ناوه‌ڕاستكاره‌ كورده‌كه‌ی خولی نایابی هۆڵه‌ندا خاوه‌ن زۆرترین پاسی دروسته‌

کوردە پیشەگەرەکان :: پێش 4 هەفتە ‌ :: 170‌ جار بینراوە
dwarozh


تاگ :: گشتی

دواڕۆژ سپۆرت
ئا: سه‌نگه‌ر زرار

ناوه‌ڕاستكاره‌  كورده‌كه‌ی یانه‌ی هیراكلیس ئه‌لمیلۆ و ئه‌لیكسه‌نده‌ر میركل-ی هاوڕێی له‌نێو ئه‌ندامانی تیمه‌كه‌یاندا له‌یارییه‌كانی یانه‌كه‌یاندا له‌خولی نایابی تۆپی پێی یانه‌كانی هۆڵه‌ندا-ی وه‌رزی 2018-2019دا، زۆرترین پاسیان به‌وردی و به‌دروستی داوه‌.
پاش كۆتاییهاتنی یارییه‌كانی خولی نایابی تۆپی پێی یانه‌كانی هۆڵه‌ندا (ئێردیڤیزی)ی وه‌رزی 2018-2019دا، یانه‌ی هیراكلیس ئه‌لمیلۆ كه‌ پله‌ی حه‌وته‌می به‌ 48 خاڵ له‌ 34 یاریدا ده‌سته‌به‌ركرد، له‌لایه‌نی هونه‌ریدا ئامار و داتای له‌سه‌ر یاریزانانی یانه‌كه‌ی بڵاوكرده‌وه‌ و تیایدا محه‌مه‌د عوسمان-ی كوردستاری یانه‌كه‌ و هه‌ڵبژارده‌ی تۆپی پێی سوریا له‌گه‌ڵ ئه‌لیكسه‌نده‌ر میركل-ی هاوڕێی توانیویانه‌ به‌ئاستێكی به‌رز ده‌ربكه‌ون و له‌یارییه‌كانی یانه‌كه‌یاندا له‌خولی نایاب به‌ڕێژه‌ی (85%) زۆرترین پاسیان به‌وردی و به‌دروستی داوه‌ و كاریگه‌ریی خۆیان هه‌بووه‌ له‌سه‌ر ئه‌نجامه‌ باشه‌كانی تیمه‌كه‌یان كه‌ له‌ 10 تیمه‌ یه‌كه‌مه‌كه‌ی ریزبه‌ندی خوله‌كه‌ بن و ببنه‌ خاوه‌ن به‌رزترین رێژه‌ له‌نێو یاریزانانی یانه‌كه‌یاندا. 
یانه‌كه‌ی رۆڵی ئه‌م یاریزانه‌ كورده‌ ته‌مه‌ن 25 ساڵه‌ به‌رزده‌نرخێنێت كه‌ له‌دایكبووی شاری قامیشلۆی رۆژئاوای كوردستانه‌ و له‌وڵاتی هۆڵه‌ندا نیشته‌جێیه‌ و له‌پاڵ ره‌گه‌زنامه‌ی سوری، ره‌گه‌زنامه‌ی هۆڵه‌ندی هه‌یه‌، وه‌رزی 2018-2019 له‌خولی نایابی تۆپی پێی یانه‌كانی هۆڵه‌ندا له‌كۆی 34 یاری یانه‌ی هیراكلیس ئه‌لمیلۆ له‌ 31 یاریدا و 2573 خوله‌ك به‌درێسی ژماره‌ 14 ده‌ركه‌وتووه‌ و توانیویه‌تی 5 گۆڵ تۆمار و 3 گۆڵی تریش ساز بكات و یه‌كێك له‌گۆڵه‌كانیشی له‌یانه‌ی ئه‌جاكس ئه‌مسترام-ی به‌ناوبانگ و پاڵه‌وانی خوله‌كه‌ كردووه‌ كه‌ به‌م تاكه‌ گۆڵه‌ یانه‌كه‌ی بردنه‌وه‌یه‌كی به‌نرخ و مێژوویی ده‌سته‌به‌ركردووه‌.

*ریزبه‌ندی ئه‌و (5) یاریزانه‌ی خاوه‌ن زۆرترین پاسی دروستن:
1-محه‌مه‌د عوسمان/ ناوه‌ڕاستكار (85%)
2-ئه‌لیكسه‌نده‌ر میركل/ ناوه‌ڕاستكار (85%)
3-لێرین دورتی/ ناوه‌ڕاستكار (80%)
4-داریۆ ڤان دینباویس/ به‌رگریكار (79%)
5-ماكسیمیلیان رۆسمان/ به‌رگریكار (78%)


شایه‌نی باسه‌ محه‌مه‌د عوسمان-ی یاریزانی لاوی كورد كۆتایی مانگی حوزه‌یرانی ساڵی 2018 له‌یانه‌ی تیلیستار-ی پله‌ یه‌كدا په‌یوه‌ندی به‌یانه‌ی هیراكلیس-ی پله‌ نایاب كرد و به‌پێی بۆندێك تا كۆتایی مانگی حوزه‌یرانی ساڵی 2020 یاری بۆ یانه‌كه‌ ده‌كات و له‌یه‌كه‌م وه‌رزی یاری كردنیشیدا له‌گه‌ڵ یانه‌ی ناوبراو 36 یاری ئه‌نجامداوه‌، (31 یاری و 5 گۆڵ و 3 ئه‌سێست له‌خولی نایاب) و (2 یاری له‌خولی جامی یانه‌كانی هۆڵه‌ندا) و (2 یاری له‌قۆناغی پلای ئۆفی خولی نایاب بۆ گه‌یشتن به‌ئه‌وروپا لیگ) و (1 یاری سه‌ركه‌وتن بۆ خولی نایاب).

 


created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure