فه‌رمیی: فه‌رشاد یانه‌ سوورپۆشه‌كه‌ی پایته‌ختی كرده‌وه‌ به‌وێستگه‌ی یاری كردنی

کوردە پیشەگەرەکان :: 23/06/2019‌ :: 214‌ جار بینراوە
dwarozh


دواڕۆژ سپۆرت
ئا: سه‌نگه‌ر زرار
پاش یه‌ك وه‌رز یاری كردن له‌خولی نایابی تۆپی پێی یانه‌كانی پۆڵه‌ندا  (ئێكستراكلاس) و جیابوونه‌وه‌ی له‌یانه‌ی شلاوسك فرۆتسلاڤـ و گه‌ڕانه‌وه‌ی بۆ ئێران، فه‌رشاد ئه‌حمه‌دزاده‌-ی ناوه‌ڕاستكاریی لاوی كورد دووباره‌ یانه‌ سوورپۆشه‌كه‌ی تارانی پایته‌ختی كرده‌وه‌ به‌وێستگه‌ی یاری كردنی. 
(ئه‌مڕۆ یه‌كشه‌ممه‌ 23ی حوزه‌یرانی 2019) یانه‌ی پێرسپۆلیس (پیرۆزی) تاران به‌فه‌رمیی هه‌واڵی گه‌ڕانه‌وه‌ی  فه‌رشاد-ی ناوه‌ڕاستكاری ته‌مه‌ن 26 ساڵی بۆ ریزه‌كانی بڵاوكرده‌وه‌ كه‌ له‌پێشوودا ساڵانی 2012 تا 2018 له‌ڕیزی یانه‌ی پێرسپۆلیس 113 یاری ئه‌نجامداوه‌ و 13 گۆڵیشی تۆماركردووه‌ و یه‌كێك بووه‌ له‌یاریزانه‌ كاریگه‌ره‌كانی تیمه‌كه‌ و دواجار له‌وێوه‌ هه‌نگاوی بۆ یه‌كه‌م وێستگه‌ی ژیانی پیشه‌گه‌ریی نا.
به‌پێی زانیاریی میدیاكانی وه‌رزشی ئێران  فه‌رشاد ئه‌حمه‌دزاده‌ بۆ ماوه‌ی 3 وه‌رز بۆندی له‌گه‌ڵ یانه‌ی پێرسپۆلیس واژوو كردووه‌ و ئه‌م یاریزانه‌ كه‌ خاوه‌ن درێسی ژماره‌ 10ی یانه‌كه‌یه‌ بۆ شوێنی به‌شار ره‌سه‌ن-ی یاریزانی عیراقی بۆندی له‌گه‌ڵدا كراوه‌.
فه‌رشاد كه‌ له‌شاری ورمێی رۆژهه‌ڵاتی كوردستان له‌دایكبووه‌، گه‌ڕانه‌وه‌ی بۆ یانه‌ی پێرسپۆلیس-ی سوورپۆش، پاش ئه‌وه‌ دێت كه‌ چه‌ند یانه‌یه‌كی به‌ناوبانگ و جه‌ماوه‌ریی خولی پیشه‌گه‌رانی تۆپی پێی یانه‌كانی ئێران (پڕۆ لیگ) له‌هه‌وڵی ئه‌وه‌دابوون بیگوازنه‌وه‌ ریزه‌كانیان، له‌وانه‌ یانه‌كانی سیپاهان ئه‌سفه‌هان و تراكتۆرسازی ته‌برێز و ته‌نانه‌ت یانه‌ی ئیستقلال تاران كه‌ ركابه‌ریی سه‌رسه‌ختی یانه‌ی پێرسپۆلییس-ه‌.
چه‌ند رۆژێك له‌مه‌وبه‌ر فه‌رشاد ئه‌حمه‌دزاده‌-ی ناوه‌ڕاستكاری لاوی كورد مه‌رجی خۆی بۆ گه‌ڕانه‌وه‌ بۆ ریزی یانه‌كه‌ی پێشووی (پێرسپۆلیس)ی سوورپۆشی تارانی پایته‌خت ئاشكراكرد و رایگه‌یاند بڕیاری دووباره‌ یاری كردنی له‌گه‌ڵ یانه‌كه‌دا به‌ستراوه‌ته‌وه‌ به‌ برانكۆ ئیڤانكۆڤیچ-ی كرواتی و راهێنه‌ری یانه‌كه‌، ئه‌گه‌ر هات و ئه‌م راهێنه‌ره‌ بڕوات ئه‌وا ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ و ئه‌گه‌رنا رووده‌كاته‌ یانه‌یه‌كی تر.
شایه‌نی باسه‌ فه‌رشاد ئه‌حمه‌دزاده‌-ی یاریزانی هێڵی ناوه‌ند/ پێشه‌وه‌ له‌ژیانی یاری كردنیدا له‌سه‌ر ئاستی تازه‌پێگه‌یشتووان و لاوان بۆ تیمی یانه‌كانی (مقاوه‌مه‌ت ورمێ، سه‌نام تاران، داماش تاران، پێرسپۆلیس) و له‌سه‌ر ئاستی پێشكه‌وتووانیش بۆ تیمی یانه‌كانی (پێرسپۆلیس، تراكتۆرسازی ته‌برێز/ به‌خواستن، شلاوسك فرۆتسلاڤـ) یاری كردووه‌.





created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure