بۆ یەکەمجار شاندێکی هێزی لەشی کچانی کورد بەشداری پاڵەوانیەتی نێودەوڵەتی دەکەن لە تاران

ناوخۆیی :: پێش 1 هەفتە ‌ :: 179‌ جار بینراوە
dwarozh


دواڕۆژ، ئاری عەبدوڵڵا

(رۆژی هەینی رێککەوتی ١٢ ـی تەمموز) لە وڵاتی ئێران و بە دیاریکراوی لە تارانی پایتەختی ئەم وڵاتە ،پاڵەوانیەتیەکی نێودەوڵەتی کراوە لە یاری هێزی لەش بۆ ئاستی کچان ئەنجامدەدرێت و شاندێکی یاریزانانی هێزی لەشی کچانی کوردستان بۆ یەکەمجار لە مێژوودا بەشداری لەم پاڵەوانیەتیە نێودەوڵەتییە دەکەن.

 شاندی هەڵبژاردەی کوردستان بۆ هێزی لەش بەرەو تاران بەڕێکەوتن بۆ بەشداریکردن لە پاڵەوانیەتی تاران بۆ هێزی لەشی خانمان کە بڕیارە رۆژی هەینی رکابەرییەکانی دەسپێبکات.
شاندە کوردییەکەی هەرێمی کوردستان لە (١٠) خانمە وەرزشکاری هێزی لەشی کورد پێکهاتوون، دوای ئەم ئاستە بەرزەی لە پاڵەوانیەتی کوردستانیان پیشانیاندا، لەلایەن یەکێتی ناوەندی هێزی لەشی کوردستانەوە دەستنیشانکران بۆ ئەم ئەرکە مێژوویییە.
لە لێدوانێکی تایبەتدا بۆ دواڕۆژ (فەتحی عەباس) سەرۆکی یەکێتی هێزی لەشی کوردستان رایگەیاند: "جێگەی شانازییە کە بۆ یەکەمجار خانمانی کورد لە یاری هێزی لەش بەشداری بۆنەیەکی جیهانی بکەن و پێشتر ئەم دەرفەتەمان بۆ نەڕەخساوە".
فەتحی ئاماژەی بەوەدا: "ئەم خانمە وەرزشکارانەی بۆ هەڵبژاردەی کوردستان دەستنیشانکراون لەسەر بنەمای ئاست و ئەنجامەکانیان بووە لە پاڵەوانیەتی کوردستان کە دوو مانگ لەمەوبەر لە شاری هەولێر بۆ ١٠ یانەی وەرزشی لە سەرتاسەری کوردستان رێکخرابوو".

لە کۆتایی لێدوانەکەیدا سەرۆکی یەکێتی هێزی لەشی کوردستان وتی: "ئەم دەروازەیە سەرەتایەکی باش و پێویست بوو بۆ ناساندنی خانمە وەرزشکارە کوردەکان بۆ ئەوەی پیشانی جیهانی بدەین کە ئێمەش وەکو گەلی کورد هیچمان کەمتر نییە لە وەرزشکارانی گەلانی تر، ئەگەر دەرفەت بڕەخسێندرێت".

 


created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure