برۆندبى یاریزانه‌ لاوه‌كه‌ى كورد و یانه‌ى رۆماى ئیتاڵى گواسته‌وه‌ ریزه‌كانى

کوردە پیشەگەرەکان :: 23/06/2019‌ :: 251‌ جار بینراوە
dwarozh


دواڕۆژ سپۆرت
ئا: سه‌نگه‌ر زرار
پاش 2 ساڵ له‌فرۆشتنی به‌یانه‌ی ئه‌ی ئێس رۆما-ی ئیتاڵی، یانه‌ی برۆندبی ئای ئێف-ی دانیماركی دووباره‌ رێزان كۆرلو-ی یاریزانی لاوی كوردی دانیماركی هێنایه‌وه‌ ریزه‌كانی كه‌ له‌ته‌مه‌نی 4 تا 19 ساڵیدا یاری له‌یانه‌كه‌یاندا كردووه‌. 
بۆ خولی سوپه‌ری یانه‌كانی دانیمارك (سوپه‌ر لیگ)ی وه‌رزی 2019-2020دا یانه‌ی برۆندبی ئای ئێف-ی دانیماركی له‌میركاتۆی هاوینه‌دا بۆ ماوه‌ی 3 ساڵ رێزان كۆرلو-ی ناوه‌ڕاستكاری لاوی كوردی دانیشتووی دانیماركی گواسته‌وه‌ ریزه‌كانی كه‌هاوینی ساڵی 2017 ئه‌م یاریزانه‌ی له‌ته‌مه‌نی 19 ساڵی به‌یانه‌ی ئه‌ی ئێس رۆما-ی ئیتاڵی فرۆشت و یاریزانی ناوبراویش ساڵێك بۆ تیمی لاوانی ژێر ته‌مه‌ن 19 ساڵی یانه‌ی رۆما له‌خولی پله‌ یه‌كی لاوانی یانه‌كانی ئیتاڵیا و ساڵی دواتریش به‌شێوه‌ی خواستن بۆ یانه‌ی لینگبی بی كه‌ی دانیماركی یاری كرد و پاش ته‌واوبوونی بۆنده‌كه‌شی له‌گه‌ڵ یانه‌ی رۆما وه‌ك یاریزانێكی ئازاد گه‌ڕایه‌وه‌ ئه‌و یانه‌یه‌ی كه‌ تیایدا ده‌ستی پێكرد و گه‌شه‌ی تێدا كرد.
وه‌ك یانه‌ی برۆندبی له‌پێگه‌ی فه‌رمیی خۆی له‌ئینته‌رنێت بڵاوی كرده‌وه‌، به‌پێی بۆندێكی نوێ بۆ ماوه‌ی 3 ساڵ بۆندیان له‌گه‌ڵ رێزان كۆرلو-دا كردووه‌ كه‌ له‌گه‌ڵ یانه‌كه‌یاندا 11 یاری له‌سوپه‌ر لیگی یانه‌كانی دانیمارك ئه‌نجامداوه‌ و وه‌رزی 2018-2019 له‌گه‌ڵ یانه‌ی لینگبی بی كه‌ی دانیماركی له‌خولی پله‌ یه‌كدا 20 یاری ئه‌نجامداوه‌.
به‌ڕێوه‌به‌ری وه‌رزشی یانه‌كه‌ له‌باره‌ی رێزان-ه‌وه‌ ده‌لێت: ئه‌وكاته‌ی وه‌رزی پێشوو به‌شێوه‌ی خواستن بۆ یانه‌ی لینگبی یاری ده‌كرد، چاودێری رێزان-مان كردووه‌، زۆر گۆڕابوو به‌به‌راورد به‌ 2 ساڵ پێش ئێستا، وه‌ك كه‌سایه‌تی و وه‌ك یاریزانیش گه‌شه‌ی كردبوو، ئێستاش له‌گه‌ڵ ستراتیژییه‌تی ئێمه‌ ته‌واو گونجاوه‌.
رێزان-ی ته‌مه‌ن 21 ساڵیش، پاش واژووكردنی بۆنده‌كه‌ی وتی: جارێكی تر له‌باوه‌شی زه‌رد و شینه‌كان دام، ئه‌مه‌ش شتێكی زۆر جوانه‌ كه‌ جاێكی تر له‌ماڵه‌كه‌ی خۆمم، بێگومان یانه‌ی برۆندبی-م له‌دڵه‌وه‌ خۆش ده‌وێت له‌ته‌مه‌نی 4 تا 19 ساڵی یاریم تێدا كردووه‌، وه‌ك ئه‌وه‌ وایه‌ گه‌ڕاومه‌ته‌وه‌ ماڵی خۆم، ئێره‌ ماڵی دووه‌می منه‌، زۆر خۆشحاڵم و شانازیی ده‌كه‌م، ئه‌و 2 ساڵه‌شی كه‌چوومه‌ یانه‌ی رۆما هه‌میشه‌ چاودێری یانه‌كه‌ و ئه‌نجامه‌كانیم كردووه‌، له‌یانه‌ی رۆما-شدا زۆر شت فێربووم، له‌گه‌ڵ هه‌ندێك یاریزانی جیهانی مه‌شقم كردووه‌، فێری ئه‌وه‌ بووم پشت به‌خۆم ببه‌ستم و پابه‌ندبم، به‌خێرایی بیر بكه‌مه‌وه‌ و یاری بكه‌م. 
رێزان مه‌حمود كۆرلو یاریزانی هێڵی ناوه‌نده‌ و له‌باڵی راست یاری ده‌كات، ساڵی 1997 له‌شاری كۆبنهاگن-ی دانیمارك له‌دایكبووه‌ و له‌ته‌مه‌نی 4 ساڵییه‌وه‌ له‌ئه‌كادیمیای یانه‌ی برۆندبی یاری كردووه‌ و تا ته‌مه‌ن 19 ساڵی به‌تیمه‌كانی یانه‌كه‌دا تێپه‌ڕێوه‌ و تا له‌تیمی پێشكه‌وتووان به‌شداری له‌سوپه‌ر لیگی یانه‌كانی دانیمارك كردووه‌ و دوای ئه‌وه‌ بۆ تیمی لاوانی ژێر ته‌مه‌ن 19 ساڵی یانه‌ی رۆما له‌خولی پله‌ یه‌كی لاوانی یانه‌كانی ئیتاڵیا و دواجاریش به‌شێوه‌ی خواستن بۆ یانه‌ی لینگبی بی كه‌ی دانیماركی له‌خولی پله‌ یه‌كی یانه‌كانی دانیمارك یاری كردووه‌.

بیۆگرافیا
-ناو: رێزان كۆرلو.
-ساڵڕۆژی له‌دایكبوون: 7-8-1997.
-شوێنی له‌دایكبوون: شاری كۆبنهاگن/ دانیمارك.
-به‌ڕه‌چه‌ڵه‌ك كوردی باكووری كوردستانه‌.
-باڵا: 170 سم.
-كێش: 70 كگم.
-یانه‌: ئه‌ی ئێس رۆما/ ئیتاڵیا.
-هێڵی یاریكردن: ناوه‌ند/ باڵی راست.
-بۆنده‌كه‌ی له‌ 21-6-2019ه‌وه‌ ده‌ستپێده‌كات.
-له‌ساڵی 2003ه‌وه‌ تا 2015 بۆ تیمه‌كانی بێچووه‌شێران و تازه‌پێگه‌یشتووان و لاوانی یانه‌ی برۆندبی ئای ئێف یاری كردووه‌.
-ساڵانی 2015 تا 2017 له‌گه‌ڵ تیمی یه‌كه‌می یانه‌ی برۆندبی ئای ئێف 11 یاری و 1 گۆڵ و 1 ئه‌سیستی له‌ قۆناغی به‌رایی و قۆناغی كۆتایی خولی سوپه‌ری یانه‌كانی دانیمارك (سوپه‌ر لیگ) و جامی یانه‌كانی دانیمارك و خولی ئه‌وروپا بۆ یانه‌كان (ئه‌وروپا لیگ) هه‌بووه‌.
-وه‌رزی 2017-2018 له‌گه‌ڵ تیمی لاوانی ژێر ته‌مه‌ن 19 ساڵی یانه‌ی رۆما: 17 یاری و 3 گۆڵ و ئه‌سیست له‌خولی یه‌كه‌می نیشتمانی تۆپی پێی یانه‌كانی ئیتاڵیا (چامپیۆناتۆ ناسیۆنال پریماڤێرا/ 1) بۆ تیمه‌كانی لاوانی ژێر ته‌مه‌ن 19 ساڵان.
-وه‌رزی 2018-2019 له‌گه‌ڵ یانه‌ی لینگبی بی كه‌ی: 19 یاری و 3 گۆڵ و 2 ئه‌سیست و 1029 خوله‌ك یاری كردن له‌خولی پله‌ یه‌كی یانه‌كانی دانیمارك (نۆردیكبیت لیگا) و 1 یاری و 120 خوله‌ك یاری كردن له‌جامی یانه‌كانی دانیمارك.
-ساڵانی 2012 و 2013 هه‌ڵبژارده‌ی تازه‌پێگه‌یشتووانی دانیمارك/ ژێر ته‌مه‌ن 16 ساڵ: (11 یاری و 6 گۆڵ).      
-ساڵانی 2013 و 2014 هه‌ڵبژارده‌ی تازه‌پێگه‌یشتووانی دانیمارك/ ژێر ته‌مه‌ن 17 ساڵ: (11 یاری و 6 گۆڵ).      
-ساڵانی 2014 و 2015 هه‌ڵبژارده‌ی لاوانی دانیمارك/ ژێر ته‌مه‌ن 19 ساڵ: (11 یاری و 3 گۆڵ).      
-ساڵی 2016 هه‌ڵبژارده‌ی لاوانی دانیمارك/ ژێر ته‌مه‌ن 20 ساڵ: (4 یاری).

 


created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure