كه‌ ئاخۆ ئه‌مه‌ رووده‌دات یان نا، به‌ڵام میدیاكانی وه‌رزشی هۆڵه‌ندا به‌دووری نازانن و ناوی هه‌ریه‌كه‌ له‌یاریزانان (براندلی كواس و ئه‌دریان دالماو و كریستۆفه‌ر پیته‌رسۆن و لیرین دوراتی و بارت ڤان هنتۆم و وۆت دروست)یان بردووه‌ كه‌ له‌میركاتۆی هاوینه‌دا یانه‌ی هیراكلیس له‌ده‌ستی داون و په‌یوه‌ندییان به‌یانه‌كانی (نه‌سر و ئوتریخت و سوانزی سیتی و ئاریس سالۆنیكی و گرونینگن و جو ئاهید ئیگلز) كردووه‌.  
شایه‌نی باسه‌ له‌وكاته‌وه‌ی محه‌مه‌د عوسمان-ی ناوه‌ڕاستكاری لاوی كوردی دانیشتووی هۆڵه‌ندا بۆ یانه‌ی هیراكلیس ئه‌لمیلۆ یاری ده‌كات، له‌گه‌ڵ تیپی یه‌كه‌می یانه‌كه‌دا 42 یاری ئه‌نجامداوه‌ و 3185 خوله‌ك یاری كردووه‌ و 5 گۆڵی تۆمار و 4 گۆڵی سازكردووه‌ (38 یاری له‌خولی نایابی یانه‌كانی هۆڵه‌ندا) و (2 یاری له‌قۆناغی پلای ئۆفی خولی نایاب بۆ گه‌یشتن به‌ئه‌وروپا لیگ) و (2 یاری له‌جامی یانه‌كانی هۆڵه‌ندا) و له‌گه‌ڵ تیمی دووه‌م (لاوانی ژێر 21 ساڵی) یانه‌كه‌ش، 7 یاری ئه‌نجامداوه‌ و 585 خوله‌ك یاری كردووه‌ و 1 گۆڵی تۆماركردووه‌.


*بیۆگرافیا:
-ناو: محه‌مه‌د عوسمان.
-ساڵڕۆژی له‌دایكبوون: 1-1-1994.
-شوێنی له‌دایكبوون: شاری قامیشلۆ-ی رۆژئاوای كوردستان.
-له‌وڵاتی هۆڵه‌ندا نیشته‌جێیه‌.
-ره‌گه‌زنامه‌ی سوری و هۆڵه‌ندی هه‌یه‌.
-باڵا: 183 سم.
-كێش: 73 كگم.
-یانه‌: هیراكلیس ئه‌لمیلۆ/ هۆڵه‌ندا.
-هێڵی یاری كردن: ناوه‌ند.
-ژماره‌ی درێس: 14.
-ماوه‌ی بۆند: 2 ساڵ و نیو (30-1-2018 تا 31-6-2020).
-هه‌ڵبژارده‌: سوریا.

 


created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure