فه‌رمیی: ئه‌مجاره‌یان ژیلوان له‌خولی نایابی یانه‌كانی كرواتیا گیرسایه‌وه‌

کوردە پیشەگەرەکان :: 5 رۆژ پێش ئێستا‌ :: 255‌ جار بینراوە
dwarozh


دواڕۆژ سپۆرت/ تایبەت
ئا: سه‌نگه‌ر زرار

پاش جیابوونه‌وه‌ی له‌یانه‌ی ئینچیۆن یۆنایتد-ی كۆریای باشوور، ژیلوان حه‌مه‌د-ی یاریزانی نێوده‌وڵه‌تی كوردی دانیشتووی سوید یانه‌یه‌كی خولی نایابی تۆپی پێی یانه‌كانی كرواتیای كرده‌ وێستگه‌ی داهاتووی یاری كردنی.


له‌چواره‌م ئه‌زموونی یاری كردنی ده‌ره‌كی له‌پاش یاری كردن بۆ یانه‌كانی (هۆفینهایم 1896/ ئه‌ڵمانیا و ستاندارد دولیگ/ به‌لژیكا و ئینچیۆن یۆنایتد/ كۆریای باشوور)، ژیلوان حه‌مه‌د-ی ناوه‌ڕاستكاری كورد به‌پێی بۆندێك كه‌ ئێستا واژووی كرد، بۆ ماوه‌ی 2 ساڵ په‌یوه‌ندی به‌یانه‌ی ئێج ئێن كه‌ی گۆریكا-ی كرواتی كرد كه‌ ئێستا له‌پله‌ی چواره‌می ریزبه‌ندی خولی نایابی تۆپی پێی یانه‌كانی كرواتیا دایه‌ به‌ 7 خاڵ له‌ 4 یاری (2 بردنه‌وه‌ و 1 یه‌كسانبوون و 1 دۆڕاندن).


له‌مباره‌یه‌وه‌ كاپتن ژیلوان حه‌مه‌د (ژیله‌)ی ته‌مه‌ن 28 ساڵ پاش واژووكردنی بۆنده‌كه‌ی له‌گه‌ڵ یانه‌ی ئێج ئێن كه‌ی گۆریكا-ی كرواتی له‌شاری زه‌گره‌بی پایته‌ختی كرواتیا-ه‌وه‌ تایبه‌ت بۆ دواڕۆژ سپۆرت قسه‌ی كرد و وتی: پاش هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی بۆنده‌كه‌م له‌گه‌ڵ یانه‌ی ئینچیۆن یۆنایتد، جگه‌ له‌بۆندی یانه‌كانی سوید، چه‌ند بۆندێكی ده‌ره‌كیم له‌خوله‌كانی قوبرس و كرواتیا و هۆڵه‌ندا و توركیا و تاد.. پێشكه‌ش كرا و دواجار بۆندی یانه‌ی گۆریكا-ی كرواتیا-م په‌سه‌ند كرد، یانه‌یه‌كی ناسراو و باشه‌ و كه‌وتووه‌ته‌ شاری زه‌گره‌بی یایته‌خت و له‌شوێنێكی زۆر خۆش دایه‌، بۆندێكی زۆر باش و گه‌وره‌شیان پێشكه‌ش كردم كه‌ هیچ یاریزانێكیان ئه‌م بڕه‌ پاره‌یه‌ی پێ نه‌دراوه‌، تیمه‌كه‌ش له‌خولی نایاب ركابه‌ریی ده‌كات و خولی یانه‌كانی كرواتیاش به‌به‌راورد به‌خولی یانه‌كانی سوید له‌پێشتر و باشتره‌.


سه‌باره‌ت به‌ورده‌كاریی بۆنده‌كه‌ش، ژیلوان حه‌مه‌د-ی یاریزانی پێشووی هه‌ڵبژارده‌كانی تازه‌پێگه‌یشتووانی سویدی ژێر ته‌مه‌ن 17 ساڵ و لاوانی سویدی ژێر ته‌مه‌نه‌كانی 19 و 21 ساڵ و یه‌كه‌می سوید، زانیاریی زیاتری بۆ دواڕۆژ سپۆرت دركاند و وتی: بۆنده‌كم بۆ ماوه‌ی دوو وه‌رز نووسیوه‌، وه‌ك مه‌رج دانه‌نراوه‌، به‌ڵام له‌گه‌ڵ كارگێڕیی یانه‌كه‌ وارێككه‌وتووین كه‌پاش وه‌رزێك یاری كردن، ئه‌گه‌ر بۆندی باشترم به‌ده‌ست بگات، ئه‌وا رێگه‌ی رۆیشتنم پێ ده‌ده‌ن.


شایه‌نی باسه‌ ژیلوان محه‌مه‌د حه‌مه‌د ئه‌ڵڵاوێردی خه‌ڵكی شاری رانیه‌ی باشووری كوردستانه‌ و ساڵی 1990 له‌ژیانی ئاواره‌یی له‌شاری باكۆ-ی پایته‌ختی ئازاربایجان له‌دایكبووه‌ و دوای ئه‌مه‌ش له‌گه‌ڵ خانه‌واده‌كه‌ی له‌شاری ئۆریبرۆ-ی سوید نیشته‌جێ بووه‌ و سه‌ره‌تا له‌ئه‌كادیمیای یانه‌ی بی كه‌ی فۆروارد ده‌ستی به‌یاری تۆپی پێ كردووه‌ تا گه‌یشتووه‌ته‌ تیمی یه‌كه‌می یانه‌كه‌ و له‌خولی پله‌ یه‌كی یانه‌كانی سوید یاری كردووه‌ و پاشان له‌خولی نایابی یانه‌كانی سوید/ ئالسڤێنسكان بۆ یانه‌ی مالمۆ ئێف ئێف، پاش ئه‌مه‌ش له‌یه‌كه‌م ئه‌زموونی ده‌ره‌كی له‌خولی پله‌ یه‌كی یانه‌كانی ئه‌ڵمانیا/ بۆندس لیگا بۆ هۆفینهایم 1896 و ماوه‌یه‌كی كه‌میش به‌شێوه‌ی خواستن بۆ یانه‌ی ستاندارد دولیگ له‌خولی پیشه‌گه‌رانی یانه‌كانی به‌لژیكا/ جوبیلێر پڕۆ لیگ، یاری كردووه‌ و دوای ئه‌مه‌ش دووباره‌ گه‌ڕاوه‌ته‌وه‌ ئالسڤێنسكانی یانه‌كانی سوید و له‌هاماربی ئای ئێف ده‌ركه‌وتووه‌ته‌وه‌ و به‌ر له‌وه‌ی روو له‌خولی نایابی یانه‌كانی كرواتیا-ش بكات، بۆ ماوه‌ی نیو وه‌رز له‌خولی پله‌ یه‌كی یانه‌كانی كۆریای باشوور/ كه‌ی لیگ كلاسیك له‌ڕیزی یانه‌ی ئینچیۆن یۆنایتد یاری كردووه‌.


created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure