یانەی ئیستقلالی ئێرانی کۆتا دەرفەتی بەبەرگریکارە کوردەکە دا

کوردە پیشەگەرەکان :: 17/06/2019‌ :: 231‌ جار بینراوە
dwarozh


تاگ :: گشتی

دواڕۆژ سپۆرت
ئا: سه‌نگه‌ر زرار


له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی له‌ماوه‌ی دوو رۆژی رابردوودا باس له‌وه‌ ده‌كرا كه‌ به‌رگریكاره‌ كورده‌كه‌ بۆنده‌كه‌ی بۆ ماوه‌ی 1 ساڵ له‌گه‌ڵ یانه‌ی ئیستقلال-ی تاران درێژكردووه‌ته‌وه‌ و ته‌نها له‌سه‌ر بڕی پاره‌كه‌ ماوه‌ بگه‌نه‌ رێككه‌وتنی كۆتایی، كه‌چی به‌هۆی رێك نه‌كه‌وتنه‌وه‌ یانه‌ی ناوبراو ماوه‌ی 24 كاتژمێر مۆڵه‌تی داناوه‌ تا به‌رگریكاره‌كه‌ی دوابڕیاری خۆی به‌ مانه‌وه‌ یان رۆیشتن بدات.


گفتوگۆی نێوان وریا غه‌فوری سنه‌یی و به‌رگریكاری باڵی راستی هه‌ڵبژارده‌ی تۆپی پێی ئێران و یانه‌ی ئیستقلال-ی تاران تا رۆژی 16ی ئه‌م مانگه‌ به‌رده‌وامی هه‌بوو، وه‌ك میدیاكانی وه‌رزشی ئێران باسیان ده‌كرد وریا قایل بووه‌ به‌مانه‌وه‌ له‌یانه‌كه‌ی ئێستای و بۆنده‌كه‌ی درێژبكاته‌وه‌، به‌ڵام ته‌نها كێشه‌ و ناكۆكییان له‌سه‌ر بڕه‌ پاره‌ی بۆنده‌كه‌یه‌ بۆیه‌ نه‌گه‌یشتوونه‌ته‌ رێككه‌وتنی كۆتایی، ئه‌مه‌ش له‌كاتێكدابوو كه‌ یاریزانی ناوبراو له‌لایه‌ن یانه‌كانی سیپاهان ئه‌سفه‌هان و تراكتۆرسازی ته‌برێز-ه‌وه‌ بۆندی پێگه‌یشتبوو، به‌ڵام وه‌ك خۆی پێشووتر رایگه‌یاندبوو تاكه‌ بژارده‌ی یاری كردنی یانه‌ی ئیستقلال تاران-ه‌.


له‌باره‌ی دوایین پێشهاتیشدا سه‌باره‌ت به‌بۆندی وریا و دوو یاریزانی تری یانه‌كه‌، جێگری سه‌رۆكی یانه‌ی ئیستقلال كه‌ سه‌رپه‌رشتی پڕۆسه‌ی هاتن و چوون و گواستنه‌وه‌ و مانه‌وه‌ی یاریزانان ده‌كات، سه‌باره‌ت به‌ وریا غه‌فوری به‌رگریكاری ته‌مه‌ن 31 ساڵ وتی: وریا داوای كردووه‌ بۆ ماوه‌ی 3 ساڵ و به‌بڕی 90 ملیارد تومان بۆندی له‌گه‌ڵدا بكه‌ین له‌گه‌ڵ پێدانی پاداشته‌كانی تری، ئه‌وه‌ی داوای ده‌كات زۆر به‌رزه‌، ئێمه‌ له‌كارگێڕیی یانه‌ی ئیستقلال له‌سه‌ر ئه‌وه‌ رێككه‌وتووین كه‌ هه‌ر یاریزانێك ته‌مه‌نی له‌سه‌روو 30 ساڵه‌وه‌ بێت، ته‌نها بۆ ماوه‌ی 1 ساڵ بۆندی له‌گه‌ڵدا بكه‌ین، هه‌ربۆیه‌ 24 كاتژمێر مۆڵه‌تمان داوه‌تی كه‌ خۆی یه‌كلابكاته‌وه‌ و بڕیاری كۆتایی بدات كه‌ ئایا به‌مه‌رجه‌كانمان قایله‌ یان نا.  


شایه‌نی باسه‌ وریا غه‌فوری به‌رگریكاریی نێوده‌وڵه‌تی كورد كه‌ له‌شاری سنه‌ی رۆژهه‌ڵاتی كوردستان له‌دایكبووه‌، له‌كاروانی یاری كردنیدا بۆ تیمی یانه‌كانی (پاس تاران، پاس هه‌مه‌دان، شاره‌داریی ته‌برێز، نه‌فت تاران، سیپاهان ئه‌سفه‌هان) و دواجاریش یانه‌ی (ئیستقلال تاران) یاری كردووه‌.

 


created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure