لەخولی بژاردەی بالەی كوردستان شەقڵاوە و پێشمەرگەی سلێمانی سەركەوتن تۆمار دەكەن

ناوخۆیی :: 10/07/2019‌ :: 135‌ جار بینراوە
dwarozh


دواڕۆژ، ئەردەڵان محەمەد


یاریەكانی خولی بالەی بژاردەی بالەی یانەكانی كوردستان لەشاری سلێمانی دەستی پێكرد‌و یانەكانی شەقڵاوە‌و پێشمەرگەی سلێمانیش بەبردنەوە دەستیان بەیارییەكان كرد.
لەیەكەم رۆژی یاریەكانی خولەكەدا كە یاریەكانی لەهۆڵی پێشمەرگەی سلێمانی ئەنجام دەدرێن دوو یاری بەرێوەچوو.
لەیەكەم یاریدا كوڕانی شەقڵاوە‌و نیشتیمان بەیەك گەیشتن‌و كورانی شەقڵاوە توانییان بەبردنەوە دەست بەیاری بكەن‌و هەرزوو كۆمەڵەی یەكەم‌و دووەمیان بەسودی خۆیان كۆتای پێهێنا، هەرچەندە كۆمەڵەی سێیەم بەسودی یانەی نیشتیمان بوو، بەڵام یاریزانانی شەقڵاوە توانییان كۆمەڵەی چوارەم بەسودی خۆیان یەكلایی بكەنەوە‌و بە(3-1)كۆمەڵەش ئەنجامەكەیان لەبەرژەوەندی خۆیان یەكلایی كردەوە.
خاڵی كۆمەڵەكان (28-26) (25-18) (13-25) (25-23).
نیاز محەمەد راهێنەری یانەی شەقڵاوە ئەوەی خستەروو: لەراستیدا لەئاستی یاریزانەكانم رازی نیم،هەرچەندە لەئاستی یانەی نیشتیمان كەم ناكەمەوە، بەڵام یاریزانان ئەو ئاستەیان پیشان نەدا لەگەورەیی ناوی شەقڵاوە، بەڵام گرنگ بەدەستهێنانی سێ خاڵەكەیە، هۆكاری ئەوەش بۆ كەمی ئامادەكاری دەگەرێتەوە.
یاری دووەم لەنێوان هەردوو پێشمەرگەی سلێمانی‌و شۆریجە ئەنجامدرا، بەهەمان شێوە پێشمەرگە بەئاسانی كۆمەڵەی یەكەمی تەواو كرد، بەڵام زوو یانەی شۆریجە وەڵامی پێشمەرگەی دایەوە، بەڵام كورانی سەڵاح كانەبی راهێنەری پێشمەرگە بەدوو كۆمەڵی تر وەڵامی یانەی میوانیان دایەوە‌و یاریەكەیان بە|(3-1)كۆمەڵە بەسودی خۆیان كۆتای پێهێنا.
دیاری ئەسعەد یاریزانی پێشمەرگەی سلێمانی ئەوەی بەدواڕۆژ راگەیاند: لەراستیدا هەموو یەكەم یاری خولێك بۆ هەموو یانەیەك قورسە، بەڵام ئێمە بۆ بردنەوەی سەرجەم یاریەكان‌و نازناوەكە بەشداری خولەكەمان كردووە.
وتیشی: بەشداری نەكردنی دوو یانە‌و كشانەوەیان لەخولەكە بەتەواوی كاریگەری لەسەر بەهێزی خولەكە كردووە، بۆیە هیوادارم یەكێتی بالەی كوردستان بۆ ساڵانی داهاتوو بەپلانێكی بەهێز خولەكان بكاتەوە.
بریارە دوای تەواوبوونی یاریەكانی قۆناغی یەكەم كێبركێكانی قۆناغی دووەم‌و كۆتایی لەشاری هەولێر‌و لەهۆڵی یانەی شەقڵاوە بەبەشداری چوار یانە بەرێوەبچێت.


created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure