ئه‌زموونێكی تری ده‌ره‌كیی سوپه‌ر مێرڤان له‌ژیانی پیشه‌گه‌ریدا

کوردە پیشەگەرەکان :: پێش 1 هەفتە ‌ :: 124‌ جار بینراوە
dwarozh



دواڕۆژ سپۆرت
ئا: سه‌نگه‌ر زرار

بۆ پێنجه‌م ئه‌زموونی ژیانی پیشه‌گه‌ریی مێرڤان چێلیك-ی هێرشبه‌ری پیشه‌گه‌ر و به‌ئه‌زموونی كورد له‌میركاتۆی هاوینه‌دا رووی له‌خولی پله‌ یه‌كی تۆپی پێی یانه‌كانی توركیا كرد و بۆ ماوه‌ی وه‌رزێك له‌گه‌ڵ میوانێكی نوێی خوله‌كه‌ گه‌یشته‌ رێككه‌وتن.
مێرڤان-ی ته‌مه‌ن 29 ساڵ به‌پێی بۆندێك كه‌ بۆ ماوه‌ی 1 وه‌رز (2019-2020)ه‌، بۆ یانه‌ی فاتیح كاره‌گومروك-ی شاری ئیسته‌نبوڵی توركی یاری ده‌كات و ئه‌م یانه‌یه‌ش وه‌رزی پێشوو (2018-2019) له‌گروپی سووری خولی پله‌ دووی تۆپی پێی یانه‌كانی توركیا بۆ خولی پله‌ یه‌ك سه‌ركه‌وتووه‌.
میرڤان له‌خوله‌كانی تۆپی پێی توركیا یاریزانێكی نامۆ نییه‌ و پێشووتر بۆ ماوه‌ی 4 وه‌رز له‌خولی سوپه‌ری تۆپی پێی یانه‌كانی توركیا (سوپه‌ر لیگ) كه‌ به‌رزترین خولی وڵاته‌كه‌یه‌، بۆ یانه‌كانی گه‌نجلێربیرلیگی و ئاخیسار به‌له‌دیه‌ سپۆر یاری كردووه‌ و ئه‌مه‌ش ده‌بێته‌ سێیه‌م ئه‌زموونی یاری كردنی له‌گه‌ڵ یانه‌كانی ئه‌م وڵاته‌ و پێنجه‌م ئه‌زموونی ده‌ره‌كی كه‌ جگه‌ له‌ 2 یانه‌كه‌ی توركیا، بۆ هه‌ردوو یانه‌ی گلاسكۆ رێنجه‌رز-ی سكۆتله‌ندا و دێلفینۆ پێسكارا-ی ئیتاڵیا یاری كردووه‌.
له‌مباره‌یه‌وه‌ یانه‌ی فاتیح كاره‌گومروك بڵاوی كرده‌وه‌ كه‌ یانه‌كه‌یان له‌دواڕۆژه‌كانی میركاتۆی هاوینه‌دا بۆ ماوه‌ی 1 وه‌رز مێرڤان چێلیك-ی هێرشبه‌ری گواستووه‌ته‌وه‌ ریزه‌كانی كه‌ ئه‌مساڵ له‌ئالسڤێنسكانی یانه‌كانی سوید 11 یاری له‌گه‌ڵ یانه‌ی بی كه‌ی هێكن ئه‌نجامداوه‌ و 1 گۆڵی تۆمار و 1 گۆڵی تریشی له‌ 340 خوله‌ك یاری كردندا سازكردووه‌.
هه‌روه‌ها جگه‌ له‌وه‌ی هیوای سه‌ركه‌وتنیان له‌گه‌ڵ یانه‌كه‌یان له‌خولی پله‌ یه‌كدا بۆی خواستووه‌، ئاماژه‌یان به‌وه‌ش داوه‌ كه‌ مێرڤان له‌گه‌ڵ سه‌ركان هورمه‌-ی سه‌رۆكی یانه‌ بۆنده‌كه‌ی واژووكردووه‌ و ئاماده‌یه‌ بۆ یاری كردن له‌خولی پله‌ یه‌كی تۆپی پێی یانه‌كانی توركیا كه‌ رۆژی 18-8-2019 ده‌ستپێده‌كات و له‌یه‌كه‌م یاریدا به‌رامبه‌ر به‌یانه‌ی بۆرسا سپۆر یاری ده‌كه‌ن. 
شایه‌نی باسه‌ مێرڤان چیلیك-ی هێرشبه‌ری به‌ئه‌زموونی كورد و پێشووی هه‌ڵبژارده‌كانی لاوانی سوید، پاش دوو ساڵ یاری كردن بۆ یانه‌ی بی كه‌ی هێكن-ی به‌شدار له‌خولی نایابی تۆپی پێی یانه‌كانی سوید (ئالسڤێنسكان)، رۆژی 18ی مانگی ته‌مموزی رابردوو به‌گفتوگۆ و بڕیاری هاوبه‌ش، بۆنده‌كه‌ی له‌گه‌ڵ یانه‌ی ناوبراو هه‌ڵوه‌شانده‌وه‌ كه‌ بۆ ماوه‌ی 3 ساڵ و نیو تا كۆتایی ساڵی 2020 بوو.

.
بیۆگرافیا 
-ناو: مێرڤان چێلیك.
-نازناو: (سوپه‌ر مێرڤان).
-رۆژی له‌دایكبوون: 26-5-1990.
-شوێنی له‌دایكبوون: بیسكۆپسگاردن/ یۆتۆبۆری (سوید).
-به‌ڕه‌چه‌ڵه‌ك كوردی باكووری كوردستانه‌.
-له‌شاری یۆتۆبۆری-ی وڵاتی سوید نیشته‌جێیه‌.
-ره‌گه‌زنامه‌ی سویدی هه‌یه‌.
-باڵا: 180 سم.
-كێش: 75 كگم.
-یانه‌: فاتیح كاره‌گومروك/ توركیا.
-هێڵی یاریكردن: هێرشبه‌ر.
*ئه‌و تیمانه‌ی یاری تێدا كردووه‌: 
-ساڵانی 2001-2004: تیمی بێچووه‌شێرانی یانه‌ی ئای ئێف وارتا/ سوید.
- ساڵانی 2004-2006: تیمی تازه‌پێگه‌یشتووانی یانه‌ی بی كه‌ی هێكن/ سوید.
-ساڵانی 2007-2008: تیمی لاوانی یانه‌ی گایس یۆتۆبۆری/ سوید. 
-ساڵانی 2008-2011: تیمی یه‌كه‌می یانه‌ی گایس یۆتۆبۆری/ سوید (73 یاری و 18 گۆڵ). 
-ساڵانی 2011-2012: یانه‌ی گلاسكۆ رێنجه‌رز/ سكۆتله‌ندا (6) یاری.
-ساڵی 2012: یانه‌ی گایس یۆتۆبۆری/ سوید (14 یاری و 2 گۆڵ).
-ساڵانی 2012-2013: یانه‌ی دێلفینۆ پێسكارا/ ئیتاڵیا (24 یاری و 4 گۆڵ). 
-ساڵانی 2013-2015: یانه‌ی گه‌نجلێرپیرلیگی/ توركیا (58 یاری و 9 گۆڵ).
 -ساڵانی 2015-2017: یانه‌ی ئاخهیسار به‌له‌دیه‌ سپۆر/ توركیا (25 یاری و 4 گۆڵ).
- ساڵانی 2017-2019: یانه‌ی بی كه‌ی هێكن/ سوید (44 یاری و 13 گۆڵ).


*له‌سه‌ر ئاستی هه‌ڵبژارده‌كان:
-ساڵانی 2007-2008: هه‌ڵبژارده‌ی لاوانی سویدی ژێر ته‌مه‌ن 18 ساڵ (4 یاری).
 -ساڵانی 2008-2009: هه‌ڵبژارده‌ی لاوانی سویدی ژێر ته‌مه‌ن 19 ساڵ (6 یاری و 2 گۆڵ).
-ساڵانی 2011-2012: هه‌ڵبژارده‌ی لاوانی سویدی ژێر ته‌مه‌ن 21 ساڵ (14 یاری و 6 گۆڵ).


*دیارترین ده‌ستكه‌وته‌كانی له‌سه‌ر ئاستی تاك و تیپ:
-وه‌رزی 2018-2019: بردنه‌وه‌ی نازناوی خولی جامی یانه‌كانی سوید.
-وه‌رزی 2018-2019: نازناوی گۆڵكه‌ری خولی جامی یانه‌كانی سوید به‌ تۆماركردنی 10 گۆڵ.

 


created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure