​ڤیدیۆ:سوپێرتانی سوید: دالكورد قه‌ره‌بووی شكسته‌كه‌ی هه‌فته‌ی پێشووی كرده‌وه‌

کوردە پیشەگەرەکان :: 14/07/2019‌ :: 191‌ جار بینراوە
dwarozh


دواڕۆژ سپۆرت
ئا: سه‌نگه‌ر زرار

له‌خولی پله‌ یه‌كی تۆپی پێی سه‌رتاسه‌ریی یانه‌كانی سوید (سوپێرتان)، ئه‌م هه‌فته‌یه‌ یانه‌ی دالكورد-ی كوردانی سوید له‌ده‌ره‌وه‌ی یاریگای خۆیدا به‌ئه‌نجامێكی گه‌وره‌ بردنه‌وه‌ی ده‌سته‌به‌ركرد و قه‌ره‌بووی شكستی یاری پێشووی به‌یانه‌ی ڤیستیرۆس-ی كرده‌وه‌ و خانه‌یه‌كی تر به‌ره‌و سه‌رووی ریزبه‌ندی هه‌ڵكشا. 
 (ئه‌مڕۆ یه‌كشه‌ممه‌ 14 ته‌مموزی 2019) یانه‌ی دالكورد به‌به‌شداریی سه‌ره‌كی هه‌ریه‌كه‌ یاریزانانی كورد (دیلان ئیسماعیل-ی به‌رگریكار و راوێژ لاوان-ی ناوه‌ڕاستكار) و یه‌ده‌گی (فه‌رهاد ئه‌یاز-ی ناوه‌ڕاستكار) له‌شاری یۆتۆبۆری و له‌سه‌ر یاریگای گامالا ئولیڤی بووه‌ میوانی یانه‌ی گایس یۆتۆبۆری و سه‌ره‌نجامیش توانی 5-1 براوه‌بێت و ئه‌و شكسته‌ قورسه‌ی هه‌فته‌ی رابردووی 1-6 به‌یانه‌ی ڤیستیرۆس له‌بیر جه‌ماوه‌ر و هه‌وادارانی بباته‌وه‌.
له‌نیوه‌ی یه‌كه‌می یارییه‌كه‌دا یانه‌ی دالكورد به‌به‌هێزی ده‌ركه‌وت و توانی 2 گۆڵ له‌خوله‌كه‌كانی 18 و 31 له‌ڕێگه‌ی بێسارد سابۆڤیچ و كێرفالا سیسۆكۆ تۆماربكات و یانه‌ی گایس-ی خاوه‌ن خاك و جه‌ماوه‌ریش ته‌نها له‌خوله‌كی 45دا به‌گۆڵێكی لیۆنارد پلانا وه‌ڵامی دوو گۆڵه‌كه‌ی یانه‌ی دالكورد-یان دایه‌وه‌.
له‌نیوه‌ی دووه‌میشدا یانه‌ی دالكورد كه‌ ئامانج و دروشمی بردنه‌وه‌ و 3 خاڵی یارییه‌كه‌ بوو به‌هه‌مان گوڕوتینی نیوه‌ی یه‌كه‌مه‌وه‌ ده‌ركه‌وتن و سه‌ره‌نجامیش توانییان 3 گۆڵی تر بخه‌نه‌ سه‌ر 2 گۆڵه‌كه‌ و ئه‌نجامی كۆتایی یارییه‌كه‌ 5-1 له‌به‌رژه‌وه‌ندی خۆیان به‌كۆتایی پێ بهێنن و 3 گۆڵه‌كه‌ش ئیفان جاساریڤیچ و جۆزێف كیسای و فه‌رهاد ئه‌یاز له‌خوله‌كه‌كانی 60 و 75 و 90+1دا تۆماریان كرد.
ئه‌مه‌ش یه‌كه‌م گۆڵی فه‌رهاد ئه‌یازی یاریزانی لاوی كورد بوو له‌مساڵدا بۆ یانه‌ی دالكوردی تۆماربكات، فه‌رهاد له‌خوله‌كی 74دا هاوبه‌شی له‌م سه‌ركه‌وتنه‌ گه‌وره‌یه‌ی یانه‌كه‌ی كرد، ئه‌مه‌ش پاش 7 یاری دابڕان به‌هۆی پێكانه‌وه‌ و له‌گه‌ڵ گه‌ڕانه‌وه‌شیدا به‌تۆماركردنی پێنجه‌م گۆڵی یانه‌ی دالكورد و یه‌كه‌می خۆی له‌كۆی 8 یاری و 485 خوله‌ك یاری كردندا جه‌ماوه‌ری یانه‌كه‌ی دڵخۆش بكات.
به‌م بردنه‌وه‌ گه‌وره‌یه‌ش یانه‌ی دالكورد توانی پاش ته‌واوبوونی یارییه‌كانی قۆناغی یه‌كه‌می خوله‌كه‌، كۆی بردنه‌وه‌كانی بگه‌یه‌نێته‌ 7 بردنه‌وه‌ و بووه‌ خاوه‌نی 23 خاڵ له‌ 15 یاری (7 بردنه‌وه‌، 2 یه‌كسانبوون، 6 دۆڕاندن) و له‌خانه‌ی هه‌شته‌می ریزبه‌ندی سوپێرتانی یانه‌كانی سویدی ساڵی 2019دا بۆ خانه‌ی حه‌وته‌م سه‌ربكه‌وێت.


*كارتی یارییه‌كه‌:
-بۆنه‌: خولی پله‌ یه‌كی سه‌رتاسه‌ریی یانه‌كانی سوید (سوپێرتان):
-ساڵ: 2019.
-هه‌فته‌: 15، قۆناغ: یه‌كه‌م. 
-رۆژی یاری: یه‌كشه‌ممه‌ 14-7-2019.
-یاری: گایس یۆتۆبۆری×دالكورد ئێف ئێف.
-ئه‌نجامی نیوه‌ی یه‌كه‌م: (1-2).
-ئه‌نجامی كۆتایی (1-5).
-یاریگا: گامالا ئولیڤی.
-شار: یۆتۆبۆری.
-جه‌ماوه‌ری ئاماده‌بوو: 2039 كه‌س.
-گۆڵه‌كانی دالكورد: بێسارد سابۆڤیچ (خ/ 18) و كێرفالا سیسۆكۆ (خ/ 31) و ئیفان جاساریڤیچ (خ/ 60) و جۆزێف كیسای (خ/ 75) و فه‌رهاد ئه‌یاز (خ/ 90+1).
-گۆڵی یانه‌ی گایس: لیۆنارد پلانا (خ/ 45).

بۆ بینینی ڤیدیۆکە کلیک لەم لینکە بکەن


created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure