پاڵەوانیەتی کراوەی بادمنتۆن لە هەولێر ئەنجامدەدرێت

ناوخۆیی :: 12/07/2019‌ :: 116‌ جار بینراوە
dwarozh


دواڕۆژ، ئاری عەبدوڵڵا

لقی هەولێری یەکێتی بادمنتۆنی عێڕاق لە ژێر سەرپەرشتی و چاودێری یەکێتی ناوەندی تۆپی ریشەی عێڕاق، پاڵەوانیەتی کراوەی هەولێر لە یاری بادمنتۆن لەسەرجەم ئاستەکانی کوڕان و کچان رێکدەخات.
بڕیارە رۆژی شەممە رێککەوتی ١٣ ـی تەمموز بە بەشداری ٢٠ یاریزان لەسەرجەم ئاست و تەمەنەکانی کوڕان و کچان، پاڵەوانیەتی کراوەی بادمنتۆن لە شاری هەولێر و بە دیاریکراوی لە هۆڵی وەرزشی یانەی ئەکاد بەڕێوەبچێت.

لە لێدوانێکی تایبەتدا بۆ دواڕۆژ (نادر مەجید) سەرۆکی لقی هەولێری یەکێتی بادمنتۆنی عێڕاق ئاماژەی بەوەدا: "ئەنجامدانی ئەم پاڵەوانیەتیە لە درێژەی کارو چالاکییەکانی ساڵی ٢٠١٩ ـەیە کە بەشە منحەیەکیان بۆ تەرخانکراوە و ئەوانیش بە پێی ئەندازەی ئەم پارەیە، پاڵەوانیەتیەک رێکدەخەن".
نادر وتیشی: "ئەم پاڵەوانیەتیە بۆ سەرجەم ئاست و تەمەنەکانی پێشکەوتووان و لاوان و تازەپێگەیشتوانی کوڕان و کچانە و ئامانجیش لێی، دیاریکردن و دەستنیشانکردنی یاریزانانی هەڵبژاردەی عێڕاقە بۆ بەشداریکردن لە دوو پاڵەوانیەتی وڵاتانی عەرەبی و وڵاتانی رۆژئاوای ئاسیا، کە بڕیارە هەردوو پاڵەوانیەتی لە ناوەڕاستی مانگی ئاب لە وڵاتی ئوردن بەڕێوەبچێت".
ئەم سەرۆکە لقی هەولێری یەکێتی بادمنتۆنی عێڕاق جەختیشی کردەوە لەوەی: "یاریزانە کوردەکان پێگەیەکی بەهێزیان هەیە لە یاری بادمنتۆن لەسەر ئاستی عێڕاق و پارساڵیش لە وڵاتی لوبنان، یاریزانە کوردەکانی یانەی وەرزشی ئەکاد بە نوێنەرایەتی هەڵبژاردەی عێڕاق بەشداری دوو پاڵەوانیەتی عەرەبی و رۆژئاوای ئاسیایان کرد و پلەی یەکەمیان مسۆگەرکرد کە ئەمەش دەسکەوتێکی مێژوویی بوو بۆ وەرزشی عێڕاق".


لە کۆتایی لێدوانەکەیدا نادر مەجید نیگەرانی خۆی دەربڕی لەوەی لە کاتی گەشتی شاندەکانیان بۆ دەرەوەی وڵات، کەمترین پارەیان بۆ خەرجدەکرێت و تەنانەت جاری وا هەبووە خۆی وەک سەرۆک شاند، لەسەر گیرفانی خۆی گەشتی کردووە و لیژنەی ئۆڵۆمپی عێڕاق پارەیان نەداوەتەوە.
 


created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure