دواجار گۆڵپارێزه‌ كورده‌كه‌ چاره‌نووسی یاری كردنی خۆی یه‌كلاكرده‌وه‌

کوردە پیشەگەرەکان :: 09/07/2019‌ :: 302‌ جار بینراوە
dwarozh


دواڕۆژ سپۆرت
ئا: سه‌نگه‌ر زرار

هه‌رچه‌نده‌ بژارده‌ی یانه‌ی ئیستقلال تاران بوو، به‌ڵام گۆڵپارێزه‌ كورده‌كه‌ی یانه‌ی سپیدرود رشت بۆ وه‌رزی 2019-2020ی پڕۆ لیگی یانه‌كانی ئێران پارێزگاریی له‌گۆڵی یانه‌ی نه‌فت مه‌سجد سلێمان (نه‌فت ئه‌هواز) ده‌كات. 
یانه‌ی ئیستقلال تاران-ی ئێرانی چاوی بڕیبووه‌ تواناكانی كوروش مه‌له‌كی گۆڵپارێزی كورد تا بۆ جێگره‌وه‌ی سه‌ید مه‌هدی ره‌حمه‌تی گۆڵپارێزی به‌ئه‌زموونی یانه‌كه‌ بیگوازێته‌وه‌ ریزه‌كانی، به‌ڵام گۆڵپارێزی ناوبراو دوور له‌پێشبینییه‌كان بۆ 19ه‌یه‌مین خولی پیشه‌گه‌رانی تۆپی پێی یانه‌كانی ئێران (پڕۆ لیگ)ی وه‌رزی 2019-2020 چووه‌ ریزی یانه‌ی نه‌فت مه‌سجد سلێمان.
له‌مباره‌یه‌وه‌ میدیاكانی وه‌رزشی ئێران ئاماژه‌یان به‌وه‌ داوه‌ كه‌ (كوروش مه‌له‌كی) گۆڵپارێزی ته‌مه‌ن 28 ساڵ كه‌ باڵای 198 سانتیمه‌تره‌، به‌پێی بۆندێك بۆ ماوه‌ی 1 وه‌رز یاری بۆ یانه‌ی نه‌فت ئه‌هواز ده‌كات كه‌ یانه‌كه‌ وه‌رزی پێشوو 2018-2019 له‌پڕۆلیگی یانه‌كانی ئێرانی ژماره‌ 18دا پله‌ی 14ی ریزبه‌ندی پێبڕا.
 هه‌روه‌ها ئاماژه‌یان به‌وه‌ داوه‌ مه‌له‌كی گۆڵپارێزی پێشووی یانه‌ی سپیدرود رشت كه‌ له‌دوا وه‌رزی پڕۆ لیگی یانه‌كانی ئێراندا ئاستێكی به‌رزی پێشكه‌ش كرد و له‌ 21 یاریدا ده‌ركه‌وت، له‌پڕۆ لیگی وه‌رزی داهاتوو 2019-2020دا له‌ژێر سه‌رپه‌رشتی هیدایه‌ت تارتار-ی راهێنه‌ر له‌یانه‌ی نه‌فت ئه‌هواز یاری ده‌كات. 
كوروش مه‌له‌كی كه‌ له‌شارۆچكه‌ی روانسه‌ری رۆژهه‌ڵاتی كوردستان له‌دایكبووه‌،له‌پڕۆ لیگی ژماره‌ 18ی یانه‌كانی ئێراندا بووه‌ باشترین گۆڵپارێزی خوله‌كه‌ له‌ڕووی دوورخستنه‌وه‌ی په‌ناڵتیدا كه‌ 4 په‌ناڵتی دوورخسته‌وه‌ ، یه‌كێك بوو له‌و گۆڵپارێزانه‌ی كه‌ بژارده‌ی یانه‌ی ئیستقلال تاران بوو بۆ شوێنگره‌وی سه‌ید مه‌هدی ره‌حمه‌تی كاپتن و گۆڵپارێزی به‌ئه‌زموونی یانه‌كه‌ كه‌چووه‌ ریزی یانه‌ی شه‌هر خودرو خوراسان، به‌ڵام له‌كۆتاییدا بووه‌ پارێزه‌ری گۆڵی یانه‌ی نه‌فت مه‌سجد سلێمان.
شایه‌نی باسه‌ كوروش مه‌له‌كی گۆڵپارێزی لاوی كورد له‌ژیانی یاریكردنیدا بۆ تیمی یانه‌كانی (شیرین فراز، په‌یكان تاران، مس سرچشمه‌، مس ره‌فسنجان، نیرۆی زه‌مینی تاران، مس كرمان، گوستریش فولاد ته‌برێز-ماشێن سازی ته‌برێز/ ئێستا، سپیدرود رشت) یاری كردووه‌.


بیۆگرافیا
-ناو: كوروش مه‌له‌كی.
-ساڵڕۆژی له‌دایكبوون: 9-5-1991.
-شوێنی له‌دایكبوون: گوندی ته‌په‌ لڕی شاری روانسه‌ری سه‌ر به‌پارێزگای كرماشانی رۆژهه‌ڵاتی كوردستان.
-باڵا: 198 سم.
-یانه‌: نه‌فت مه‌سجد سلێمان/ ئێران.
-هێڵی یاری كردن: گۆڵچی.
-به‌پێی راستی یاری ده‌كات.
-ماوه‌ی بۆند: 1 وه‌رز.
-یه‌كه‌م تیپ: تازه‌پێگه‌یشتووانی یانه‌ی شیرین فراز.
-دواتر بۆ تیمی لاوانی یانه‌ی په‌یكان تاران و تیمی پێشكه‌وتووانی یانه‌ی مس سرچشمه‌ (به‌خواستن) یاری كردووه‌.
*ئه‌و یانانه‌ی له‌پێشوودا یاری تێدا كردووه‌:
-هه‌ردوو وه‌رزی 2012-2013 و 2013-2014: یانه‌ی مس ره‌فسنجان/ خولی پله‌ یه‌كی یانه‌كانی ئێران.
-وه‌رزی 2014-2015: یانه‌ی نیرۆی زه‌مینی تاران/ خولی پله‌ یه‌كی یانه‌كانی ئێران.
-وه‌رزی 2015-2016: یانه‌ی مس كرمان/ خولی پله‌ یه‌كی یانه‌كانی ئێران.
-هه‌ردوو وه‌رزی 2016-2017 و 2017-2018: یانه‌ی گۆستاریش فولاد ته‌برێز(ماشێن سازی ته‌برێز)/ خولی پیشه‌گه‌رانی تۆپی پێی یانه‌كانی ئێران.
-وه‌رزی 2018-2019: یانه‌ی سپیدرود رشت/ خولی پیشه‌گه‌رانی تۆپی پێی یانه‌كانی ئێران.


created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure