كاپتنه‌ كورده‌كه‌ باشترینی هه‌فته‌ی ده‌ستپێكی خولی نایابی یانه‌كانی پۆرتوگاله‌

کوردە پیشەگەرەکان :: 14/08/2019‌ :: 200‌ جار بینراوە
dwarozh


دواڕۆژ سپۆرت
ئا: سه‌نگه‌ر زرار


كاپتنه‌ كورده‌كه‌ی یانه‌ی سانتا كلارا-ی پۆرتوگالی و هه‌ڵبژارده‌ی یه‌كه‌می عیراق بۆ یه‌كه‌مجار ناوی چووه‌ نێو پێكهاته‌ی باشترین هه‌ڵبژارده‌ی هه‌فته‌ی خولی نایابی تۆپی پێی یانه‌كانی پۆرتوگال (لیگا زۆن ساگریس).
ئوسامه‌ ره‌شید-ی یاریزانی نێوده‌وڵه‌تی كورد كه‌ته‌مه‌نی 27 ساڵه‌ و له‌ئێستادا یه‌كێكه‌ له‌یاریزانه‌ به‌تواناكانی هێڵی ناوه‌ندی یانه‌كه‌ی له‌خولی نایابی یانه‌كانی پۆرتوگالی وه‌رزی رابردوو (2018-2019)، هه‌روه‌ها ئه‌م وه‌رزه‌ (2019-2020) و چاوی چه‌ند یانه‌یه‌كی پۆرتوگال و ئیسپانیای له‌سه‌ره‌، سه‌ره‌ڕای دۆڕاندنی یانه‌كه‌ی له‌هه‌فته‌ی یه‌كه‌می خوله‌كه‌ 0-2 به‌یانه‌ی فامالیكاو، به‌ڵام ناوی له‌نێو پێكهاته‌ی باشترینه‌كانی هه‌فته‌ی یه‌كه‌م (هه‌ڵبژارده‌ی هه‌فته‌)ی خولی نایابی تۆپی پێی یانه‌كانی پۆرتوگال دایه‌.
پێكهاته‌كه‌ش له‌لایه‌ن پسپۆڕان و شاره‌زایانی وێبسایتی گۆڵ پۆینت (GoalPoint)ی پۆرتوگالی تایبه‌تمه‌ند به‌هه‌ڵسه‌نگاندنی ئاستی یاریزانان و شیكاریی و خستنه‌ڕووی ئاماره‌كانی یاری تۆپی پێی پۆرتوگال، دیاری كراوه‌ و بڵاوكراوه‌ته‌وه‌.
وه‌ك وێبسایتی گۆڵ پۆینت ئاماژه‌ی پێداوه‌، ئوسامه‌ ره‌شید له‌یانه‌ی سانتا كلارا (6.9) خاڵی له‌به‌رامبه‌ر هه‌ڵسه‌نگاندنی ئاستی پێدراوه‌، ئه‌مه‌ش له‌پای ئه‌وه‌ی له‌هێڵی ناوه‌ند به‌ئاستێكی باش ده‌ركه‌وتووه‌ و ئه‌م یاریزانه‌ عیراقییه‌ وه‌ك ناوه‌ڕاستكارێك له‌نێو هه‌ردوو هیڵی دواوه‌وه‌ و پێشه‌وه‌دا چالاك بووه‌ و 12 پاسی دروستی داوه‌ و 7 جار تۆپی له‌به‌رگریدا دوورخستووه‌ته‌وه‌ و 3 پاسی ئاراسته‌ی گۆڵ كردووه‌.
له‌پێكهاته‌كه‌دا ئوسامه‌ ره‌شید له‌یانه‌ی سانتا كلارا ناوی له‌پاڵ ئه‌م یاریزانانه‌دا هاتووه‌: دیفێندی/ یانه‌ی فامالیكاو، كواتیس/ یانه‌ی سپۆرتینگ لشبۆنه‌، جادسۆن/ یانه‌ی پۆرتیمۆنینسی،  تاڤارێس/ یانه‌ی به‌نفیكا، تێلێس/ یانه‌ی پۆرتۆ، پیزی/ یانه‌ی به‌نفیكا، لۆرینسی/ یانه‌ی گیل ڤیسنتی، حه‌سه‌ن/ یانه‌ی سپۆرتینگ براگا، نۆڤایس/ یانه‌ی سپۆرتینگ براگا.
شایه‌نی باسه‌ ئوسامه‌ جه‌بار شه‌فیق ره‌شید ناسراو به‌ (ئوسامه‌ ره‌شید)ی یاریزانی یانه‌ی سانتا كلارا و كوڕی شاری كه‌ركوكی كوردان، (رۆژی 10ی ئابی 2019) له‌یه‌كه‌م یاری یانه‌كه‌یدا له‌هه‌فته‌ی ده‌ستپێكی (لیگا زۆن ساگریس)ی یانه‌كانی پۆرتوگال به‌ئاستێكی به‌رز و نمونه‌یی 90 خوله‌كه‌ به‌شێوه‌ی سه‌ره‌كی ده‌ركه‌وت و له‌م لایه‌نه‌وه‌ باشترینی نێو یاریزانانی تیمه‌كه‌ی بوو، بۆیه‌ توانی پێگه‌یه‌ك له‌پێكهاته‌كه‌دا بۆخۆی داگیربكات.


created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure