سێیه‌م ئه‌زموونی به‌رگریكارێکی کورد له‌ قه‌ته‌ر ستارلیگدا

کوردە پیشەگەرەکان :: پێش 1 هەفتە ‌ :: 213‌ جار بینراوە
dwarozh


دواڕۆژ سپۆرت
ئا: سه‌نگه‌ر زرار

پاش ئه‌وه‌ی وه‌رزی رابردوو 2018-2019 به‌شێوه‌ی خواستن بۆ یانه‌ی ئه‌هلی دۆحه‌ یاری كرد، له‌دووه‌م ئه‌زموونی هاوشێوه‌دا به‌رگریكاره‌ كورده‌كه‌ی یانه‌ی ئه‌لسه‌د-ی قه‌ته‌ری و هه‌ڵبژارده‌ی ئۆڵۆمپی قه‌ته‌ر بۆ وه‌رزی داهاتوو له‌گه‌ڵ یانه‌یه‌كی تری خولی ئه‌ستێره‌كانی تۆپی پێی یانه‌كانی قه‌ته‌ر (قه‌ته‌ر ستار لیگ) درێژه‌ به‌یاری كردن ده‌دات.


   ئه‌حمه‌د سوهه‌یل هه‌مه‌وه‌ندی به‌رگریكاری لاو و به‌هره‌مه‌ندی كوردی یانه‌ی ئه‌لسه‌د-ی قه‌ته‌ری پاش ئه‌وه‌ی وه‌رزی پێشوو 2018-2019 بۆ ماوه‌ی نیو وه‌رز به‌شێوه‌ی خواستن درا به‌یانه‌ی ئه‌هلی قه‌ته‌ری، بۆ وه‌رزی 2019-2020 به‌هه‌مان شێوه‌ له‌لایه‌ن یانه‌كه‌یه‌وه‌ به‌شێوه‌ی خواستن دراوه‌ به‌یانه‌ی ئه‌لوه‌كڕه‌-ی هاونیشتمانی.


له‌ناوه‌ڕاستی مانگی حوزه‌یرانی رابردوودا رۆژنامه‌ی (الشرق)ی قه‌ته‌ری ئاشكرای كرد كه‌ ئه‌حمه‌د سوهه‌یل هه‌مه‌وه‌ندی به‌رگریكاری یانه‌ی ئه‌لسه‌د بۆ وه‌رزی 2019-2020 به‌شێوه‌ی خواستن په‌یوه‌ندی به‌یانه‌ی ئه‌لوه‌كڕه‌-ی قه‌ته‌رییه‌وه‌ ده‌كات، (رۆژی 10ی ته‌مموزی 2019) یانه‌ی ئه‌لوه‌كڕه‌ به‌فه‌رمیی بڵاوی كرده‌وه‌ كه‌ بۆ ماوه‌ی 1 وه‌رز و به‌شێوه‌ی خواستن ئه‌حمه‌د سوهه‌یل-ی به‌رگریكاری هه‌ڵبژارده‌ی ئۆڵۆمپی قه‌ته‌ر-یان له‌یانه‌ی ئه‌لسه‌د-ه‌وه‌ گواستووه‌ته‌وه‌ ریزه‌كانیان، ئه‌مه‌ش بۆ به‌هێزكردن و پاڵپشتی كردنی هێڵی به‌رگرییان.


به‌پێی زانیاریی میدیاكانی وه‌رزشی قه‌ته‌ر ئه‌حمه‌د سوهه‌یل-ی ته‌مه‌ن 20 ساڵ له‌میانه‌ی كه‌مپێكی ده‌ره‌كی یانه‌كه‌دا كه‌ له‌توركیا رێكیده‌خات، په‌یوه‌ندی به‌یانه‌ نوێیه‌كه‌یه‌وه‌ ده‌كات و هاوبه‌شی مه‌شق و راهێنان و ئاماده‌كارییه‌كانی یانه‌ی ئه‌لوه‌كڕه‌ بۆ وه‌رزی 2019-2020 ده‌كات.
ئه‌مه‌ش سێیه‌م ئه‌زموونی یاری كردنی ئه‌حمه‌د هه‌مه‌وه‌ندی یاریزانی لاوی كورد و چه‌ق و دڵی به‌رگریی ده‌بێت له‌ستار لیگی یانه‌كانی قه‌ته‌ر و دووه‌م ئه‌زموونی یاری كردنیشی ده‌بێت به‌شێوه‌ی خواستن له‌خوله‌كه‌دا.

  
شایه‌نی باسه‌ ئه‌حمه‌د  سوهه‌یل سابیر هه‌مه‌وه‌ندی كوڕه‌ گه‌وره‌ی سوهه‌یل سابیر-ی گۆڵپارێزی كورد و پێشووی یانه‌ی ته‌ڵه‌به‌ و هه‌ڵبژارده‌كانی لاوان و ئۆڵۆمپی و یه‌كه‌می عیراق-ه‌ و له‌ئه‌كادیمیای ئه‌سپایه‌ر-ی قه‌ته‌ری پێگه‌یشتووه‌ و دواتر بۆ تیمه‌كانی ئاستی ته‌مه‌نی یانه‌ی ئه‌لسه‌د یاری كردووه‌ و وه‌رزی 2016-2017 له‌تیمی لاوانه‌وه‌ بۆ تیمی یه‌كه‌می یانه‌ی ئه‌لسه‌د سه‌رخراوه‌ و ناوی له‌خولی ئه‌ستێره‌كانی تۆپی پێی یانه‌كانی قه‌ته‌ر تۆماركراوه‌ به‌ڵام یاری پێنه‌كراوه‌ و دوو وه‌رزی دواتر 2017-2018 و 2018-2019 به‌شێوه‌یه‌كی فه‌رمی له‌خوله‌كه‌دا له‌گه‌ڵ یانه‌كه‌ی به‌شداری پێكرا و دوای ئه‌وه‌ش بۆ نیوه‌ی دووه‌می وه‌رزی 2018-2019 به‌شێوه‌ی خواستن روویكرده‌ یانه‌ی ئه‌هلی دۆحه‌.






بیۆگرافیا
-ناو: ئه‌حمه‌د سوهه‌یل سابیر عه‌لی هه‌مه‌وه‌ندی.
-به‌ ئه‌حمه‌د سوهه‌یل هه‌مه‌وه‌ندی ناسراوه‌.
-ساڵڕۆژی له‌دایكبوون: 8-2-1999.
-شوێنی له‌دایكبوون: له‌شاری به‌غداد/ عیراق 
-ره‌گه‌زنامه‌ی قه‌ته‌ری هه‌یه‌.
-باڵا: 183 سم.
-كێش: 74 كگم.
 -یانه‌: ئه‌لسه‌د/ قه‌ته‌ر.
-هێڵی یاری كردن: به‌رگری.
-ئه‌و یانه‌یه‌ی به‌خواستن یاری تێدا ده‌كات: ئه‌لوه‌كڕه‌ / قه‌ته‌ر.
-ماوه‌ی خواستنه‌كه‌ی: 1 وه‌رز (2019-2020).
-هه‌ڵبژارده‌: ئۆڵۆمپی قه‌ته‌ر ژێر ته‌مه‌ن 23 ساڵ.
-وه‌رزی 2017-2018: 10 یاری له‌گه‌ڵ یانه‌ی ئه‌لسه‌د له‌قه‌ته‌ر ستارلیگ و 7 یاری له‌ئاسیا چامپیۆنس لیگ ئه‌نجامداوه‌.
-وه‌رزی 2018-2019: 1 یاری له‌گه‌ڵ یانه‌ی ئه‌لسه‌د له‌قه‌ته‌ر ستارلیگ و 1 یاری له‌جامی میری قه‌ته‌ر ئه‌نجامداوه‌.
-ساڵی 2017 له‌گه‌ڵ یانه‌ی ئه‌لسه‌د نازناوی جامی میری قه‌ته‌ری به‌ده‌ستهێناوه‌.
-وه‌رزی 2018-2019: 6 یاری و 1 گۆڵ له‌گه‌ڵ یانه‌ی ئه‌هلی دۆحه‌ له‌قه‌ته‌ر ستارلیگ.

 


created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure