هێرشبه‌ره‌ كورده‌كه‌ ماڵئاوایی له‌یانه‌ نه‌مساییه‌كه‌ی كرد و له‌پێكهاته‌ی ساڵی ڤییه‌ننا ستادلیگ دایه‌

کوردە پیشەگەرەکان :: 18/06/2019‌ :: 348‌ جار بینراوە
dwarozh


تاگ :: گشتی

دواڕۆژ سپۆرت
ئا: سه‌نگه‌ر زرار


له‌نه‌مسا هێرشبه‌ره‌ كورده‌كه‌ی یانه‌ی فاڤاچێ له‌گه‌ڵ كۆتایی هاتنی (ڤییه‌ننا ستادلیگ/ Wiener Stadtliga) ماڵئاوایی له‌یانه‌كه‌ی كرد و رۆژنامه‌یه‌كی به‌ناوبانگی وڵاته‌كه‌ش ناوی له‌نێو هه‌ڵبژارده‌ی ساڵ-ی 2019ی خوله‌كه‌ داناوه‌.

 رۆژی 15ی ئه‌م مانگه‌ یارییه‌كانی خولی پله‌ سێی تۆپی پێی یانه‌كانی ئه‌م وڵاته‌ بۆ تیمی یانه‌كانی شاری ڤییه‌ننا (ڤییه‌ننا ستادلیگ/ Wiener Stadtliga) په‌رده‌ی له‌سه‌ر دادرایه‌وه‌ و تیایدا له‌دوایاری یانه‌كه‌یدا به‌رامبه‌ر به‌یانه‌ی ڤییه‌ننا فلۆریدسدۆرف (رۆژگار  زرار قادر)ی یاریزانی لاوی كوردی یانه‌ی فاڤاچێ كه‌ له‌نه‌مسا به‌ (دۆژگار قادر) ده‌ناسرێت، پاش كۆتایی هاتنی ماوه‌ی بۆنده‌كه‌ی ماڵئاوایی له‌یانه‌كه‌ی كرد، ئه‌مه‌ش پاش زیاتر له‌ 7 ساڵ یاری كردن له‌دوو قۆناغی جیادا كه‌ تیایدا 200 یاری له‌گه‌ڵیاندا ئه‌نجامدا و توانی 113 گۆڵیش تۆماربكات (140 یاری و 68 گۆڵ له‌ ڤییه‌ننا ستادلیگ و 60 یاری و 45 گۆڵ له‌ڤیكتۆریا كه‌پ)دا.


له‌ڕێوڕه‌سمی ماڵئاوایی كردنی رۆژگاردا كه‌ سه‌رۆكی یانه‌ی فاڤاچێ و هاوسه‌ره‌كه‌ی و ئه‌ندامان و جه‌ماوه‌ری یانه‌كه‌ ئاماده‌ی بوون، به‌گریانه‌وه‌  بڕوانامه‌ی رێزلێنان و چه‌پكه‌ گۆڵی ماڵئاواییان پێشكه‌ش كرد و خۆشه‌ویستی خۆیان بۆ كوڕه‌ كورده‌كه‌ی یانه‌كه‌یان دووپاتكرده‌وه‌ كه‌ساڵانێكی زۆر وه‌ك یاریزان و پاشانیش وه‌ك راهێنه‌ریی هه‌ردوو تیمی بێچووه‌شێران و لاوان خزمه‌تی به‌یانه‌كه‌ كرد و وه‌ك یاریزانیش رۆڵ  كاریگه‌ریی خۆی هه‌بووه‌ و وه‌رزی 2012-2013 به‌تۆماركردنی 22 گۆڵ بووه‌ته‌ گۆڵكه‌ریی ڤییه‌ننا ستادلیگ و له‌هه‌مان وه‌رزدا به‌پێی راپرسییه‌كی وێبسایتی (فانه‌رپۆرت-fanreport)ی نه‌مسایی تایبه‌تمه‌ند به‌بواری وه‌رزش گره‌وی باشترین یاریزانی نیوه‌ی یه‌كه‌می وه‌رزه‌كه‌ی بردۆته‌وه‌ و به‌باشترینی یاریزانی وه‌رزی پاییز دانراوه‌ و له‌وه‌رزی 2018-2019ی خوله‌كه‌شدا وێبسایتی (لیگا پۆرتال/ ligaportal)ی نه‌مسایی به‌باشترین یاریزانی قۆناغی یه‌كه‌می خوله‌كه‌ و وه‌رزی پاییز هه‌ڵی بژاردووه‌.


له‌لایه‌كی تره‌وه‌ رۆژی 17ی ئه‌م مانگه‌ رۆژنامه‌ی چایتونگ (Krone Zeitung)ی نه‌مسایی كه‌ رۆژنامه‌یه‌كی گه‌وره‌ و به‌ناوبانگی نه‌مسایه‌ و له‌شاری ڤییه‌ننا ده‌رده‌چێت، له‌لایه‌ن خۆیه‌وه‌ باشترین پێكهاته‌ی ساڵی 2019ی خوله‌كه‌ (هه‌ڵبژارده‌ی ساڵ)ی دیاری كردووه‌ و رۆژگار یه‌كێكه‌ له‌یاریزانانی نێو پێكهاته‌كه‌ له‌هێڵی ناوه‌نددا به‌و پێیه‌ی وه‌رزی 2018-2019 له‌ ڤییه‌ننا ستادلیگدا له‌جیاتی هێڵی پێشه‌وه‌ راهێنه‌ر وه‌ك یاریزانی باڵی چه‌پی له‌هێڵی ناوه‌ند یاری پێكردووه‌ و توانیبووی له‌ 25 یاری خوله‌كه‌دا 12 گۆڵ تۆمار و 10 گۆڵیش بۆ یانه‌ی فاڤاچێ سازبكات.


له‌باره‌ی وێستگه‌ی داهاتووی یاری كردنی، رۆژگار زرار قادر-ی ته‌مه‌ن 28 ساڵ تایبه‌ت بۆ دواڕۆژسپۆرت وتی: 5 یانه‌ی شاری ڤییه‌ننا قسه‌یان له‌گه‌ڵ كردم، 4 یانه‌ی پله‌ سێ و یانه‌یه‌كی پله‌ چوار و دواجار گه‌یشتمه‌ ئه‌و باوه‌ڕه‌ی كه‌ بۆ وه‌رزی 2019-2020 یانه‌ی (ئێس ڤی فۆرمله‌) له‌خولی پله‌ چوار هه‌ڵبژێرم، چونكه‌ بۆنده‌كه‌یان زۆر باش بوو، بۆندم بۆ ماوه‌ی 1 وه‌رز واژووكرد و له‌هێڵی هێرشبه‌ریی یاری ده‌كه‌م و درێسی ژماره‌ 10ی تیمه‌كه‌شم پێدراوه‌، جگه‌ له‌وه‌ش ده‌رفه‌تی ئه‌وه‌یان پێداوم له‌تیمه‌دا له‌پاڵ یاری كردن وه‌ك یاریده‌ده‌ری راهێنه‌ریش ده‌ستبه‌ركار بم و ئه‌مه‌ش هه‌لێكی زێڕینه‌ بۆ بره‌ودانی زیاتر به‌ژیانی راهێنه‌ریم كه‌ پاش چه‌ند ساڵێكی تر به‌ته‌واوه‌تی رووی تێده‌كه‌م.

 


created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure