نەورۆز لە ئاستی کچان و ئاسۆ لە تازەپێگەیشتووانی کوڕان کۆنتڕۆڵی پاڵەوانیەتی پایسکلسواری عێراقیان کرد

ناوخۆیی :: 09/08/2019‌ :: 102‌ جار بینراوە
dwarozh


دواڕۆژ، ئاری عەبدوڵڵا

پێشبڕکێکانی قۆناغی کۆتایی پاڵەوانیەتی پایسکلسواری عێراق بۆ ئاستەکانی پێشکەوتووان، لاوان، تازەپێگەیشتوان و کچان لە شاری دیوانییە بەڕێوەچوو، هاوشێوەی ئاستی پێشکەوتووان کە یانەی کۆیە پلەی دووەمی تۆمارکرد، کوڕانی یانەی وەرزشی ئاسۆ توانییان لە ئاستی تازەپێگەیشتووان پلەی یەکەم تۆماربکەن و لە ئاستی کچانیش وەک هەمیشە کچە پایسکلسوارەکانی یانەی نەورۆز پلەی یەکەمیان کۆنتڕۆڵ کرد.


لەسەر ئاستی پێشبڕکێکانی کچان یانەی نەورۆز لە پێشبڕکێ تیمییەکان پلەی یەکەمی مسۆگەرکرد هاوکات لە ئاستی تاکی گشتی کچە پایسکلسواری ناوداری ئەم یانەیە، (سۆزی دلشاد) پلەی یەکەمی پێشبڕکێکانی بردەوە.

لەسەر ئاستی تیمی کە ماوەی ٣٠ کیلۆمەتر بوو کچانی پایسکلسواری نەورۆز ماوەکەیان بە ٣ کاتژمێر و ٢٧ خولەک و ٥٥ چرکە بڕی و پلەی یەکەمیان کۆنتڕۆڵ کرد.
هەرچی پلەی دووەمە بووە بەشی یانەی سەناعە بە تەواوکردنی ماوەی پێشبڕکێکە بە ٣ کاتژمێر و ٣٥ خولەک و ٣ چرکە.

کچانی یانەی برایەتی پلەی سێیەمی پاڵەوانیەتیەکەیان بەدەستهێنا کاتێک ماوەی پێشبڕکێکەیان بە ٤ کاتژمێر و ٣٤ خولەک بەکۆتاهێنا.

لەسەر ئاستی تاکی گشتیش، (سۆزی دلشاد) پلەی یەکەمی بەدەستهێنا کە ماوەی ٣ کیلۆمەتر بە ١ کاتژمێر و ٧ خولەک و ٣٠ چرکە بڕی.

هەریەک لە کچە پایسکلسوارەکانی یانەی نەورۆز، (موژدە رەفیق، کانیاو حسێن، لاڤان ئەحمەد) پلەی چوارەم تا شەشەمیان بەدەستهێنا.

لە پێشبڕکێکانی ئاستی تازەپێگەیشتووانی کوڕان کە ماوەکەی ١٥ کیلۆمەتر بوو، کوڕانی یانەی ئاسۆ رووێکی گەشی ئەم پاڵەوانیەتیە بوون کاتێک رکابەری بردنەوەی پلەی یەکەمیان بەرامبەر یانەیەکی بەهێزی هاوشێوەی (ئەولاد راجی) کرد و پایسکلسواری ئەم یانەیە (عەباس فەرحان ) توانی پلەی یەکەمی پێشبڕکێکانی تاکی گشتی تۆماربکات کاتێک ماوەی پێشبڕکێکەی بە ٢٥ خولەک بڕی.
هەریەک لە (وەهبی سلێمان و دلشاد فەرحان) لە یانەی ئاسۆ، پلەی پێنجەم و شەشەمیان تۆمارکرد.
هاوکات لە پێشبڕکێکانی ئاستی لاوانی کوڕان، یانەی دهۆک بە بەراورد بە پێشبڕکێکانی پێشوو، پاشەکشەیەکی بەرچاوی کرد و لە پاڵەوانیەتی ئەمجارە پلەی سێیەمی بەرکەوت. 

لە رۆژانی ٦ تا ٩ ـی ئەم مانگە لە شاری دیوانییە پێشبڕکێکانی قۆناغی سێیەم و کۆتایی پاڵەوانیەتی پایسکلسواری یانەکانی عێراق بۆ ئاستی پێشکەوتووان بەڕێوەچوو، لەسەر ئاستی پێشکەوتووانیش، پایسکلسوارانی یانەی کۆیە پلەی دووەمی پاڵەوانیەتیەکەیان بردەوە و پایسکلسوارانی هەولێر بوونە خاوەنی پلەی سێیەم و سەناعە بە پلەی یەکەم هات.

بەڕێوەچوونی پێشبڕکێکانی قۆناغی کۆتایی پایسکلسواری عێراق لەسەر رێگەی خێرای نێوان بەغداد-دیوانییە ئەنجامدرا و لە هەر سێ رۆژی کێبڕکێکان، کاتژمێر ٧ ـی بەیانی دەستی پێکرد.
بەهۆی ئەوەی یەکێتی پایسکلسواری عێراق ئامادەنەبوو پاڵەوانیەتیەکە بهێنێتە شاری سلێمانی، چەند یانەیەکی کوردی بایکۆتی بەشداریکردنییان کرد لەم پاڵەوانیەتیە و ئامادەنەبوون بچنە شاری دیوانییە.


created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure