یانه‌یه‌كی تری توركی وێستگه‌ی داهاتووی هێرشبه‌رێكی كورد ده‌بێت

کوردە پیشەگەرەکان :: 20/06/2019‌ :: 192‌ جار بینراوە
dwarozh


دواڕۆژسپۆرت
ئا: سه‌نگه‌ر زرار
هێرشبه‌رێكی پیشه‌گه‌ری كوردی ئه‌ڵمانیا یانه‌یه‌كی تری توركی ده‌كاته‌ وێستگه‌ی داهاتووی یاری كردنی و له‌ڕۆژانی داهاتووشدا به‌فه‌رمیی بۆنده‌ نوێیه‌كه‌ی واژووده‌كات.
به‌پێی وێبسایتی (samsunsporluyuz) توركی، یانه‌ی سامسون سپۆر كه‌ له‌خولی پله‌ دووی تۆپی پێی یانه‌كانی توركیا به‌شداره‌، ده‌بێته‌ وێستگه‌ی داهاتووی میركان ئایدن-ی هێرشبه‌ری پیشه‌گه‌ری به‌ڕه‌چه‌ڵه‌ك كوردی دانیشتووی ئه‌ڵمانیا و یانه‌ی ناوبراو ئه‌م یاریزانه‌ی خستووه‌ته‌ نێو لیستی ئه‌و یاریزانانه‌ی به‌نیازه‌ بۆ وه‌رزی 2019-2020 بۆندیان له‌گه‌ڵدا بكات و ئه‌گه‌ری زۆره‌ له‌م رۆژانه‌دا كۆتایی به‌پڕۆسه‌ی گواستنه‌وه‌ی بۆ ریزه‌كانی بهێنێت.
به‌پێی زانیاریی وێبسایته‌كه‌ له‌ڕۆژانی داهاتوودا هه‌ردوولا به‌شێوه‌یه‌كی فه‌رمیی بۆندی نێوانیان واژووده‌كه‌ن و له‌مباره‌یه‌شه‌وه‌ میركان ئایدن-ی هێرشبه‌ر كه‌ باڵای 188 سانتیمه‌تر به‌رزه‌، به‌وێبسایتی  (samsunsporluyuz)ی توركی راگه‌یاندووه‌ كه‌ پاش كۆتایی هاتنی ماوه‌ی بۆنده‌كه‌ی له‌گه‌ڵ یانه‌ی هاتای سپۆر، له‌ڕۆژانی داهاتوودا بۆنده‌ نوێیه‌كه‌ی له‌گه‌ڵ یانه‌ی سامسون سپۆر-دا واژووده‌كات.
بۆندی میركان ئایدن-ی هێرشبه‌ری به‌ئه‌زموونی كورد كه‌ به‌(میركۆ) ده‌ناسرێت، رۆژی 30ی ئه‌م مانگه‌ له‌گه‌ڵ یانه‌ی هاتای سپۆر-ی توركی كۆتایی دێت و پێده‌چێت پاش ئه‌وه‌ راسته‌وخۆ بۆنده‌ نوێیه‌كه‌ی له‌گه‌ڵ یانه‌ی سامسون سپۆر واژووبكات و یانه‌ی ناوبراویش ده‌بێته‌ پێنجه‌م وێستگه‌ی یاری كردنی ئه‌م یاریزانه‌ له‌گه‌ڵ یانه‌كانی توركیا، ئه‌مه‌ش پاش یاری كردنی بۆ (یانه‌كانی ئیسكیشهار سپۆر له‌وه‌رزی 2014-2015 و گۆزته‌په‌ ئه‌زمیر  له‌وه‌رزی 2015-2016 و ئالتینۆردو ئه‌زمیر له‌وه‌رزی 2007-2018 و هاتای سپۆر له‌وه‌رزی 2018-2019)دا. 
هه‌روه‌ها میدیاكانی وه‌رزشیی توركیا ئه‌وه‌یان دركاندووه‌ كه‌یانه‌ی سامسون سپۆر له‌میركاتۆی زستانه‌دا هه‌وڵی گواستنه‌وه‌ی میركان ئایدن-ی ته‌مه‌ن 31 ساڵی داوه‌ و بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌ ئیسماعیل یانیك-ی سه‌رۆكی یانه‌كه‌ چاوی به‌میركان كه‌وتووه‌ بۆ ئه‌وه‌ی بیباته‌ ریزی یانه‌كه‌ی، به‌ڵام ئه‌وكات پرۆسه‌ی گواستنه‌وه‌كه‌ی سه‌ری نه‌گرتووه‌.
شایه‌نی باسه‌ میركۆ وه‌رزی 2018-2019 له‌گه‌ڵ یانه‌ی هاتای سپۆر له‌هێڵی پێشه‌وه‌دا و به‌درێسی ژماره‌ 20، ئاستێكی به‌رزی پێشكه‌ش كرد و له‌ 25 یاریدا 1406 خوله‌ك ده‌ركه‌وت و 12 گۆڵی تۆمار و 2 گۆڵیشی سازكرد (18 یاری و 7 گۆڵ و 1 ئه‌سێست له‌خولی پله‌ یه‌كی تۆپی پێی یانه‌كانی توركیا) و (3 یاری و 2 گۆڵ له‌قۆناغی پلای ئۆفی خولی پله‌ یه‌ك بۆ گه‌یشتن به‌خولی سوپه‌ر) و (4 یاری و 3 گۆڵ و 1 ئه‌سێست له‌خولی جامی یانه‌كانی توركیا).


بیۆگرافیا
-ناو: مێركان ئایدن.
-به‌ (میركۆ) ده‌ناسرێت.
 -رۆژی له‌دایكبوون: 8-7-1987.
-شوێنی له‌دایكبوون: شاری هاتینگن-ی ئه‌ڵمانیا.
-به‌ڕه‌چه‌ڵه‌ك كوردی باكووری كوردستانه‌.
-خاوه‌نی هه‌ردوو ره‌گه‌زنامه‌ی توركی و ئه‌ڵمانییه‌.
-باڵا: 188 سم.
-كێش: 83 كگم.
-هێڵی یاریكردن: هێرشبه‌ر.
-به‌هه‌ردوو قاچی راست و چه‌پی یاری ده‌كات.

 


created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure