هێرشبه‌ره‌ كورده‌كه‌ تا دوو ساڵی تریش له‌سوپه‌ر لیگدا درێژه‌ به‌یاری ده‌دات

کوردە پیشەگەرەکان :: 11/07/2019‌ :: 211‌ جار بینراوە
dwarozh


دواڕۆژسپۆرت
ئا: سه‌نگه‌ر زرار

وه‌ك چاوه‌ڕوان ده‌كرا و میدیاكانی وه‌رزشیی سویسرا پێشبینیان ده‌كرد، هێرشبه‌ره‌ كورده‌كه‌ی پێشووی هه‌ڵبژارده‌ی تۆپی پیی سویسرا و یانه‌ی گه‌ڵاته‌سه‌رای توركی نه‌گه‌ڕایه‌وه‌ سویسرا و یانه‌یه‌كی تری سوپه‌ر لیگی یانه‌كانی توركیای كرده‌ وێستگه‌ی یاری كردنی.

 پاش ئه‌وه‌ی له‌دوو رۆژی رابردوودا گه‌یشته‌ شاری ئه‌زمیر و له‌وێ له‌گه‌ڵ سه‌رۆكی یانه‌كه‌دا كۆبووه‌وه‌، ئێرین دێردیوك-ی هێرشبه‌ری به‌ئه‌زموون و نێوده‌وڵه‌تی كوردی سویسرا دواجار له‌گه‌ڵ یانه‌ی گۆزته‌په‌-ی ئه‌زمیر گه‌یشته‌ رێككه‌وتن كه‌ تا ساڵی 2021 یارییان بۆبكات، به‌مه‌ش یانه‌كه‌ی شاری ئه‌زمیری كرده‌ سێیه‌م ئه‌زموونی یاری كردنی له‌سوپه‌ر لیگی یانه‌كانی توركیادا.

له‌مباره‌یه‌وه‌ یانه‌ی گۆزته‌په‌ (ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه‌ 10ی ته‌مموزی 2019) به‌شێوه‌یه‌كی فه‌رمیی بڵاوی كرده‌وه‌ كه‌ له‌گه‌ڵ ئێرین دێردیوك-ی هێرشبه‌ریی به‌ڕه‌گه‌ز سویسرایی گه‌یشتوونه‌ته‌ رێككه‌وتن و بۆندیان بۆ ماوه‌ی (2 ساڵ + 1 ساڵی تر بژارده‌ی درێژكردنه‌وه‌) واژووكردووه‌، ئه‌مه‌ش پاش كۆتاییهاتنی ماوه‌ی بۆنده‌كه‌ی له‌كۆتایی مانگی حوزه‌یرانی رابردوودا له‌گه‌ڵ گه‌ڵاته‌سه‌رای هاونیشتمانی.

ئێرین-ی ته‌مه‌ن 31 ساڵ وه‌ك یاریزانێكی ئازاد بۆندی له‌گه‌ڵ یانه‌كه‌ی شاری ئه‌زمیر كردووه‌، ئه‌مه‌ش له‌كاتێكدا بووه‌ كه‌ یاریزانی ناوبراو له‌په‌یوه‌ندی دابووه‌ له‌گه‌ڵ یانه‌ی هانۆڤه‌ر كه‌ له‌ده‌ره‌وازی ئه‌م یانه‌یه‌وه‌ دووباره‌ له‌بۆندس لیگای یانه‌كانی ئه‌ڵمانیادا یاری بكاته‌وه‌.
پاش واژووكردنی بۆنده‌كه‌شی كه‌ تا هاوینی ساڵی 2021-ه‌وه‌ و بژارده‌ی ئه‌وه‌شی خراوه‌ته‌ پێش كه‌ پاش ئه‌و واده‌یه‌ بۆنده‌كه‌ی بۆ 1 ساڵی تر درێژبكاته‌وه‌، ئێرین دێردیوك-ی هێرشبه‌ری به‌ڕه‌چه‌ڵه‌ك كوردی عه‌له‌وی و دانیشتووی سویسرا له‌په‌یامێكی كورتدا كه‌ له‌ئینستاگرامی تایبه‌تی خۆی بڵاوی كردووه‌ته‌وه‌، ده‌ڵێت: گۆزته‌په‌ یه‌كێكه‌ له‌یانه‌ دێرینه‌كانی توركیا، زۆر خۆشحاڵم كه‌ بوومه‌ته‌ به‌شێك له‌یانه‌كه‌، هه‌وڵ ده‌ده‌م دڵی جه‌ماوه‌ر و لایه‌نگرانی یانه‌ی گۆزته‌په‌ی مه‌زن خۆش بكه‌م، ئاره‌زووش ده‌كه‌م له‌گه‌ڵ یانه‌كه‌دا وه‌رزیی سه‌ركه‌وتوو به‌ڕی بكه‌ین.     
شایه‌نی باسه‌ ئێرین سه‌بری دێردیوك-ی هێرشبه‌ر كه‌ به‌رزی باڵای 191 سانتیمه‌تره‌، جگه‌ له‌ئه‌زموونی یاری كردن له‌سوپه‌ر لیگی یانه‌كانی سویسرا له‌گه‌ڵ هه‌ردوو یانه‌ی (ئۆڵد بۆیز، بازل) و له‌بۆندس لیگای یانه‌كانی ئه‌ڵمانیا له‌گه‌ڵ هه‌ردوو یانه‌ی (بایه‌رلیڤه‌ركوزن، هۆفینهایم)، له‌سوپه‌ر لیگی یانه‌كانی توركیاشدا پێشینه‌ و ئه‌زموونی یاری كردنی له‌گه‌ڵ هه‌ردوو یانه‌ی (قاسم پاشا، گه‌ڵاته‌سه‌رای) هه‌یه‌.


created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure