ڤۆتبال 24 نوێترین هەواڵ لەسەر هێرشبه‌ره‌ كورده‌كه‌ی كلوب بروچ بڵاودەکاتەوە

کوردە پیشەگەرەکان :: 15/07/2019‌ :: 192‌ جار بینراوە
dwarozh



دواڕۆژ سپۆرت
ئا: سه‌نگه‌ر زرار

چه‌ند رۆژێكه‌ له‌لایه‌ن میدیاكانی وه‌رزشی به‌لژیكا بابه‌تی گه‌ڕانه‌وه‌ی هێرشبه‌ره‌ كورده‌كه‌ی یانه‌ی بروچ (كلوب بروچ)ی له‌خولی پیشه‌گه‌رانی تۆپی پێی یانه‌كانی به‌لژیكا (جوپیلێر پڕۆ لیگ) بۆ ریزی یانه‌كه‌ی پێشووی رۆیاڵ شارلروا-ی به‌لژیكایی له‌ئارادایه‌ و سه‌رۆكی یانه‌كه‌ش ئه‌م هه‌واڵه‌ به‌پێكه‌نیناوی ناوده‌بات.


زۆرێك له‌میدیاكانی به‌لژیكا باس له‌وه‌ ده‌كه‌ن كه‌ كاوه‌ ره‌زایی ته‌مه‌ن 27 ساڵ و هێرشبه‌ری كوردی یانه‌ی بروچ كه‌ هاوینی ساڵی 2018 به‌رامبه‌ر به‌بڕی 5 ملیۆن یۆرۆ وه‌ك گرنترین بۆند بوو له‌یانه‌ی رۆیاڵ شارلروا-ی به‌لژیكایی رووی له‌م یانه‌یه‌ كرد، ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ یانه‌كه‌ی پێشووی.


له‌باره‌ی ئه‌م ده‌نگۆیانه‌شه‌وه‌ مه‌هدی به‌یات-ی به‌ڕه‌چه‌ڵه‌ك ئێرانی و خاوه‌ن و به‌ڕێوه‌به‌ری یانه‌ی رۆیاڵ شارلروا-ی به‌لژیكایی له‌لێدوانێكیدا بۆ میدیاكان وتی: ئه‌م هه‌واڵه‌ هیچ بنه‌مایه‌كی نییه‌ و گه‌ڕانه‌وه‌ی كاوه‌ ره‌زایی بۆ یانه‌كه‌یان هه‌واڵێكی پێكه‌نیناوییه‌.


مه‌هدی به‌یات له‌باره‌ی كاوه‌ ره‌زایی هێرشبه‌ری كوردی كرماشانی و پێشووی یانه‌كه‌ی زیاتر قسه‌ی بۆ میدیاكان كرد و وتی: ئیڤان لیكۆ-ی راهێنه‌ری پێشووی یانه‌ی بروچ ده‌رفه‌تی به‌ كاوه‌ نه‌دا و نه‌یتوانی سوود له‌تواناكانی وه‌ربگرێت، به‌ڵام ئه‌م یاریزانه‌ له‌ژێر سه‌رپه‌رشتی راهێنه‌ریی نوێی یانه‌كه‌یدا له‌وانه‌یه‌ بتوانێت خۆی بسه‌ڵمێنێته‌وه‌.


 له‌لایه‌كی تره‌وه‌ به‌پێی دوایین راپرسییه‌كی وێبسایتی ڤۆتباڵ 24 (Voetbal24)ی به‌لژیكایی كه‌ پرسیاری ئه‌وه‌ی كردووه‌ ئایا كاوه‌ ره‌زایی ئاینده‌ی له‌گه‌ڵ یانه‌ی بروچ دایه‌؟، زۆرینه‌ی به‌شداربووان باوه‌ڕیان وایه‌ كه‌ ئاینده‌ی له‌گه‌ڵ یانه‌كه‌دا نییه‌.


به‌پێی ئه‌نجامی راپرسییه‌كه‌ 64% به‌شداربووان ده‌نگیان بۆ ئه‌وه‌ داوه‌ كه‌ كاوه‌ ره‌زایی هێرشبه‌ر هیچ ئاینده‌یه‌كی له‌گه‌ڵ یانه‌ی بروچ دانییه‌ و به‌پێچه‌وانه‌شه‌وه‌ 36%ی ده‌نگده‌ران بژارده‌یان ئه‌رێنییه‌ و له‌ڕاپرسییه‌كه‌دا ده‌نگیان بۆ ئه‌وه‌ داوه‌ و چاوه‌ڕێ ده‌كه‌ن یاریزانی ناوبراو ئاینده‌یه‌كی باشی له‌گه‌ڵ یانه‌كه‌یدا ده‌بێت.

 
شایه‌نی باسه‌ كاوه‌ ره‌زایی كرماشانی پاش فرۆشتنی به‌یانه‌ی بروچ به‌ماوه‌یه‌كی كه‌م چه‌ند جارێك دووچاری پێكان هات و به‌مهۆیه‌وه‌ش له‌خولی پیشه‌گه‌رانی تۆپی پێی یانه‌كانی به‌لژیكا (جوپیلێر پڕۆ لیگ)ی وه‌رزی 2018-2019دا ته‌نها 11 یاری له‌گه‌ڵ یانه‌ی بروچ ئه‌نجامدا و له‌كۆی 409 خوله‌ك یاری كردندا 1 گۆڵی به‌په‌ناڵتی تۆمار و 1 گۆڵی تریشی سازكرد و له‌قۆناغی گروپه‌كانی خولی تۆپی پێی جامی یانه‌ پاڵه‌وانه‌كانی ئه‌وروپا (یوفا چامپیۆنس لیگ)ی وه‌رزی 2018-2019دا، له‌ 2 یاریدا  97 خوله‌ك ده‌ركه‌وت.

 


created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure