لە ژاپۆن کوردێک وەک تاکە نوێنەری عێراق بەشداری خولی نێودەوڵەتی وەرزشی خاوەن پێداویستە تایبەتەکان دەکات

ناوخۆیی :: 12/08/2019‌ :: 358‌ جار بینراوە
dwarozh


دواڕۆژ، ئاری عەبدوڵڵا

وەک تاکە نوێنەری کوردستان و عێراق بەشداری خولێکی نێودەوڵەتی درێژخایەنی بواری وەرزشی خاوەن پێداویستە تایبەتەکان کردووە لە وڵاتی ژاپۆن.
(عەلی حسێن) راهێنەری نێودەوڵەتی کورد لە وەرزشی خاوەن پێداویستە تایبەتەکان وەک تاکە نوێنەری عێراق و کوردستان بۆ بەشداریکردن لەم خولە، دەستنیشانکراوە کە خولەکە تایبەتە بە راهێنانی وەرزشی خاوەن پێداویستە تایبەتەکان و بە کەلتوورکردنی وەرزش لەلای تاکەکان و چۆنیەتی تێکەڵکردنی وەرزش لەگەڵ لایەنی کۆمەڵایەتی و دەروونی، راهێنەرە کوردەکە لە پاڵ بەشداربووانی (١١) وڵاتی دیکە لەم خولە بەشدارە.
لە لێدوانێکی تایبەتدا بۆ دواڕۆژ، (عەلی حسێن) زانیاری دەربارەی خولەکە و چۆنیەتی دەستنیشانکردنی ئەو بۆ بەشداریکردن لەم خولە دەخاتەڕوو: "رێکخراوێکی تایبەت بە مرۆڤدۆستی سەر بە حکومەتی ژاپۆن ساڵانە ئەم خولە دەکاتەوە، تیایدا جەخت دەکرێتەوە لەوەی چۆن وەرزش بە کەلتوور بکرێت و کەسانی خاوەن پێداویستی تایبەتیش لەم نێوەندەدا رۆڵیان هەبێت لە پڕاکتیزەکردنی حەزو خولیا وەرزشییەکانیان، بە تایبەت لە وڵاتانی جیهانی سێیەم".
ئەم راهێنەر دەڵێت: "رێکخراوی جیهانی لە هەر وڵاتێک چەند کەسێکیان بانگهێشکردووە بۆ بەشداریکردن لەم خولە، منیش دوای تێپەڕاندنی چەند تاقیکردنەوەیەکی تیۆری و پڕاکتێکی، بۆ بەشداریکردن لەم خولە وەک تاکە نوێنەری عیراق سەرکەوتوو بووم و دەستنیشانکرام و ئەزموونی ٩ ساڵ کارکردنم لە نێو وەرزشی خاوەن پێداویستە تایبەتەکان هاریکار بوو بۆ ئەوەی بۆ ئەم خولە کاندید بکرێم".
عەلی وتیشی: "ماوەی خولەکە ١ مانگە و وانەکانی لە شارەکانی تۆکیۆی پایتەختی ژاپۆن و بەشێکی دیکەی خولەکە لە شاری کوچی ئەنجامدەدرێت و دوو شاری دیکەش دیاریکراوە بۆ بەڕێوەچوونی خولەکە، هاوکات سەردانی دامەزراوە و ئامادەکارییەکانی میوانداریکردنی ئۆڵۆمپیادی ٢٠٢٠ ـی تۆکیۆ دەکەین هەم بۆ ئۆڵۆمپی و هەم بۆ پێشبڕکێکانی پاڕالۆمپی. هەر لە رێگەی ئەم خولەوە سەردانی چەندین پاڵەوانیەتی تایبەت بە وەرزشکارە خاوەن پێداویستە تایبەتەکان دەکەین هاوکات ئاشناکردنی بەشداربووانی خولەکەیە بە دوو یاری تازەی تایبەت بە خاوەن پێداویستە تایبەتەکان کە ژاپۆن تازە دایهێناوە".
لە کۆتایی لێدوانەکەیدا راهێنەری وەرزشی خاوەن پێداویستە تایبەتەکان دەڵێت : "پاش گەڕانەوەمان ئەو پلان و شێوازی کارکردنەی لەم خولە فێری بووین لە رێگەی وەزارەتی کارو کاروباری کۆمەڵایەتی و وەزارەتی رۆشەنبیری حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە، بە وەرزشکارانی خاوەن پێداویستی تایبەتی کورد ئاشنای دەکەین و تا ئەوانیش سوودمەند بن لێی. هەر کەسێکیش ئەم خولە بەسەرکەوتوویی ببڕێت، دەبێتە خاوەنی بڕوانامەی نێودەوڵەتی بواری راهێنان".


created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure