بڕوا نوری ئه‌مساڵیش گرانترین یاریزانه‌

کوردە پیشەگەرەکان :: 15/07/2019‌ :: 273‌ جار بینراوە
dwarozh



دواڕۆژ سپۆرت
ئا: سه‌نگه‌ر زرار

له‌نوێترین ریزبه‌ندی جیهانیی گرانترین یاریزانانی تۆپی پێدا، بڕوا نوری ناوه‌ڕاستكاری به‌ئه‌زموونی كورد سه‌روو لیستی گرانترین یاریزانانی له‌خولی پله‌ یه‌كی تۆپی پێی یانه‌كانی ئیندۆنیسیا گرتووه‌.
به‌پێی دوایین لیستی بڵاوكراوه‌ی وێبسایتی (ترانسفێر ماركێت)ی جیهانیی كه‌ له‌م مانگه‌دا بڵاوكراوه‌یه‌وه‌، بڕوا نوری ناوه‌ڕاستكاری كوردی یانه‌ی بالی یۆنایتد-ی ئیندۆنیسیا هێشتا گرانترین یاریزانی خولی پله‌ یه‌كی تۆپی پێی یانه‌كانی ئیندۆنیسیا (GO-JEK LIGA 1)یه‌.
له‌مباره‌یه‌وه‌ زۆرێك له‌وێبسایته‌ وه‌رزشییه‌كانی ئیندۆنیسیا، له‌سه‌روویانه‌وه‌ وێبسایتی (ترانسفێر ناسیۆنال)، پێكهاته‌ی گرانترین 11 یاریزانی خولی پله‌ یه‌كی تۆپی پێی یانه‌كانی ئیندۆنیسیا-ی به‌پشت به‌ستن به‌وێبسایتی (ترانسفێر ماركێت)ی به‌ناوبانگ و باوه‌ڕپێكراو بڵاوكرده‌وه‌ و بڕوا نوری یاریزانی نێوده‌وڵه‌تی كورد و پێشووی هه‌ڵبژارده‌ی تۆپی پێی عیراق سه‌روو لیسته‌كه‌ی گرتووه‌ و یه‌كه‌م گرانترین یاریزانی خوله‌كه‌یه‌.
 ئه‌م لیسته‌ نوێیه‌ش پاش كۆتایی هاتنی بازاڕی هاوینه‌ی هاتن و چوون و كڕین و فرۆشتنی یاریزانان له‌نێوان یانه‌كانی به‌شدار له‌خولی پله‌ یه‌كی ئیندۆنیسیا بڵاوكرایه‌وه‌ و كه‌پێی لیسته‌كه‌ بڕوا نوری ناوه‌ڕاستكاری كوردی ته‌مه‌ن 32 ساڵ به‌ بڕی زیاتر له‌ 10 ملیار روپییه‌ی ئیندۆنیسیایی پێشه‌نگی لیستی یاریزانانی گرتووه‌ به‌وه‌ی كه‌ خاوه‌نی به‌رزترین و گرانترین بۆنده‌.
شایه‌نی باسه‌ بڕوا بڕوا حیكمه‌ت نوری پیشه‌گه‌ری كورد و خاوه‌ن هه‌ردوو ره‌گه‌زنامه‌ی سویدی و عیراقی، مانگی ته‌ممووزی ساڵی 2018ی رابردوو تا كۆتایی ساڵی 2020 په‌یوه‌ندی به‌یانه‌ی بالی یۆنایتد كردووه‌ و بۆنده‌كه‌شی شایه‌نی درێژكردنه‌وه‌یه‌ بۆ 1 ساڵی تر واتا تا كۆتایی ساڵی 2021 و له‌وكاته‌وه‌ی رووی له‌خولی پله‌ یه‌كی یانه‌كانی ئیندۆنسیا و به‌دیاری كراوی یانه‌ی بالی یۆنایتد كردووه‌، هه‌ر گرانترین یاریزانی بیانییه‌ له‌نێو یاریزانانی یانه‌كه‌ی و یاریزانانی بیانی 18 تیمی به‌شداریی خوله‌كه‌شدا و ئه‌مساڵیش به‌هه‌مان شێوه‌ به‌بڕی (10.3 ملیار روپیه‌) هه‌ر له‌سه‌روو لیستی یاریزانه‌ گرانبه‌هاكانی خوله‌كه‌ دایه‌. 





*بڕوا نوری كێیه‌؟
-ناو: بڕوا حیكمه‌ت نوری.
-به‌ (بڕوا نوری) ناسراوه‌.
-كوردی باشووره‌ و باوكی خه‌ڵكی هه‌ڵه‌بجه‌ و دایكی خه‌ڵكی سلێمانی-یه‌.
-رۆژی 23-1-1987 له‌شاری ورمێی رۆژهه‌ڵاتی كوردستان له‌دایكبووه‌.
-له‌وڵاتی سوید نیشته‌جێیه‌.
-ره‌گه‌زنامه‌ی سویدی و عیراقی هه‌یه‌. 
-باڵا: 177 سم.
-كێش: 70 كگم.
-یانه‌: بالی یۆنایتد/ ئیندۆنیسیا.
-هێڵی یاری كردن: ناوه‌ند.
-ژماره‌ی درێس: 6.
-ماوه‌ی بۆند: 2 ساڵ و نیو+1 ساڵ درێژكردنه‌وه‌ (25-7-2018 تا 31-12-2021).
-ساڵی 2018 له‌گه‌ڵ یانه‌ی بالی یۆنایتد 13 یاری له‌خولی پله‌ یه‌كی یانه‌كانی ئیدۆنیسیا ئه‌نجامدا و تیایدا 897 خوله‌ك ده‌ركه‌وت.
-ساڵی 2019 له‌گه‌ڵ یانه‌ی بالی یۆنایتد 3 یاری و 192 خوله‌ك له‌جامی یانه‌كانی ئیندۆنیسیا و 2 یاری و 180 خوله‌ك یاری كردن له‌جامی سه‌رۆكی ئیندۆنیسیا و تائێستا 7 یاری و 1 پاسی گۆڵ 630 خوله‌ك یاری له‌خولی پله‌ یه‌كی یانه‌كانی ئیدۆنیسیا.
-له‌ماوه‌ی ساڵانی 2016 تا 2018 له‌گه‌ڵ هه‌ڵبژارده‌ی یه‌كه‌می عیراق 9 یاری ئه‌نجامداوه‌ و 1 گۆڵی تۆمار و 1 گۆڵی تری سازكردووه‌، 7 یاری و 363 خوله‌ك یاری كردن و 1 گۆڵ و 1 ئه‌سێست له‌یارییه‌ دۆستانه‌كان و 2 یاری و 92 خوله‌ك یاری كردن له‌پاڵاوتنی مۆندیالی 2018ی روسیا.

 


created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure