گۆڵدبێرگ بۆ قەرەبووکردنەوەی شکستە گەورەکەی بەرامبەر ئەندەر تەیکەر داوای یاری دووبارە دەکات

وەرزشەکانی دیکە :: 18/06/2019‌ :: 715‌ جار بینراوە
dwarozh



دواڕۆژ، ئاری عەبدوڵڵا

پێدەچێت ئەم سیناریۆ شکستخواردووەی بۆ یارییەکەی ئەندەرتەیکەر و گۆڵدبێرگ داڕێژرابوو، نەک تەنها هەوادارانی یاری زۆرانبازی سەربەستی تووشی بێ هیوایی کردووە، بەڵکو بەرپرسانی فیدراسیۆنی (WWE) و ئەستێرە ناودارەکانی ئەم یارییەش بە هەمان شێوە دووچاری بێ ئومێدی هاتوون و لەسەر داوای ئەفسانەی گەورە (گۆڵدبێرگ) بە نیازن یاری دووبارەی خەونەکان رێکبخەن.
ئەستێرەی ناوداری یاری زۆرانبازی سەربەست و بواری سینەما (گۆڵدبێرگ) لە پێگەی فەرمی خۆی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان رایگەیاند کە مەبەستییەتی بە ئەنجامدانی یاری دووبارە بەرامبەر ئەندەرتەیکەر، سەرجەم ئەم شوێنەوارە خراپانە لە هزری خەڵکی و هەوادارانی ئەم یارییە بسڕێتەوە کە بەهۆی شکستە گەورەکەی دووچاری بوو لە یاری سەرەکی نمایشی (سوپەر شۆو داون) لە وڵاتی سعودییە.

چەند سەرچاوەیەکی فەرمی نزیک لە فیدراسیۆنی (WWE) ئەم هەواڵە پشتڕاست دەکەنەوە و ئاماژە بەم داواکارییەی گۆڵدبێرگ دەدەن دوای ئەم سیناریۆ خراپەی لە یاری نێوان ئەم دوو ئەفسانەیە روویدا و چەندین رەخنەی و گازاندەی لە شەقامی وەرزشی بە دوای خۆیدا هێنا.
سەرچاوە هەواڵییەکان ئاشکرای دەکەن کە گۆڵدبێرگ دوای شکستەکەی بەرامبەر ئەفسانەی پیاوی مردوو، دووچاری خەمۆکی و دڵ توندی هاتووە و حەزدەکات بەرپرسانی فیدراسیۆنی دەبڵیو دەبڵیو ئی ئەم داخوازییەی جێبەجێبکەن.

هەرچەندە پێشووتر فیدراسیۆنی (WWE) هۆکاری شکستی ئەم یارییەی بۆ پێکانی گۆڵدبێرگ و هەڵە هونەرییەکانی ئەم یاریزانە گەڕاندەوە و ئاشکرایانکرد کە ناوبراو وەک پێویست بۆ ئەم یارییە خۆی ئامادە نەکردووە بەڵام گۆڵدبێرگ رەتیدەکاتەوە کە شکستەکەی بەهۆی توانای جەستەییەوە بووبێت.
لە یاری سەرەکی نمایشی (سوپەر شۆو داون) لە شاری جددەی وڵاتی سعودییە، گۆڵدبێرگ بە ئەندەرتەیکەر دۆڕا ئەمەش دوای ئەوەی گۆڵدبێرگ سەری بەر ستوونێکی ئاسنی کەوت و دووچاری خوێنبەربوونێکی زۆر هات و هەر ئەمەش وایکرد ئەندەرتەیکەر بە ئاسانی لێی بباتەوە.


created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure