نه‌ورۆزی كوردان قه‌ره‌بووی شكسته‌كه‌ی هه‌فته‌ی پێشووی له‌خاوه‌ن پله‌ی یه‌كه‌م كرده‌وه‌

کوردە پیشەگەرەکان :: 13/08/2019‌ :: 221‌ جار بینراوە
dwarozh


دواڕۆژ سپۆرت
ئا: سه‌نگه‌ر زرار
له‌م هه‌فته‌یه‌ی خولی پله‌ دووی تۆپی پێی یانه‌كانی سوید یانه‌ی نه‌ورۆزی كوردان 4 گۆڵی له‌یانه‌ی ئای ئێف كه‌ی هانینگ-ی خاوه‌ن پله‌ی یه‌كه‌می ریزبه‌ندی كرد و به‌مه‌ش قه‌ره‌بووی شكسته‌كه‌ی هه‌فته‌ی رابردووی 1-4ی به‌یانه‌ی ڤارمبلۆس كرده‌وه‌.
(رۆژی 12ی حوزه‌یرانی 2019) له‌سوید و له‌یارییه‌كانی هه‌فته‌ی 17ی قۆناغی دووه‌می خولی پله‌ دووی تۆپی پێی یانه‌كانی سوید بۆ تیمه‌كانی گروپی ناوچه‌ی باشوور (سۆدرا سڤیالاند)، یانه‌ی نه‌ورۆزی كوردان، توانی له‌به‌رامبه‌ر یانه‌ی ئای ئێف كه‌ی هانینگ-ی میوانیدا به‌ئاست و ئه‌نجام براوه‌بێت و حه‌وته‌م بردنه‌وه‌ش له‌خوله‌كه‌دا ده‌سته‌به‌ربكات.
له‌یارییه‌كه‌دا كه‌ له‌سه‌ر یاریگای (سێترا) ئه‌نجامدرا و هه‌ر سێ یاریزانی كورد (سێرتا گیمیسی/ كاپتن و راسیان عه‌بدوڵڵا و محه‌مه‌د خه‌لیل) به‌شێوه‌ی سه‌ره‌كی تیایدا به‌شداربوون، یانه‌ی نه‌ورۆز له‌نیوه‌ی یه‌كه‌مدا توانی 2-1 براوه‌بێت و له‌نیوه‌ی دووه‌میشدا توانی هه‌مان ئه‌نجام دووباره‌ بكاته‌وه‌ و دوو گۆڵی تر بكات و 1 گۆڵی تری لێبكرێت و سه‌ره‌نجامیش 4-2 براوه‌بێت.
گۆڵه‌كانی یانه‌ی نه‌ورۆز هه‌ریه‌كه‌ له‌ یانكو ماراه‌ و ستیفان ئۆستویك و فابكاری سانیه‌ و میلكیاس ئاندۆ له‌خوله‌كه‌كانی 4 و 47ی نیوه‌ی یه‌كه‌م و 65 و 90+4ی نیوه‌ی دووه‌مدا تۆماریان كرد و ماركۆس نۆبێل و ئه‌حمه‌د ریاحی له‌خوله‌كه‌كانی 17 و 57 گۆڵه‌كانی یانه‌ی هانینگ-یان كرد.
له‌تیمی یانه‌ی نه‌ورۆز كاپتن (سێرتا گیمیسی) 90 خوله‌ك و راسیان عه‌بدوڵڵا-ی به‌رگریكار تا خوله‌كی 66 و محه‌مه‌د خه‌لیل-ی به‌رگریكاریش تاخوله‌كی 84 یارییان كرد و له‌تیمی یانه‌ی هانینگ-یش ئۆزگور یه‌شار-ی هێرشبه‌ری به‌ئه‌زموونی كورد به‌شێوه‌ی سه‌ره‌كی 90 خوله‌ك به‌شداریی یارییه‌كه‌ی كرد.
پاش ئه‌م سه‌ركه‌وتنه‌ گه‌وره‌یه‌ش یانه‌ی نه‌ورۆز بووه‌ خاوه‌نی 24 خاڵ له‌ 17 یاری (7 بردنه‌وه‌، 3 یه‌كسانبوون، 7 دۆڕاندن) و 41 گۆڵی هه‌یه‌ و 32 گۆڵی لێكراوه‌ و 9 گۆڵی زیاده‌ی هه‌یه‌ و هاته‌وه‌ پله‌ی حه‌وته‌می خولی پله‌ دووی تۆپی پێی یانه‌كانی سوید. 
شایه‌نی باسه‌ له‌قۆناغی یه‌كه‌می خولی پله‌ دووی تۆپی پێی یانه‌كانی سوید، یانه‌ی نه‌ورۆز توانی خاڵێك له‌یانه‌ی هانینگ وه‌ربگرێت، ئه‌مه‌ش پاش ئه‌وه‌ی (رۆژی 27ی نیسانی 2019) له‌ده‌ره‌وه‌ی یاریگای خۆیدا 1-1 له‌گه‌ڵیدا یه‌كسانبوو.

 


created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure